کوردستان

12:09 - 27/05/2020

بەردەوام هاوڵاتیانی سڤیل بوونەتە قوربانی جەنگەكان‌

پەیسەر پرێس

ئەمڕۆ رۆژی بەرەنگاریی كوشتنی خەڵكی مەدەنییە لەكاتی جەنگەكاندا كە ئەنجومەنی ئاسایش لە ساڵی 1999 ەوە بڕیاری لەو بارەیەوە دەكردووەو خستوویەتیە نێو خشتەی كارەكانی خۆی، بەڵام كوشتنی سڤیل و بێچەكەكان بەردەوامە و تا ئێستاش چارەسەر نەكراوە.

 
بە پێی ڕاپۆرتێكی پێگەی ئیرواری ئەمەریكی كە تایبەتمەندی هەیە لە بواری كێشەو ناكۆكیەكانی جیهاندا، هەزاران هاوڵاتیانی سڤیل لە دوای 2014 ەوە كە داعش سەری هەڵداوە بوونەتە قوربانی جەنگی ناوچەكە و ژماریەكی زۆریان بریندار بوون و ئەندامێكی جەستەیان لەدەستداوە یان گیانیان لەدەستداوەو مردوون.

پێگەكە باسی لەوەش كردووە لە میانەی بەدوادا چوونی وردی مەیدانی و سۆشیاڵ میدیاو ڕێگەی كۆكردنەوەی زانیاریی دەركەوتووە كە 119 هەزار كەسی مەدەنی لە هەردوو وڵاتی عێراق و سوریا بەركەوتوون، وابڕیارە بەناوی تەواوی كەسەكانەوە بڵاوی بكاتەوە، ڕاپۆرتەكە باسی لەوەش كردووە ئەو كارە تەنها ژمارەنیەو سەرجەم زانیارییەكانیان لایە لەبارەی كەسەكان و خێزانەكانیان و شوێنی نیشتەجێبوون و ڕەگەز و كارەكانیشیان.

ئامانجی ئەو ڕاپۆرتە ئەوەیە كە سیستەمە سەربازییەكان دەبێت وردتر كارەكانیان بكەن و لە كاتی ئەنجامدانی ئەركی سەربازییدا مەدەنی و سڤیلەكان نەكەنە ئامانج. هەروەها ئەوەشی روونكردووەتەوە قوربانیەكانی ئەو كارە نامرۆڤانەیە هەر ئەوە نیە تەنها كەسێك گیان لەدەست بدات یان بریندار ببێت، بەڵكو كێشەی كۆمەڵایەتی و دەروونی لەسەر كەس و كارو ناوچەكەش دروست دەكات و كاریگەریی بۆ سەر نەوەكانی داهاتووش دەبێت.

بە پێی راپۆرتەكە 22 ڕێكخراوی نێو دەوڵەتی كە كارلەسەر ناكۆكییە نێو دەوڵەتییەكان دەكەن داوایان لە كۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی كردووە كە كاری زیاتربكەن بۆ پارێزگاریی كردنی خەڵكی سڤیل لەكاتی جەنگەكاندا، سەرەڕای ئەوەی  ئەنجومەنی ئاسایش ئەو كارەی خستووتە خشتەی كارەكانی لە ساڵی 1999 ەوە ، بەڵام كوشتنی خەڵكی مەدەنی بەردەوامە.