کوردستان

08:31 - 29/05/2020

داوای پاراستنی پاوان و دارستانە سروشتیەکان دەکرێت‌

پەیسەر

چاوەڕوانی خەلەو خەرمان بۆ جوتیارەكانی كوردستان بەكردنەوەی ئاگرێك سەرجەم خەونەكان لە گۆڕ دەنرێت، فڕێدانی جگەرەیەك یان دەنكە شقارتەیەك لەوانەیە ژیانی چەندین خێزان بخاتە مەترسییەوە، لە ئێستاشدا كە پووش و پاوانی كوردستان و زۆرینەی چیاكانی كوردستان ووشك بوون و لە هەمان كاتیشدا وەرزی چوونە سەیرانگاكان هاتووەتە پێشەوە، بۆیە ئەركی هەمووانە كە هۆشیاری زیاتر لەو بارەیەوە بڵاوبكرێتەوە، چوون ئەوە هەر تەنها جوتیارەكان نین كە زیان دەكەن، بەڵكو ژینگەی كوردستانیش زیانی گەوەری بەردەكەوێت،

 

ڕێكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە كۆمەلێك ڕێنمایی بڵاوكردووەتەوە بە مەبەستی پاراستنی پووش و پاوانی كوردستان ، بەو پێیەی كە ئێستا كاتی كۆكردنەوەی دەخڵ و دانی جوتیارانەو ئەگەری ئاگر كەوتنەوە زۆرەو ساڵانەش دەبێتە هۆی سووتانی بەشێكی زۆری بەرهەمی جوتیاران ، لە ئێستاشدا هەمووان لەخەمی پاراستنی بەرهەمی جوتیاراندان و نایانەوێت بەری ڕەنجی ساڵێكیان بە فیڕۆ بچێت.
ڕێكخراوی ئایندە لە سەرەتای ڕێنماییەكانەوە نوسیویانە
لەرێی ئەو ھاشتاگەوە پشتیوانی بۆ ھەوڵەکان دەرببڕین
 #نابۆسوتاندنی_پاوان_و_دارستانەکان #ڕێکخراوی_ئایندە_بۆ_پاراستنی_ژینگە
ئەمەی خوارەوە دەقی بڵاوكراوەكەی ڕێكخراوەكەیە.

هاوڵاتیانی ئازیز..
وەک هەموو لایەک دەزانین بەهۆی بارانبارینی ئەمساڵەوە زۆرترین پوش و پاوان بونی هەیە، ئەوەش مەترسی زیاتری گڕگرتن و کۆنتڕۆڵی ئاگرەکان قورستر و ئەستەمتر دەکات. بەهۆی زۆری دارستانی خۆڕسک و دەستکرد، لە هەرێمی کوردستاندا، سەرەرای بونی پۆلیسی پاراستنی ژینگە، بەڵام بەهۆی نەبونی بوودجەی باش و ئامێرەکانی ئاگر کوژێنەوە وەکو پێویست ناتوانرێ مەترسییەکان کەمبکرێتەوە. بۆیە پێویستە دڵسۆزانە ڕەچاوی ئەم چەند خاڵانەی لای خوارەوە بکەین
1-لەو شوێنانەی پوش و پاوەنی تێدایە بەهیچ شێوەیەک ئاگر نەکەینەوە، ئەگەر کراشەوە بۆ کاتی پێویستی یەکسەر بکوژێنرێتەوە.
2-بەهیچ شێوەیەک شوشەی بەتاڵ و مادە زەڕەبینییەکان لەو شوێنانە فڕێنەدرێن، لەکاتی گەرمادا دەبنە هۆکاری ئاگر کەوتنەوە.
3-لەکاتی بینینی هەر ئاگرێک دەکرێ ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ژمارە، 115 بکەین بۆ ئەوەی تیمی تایبەت ڕەوانەی شوێنەکە بکەن.
4-پێویستە پێش گەیشتنی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە خەڵکی سنورەکە خۆشیان بەشێک بن لە کۆنتڕۆڵکردنەی ئاگرەکە.
5-پێویستە مامۆستایانی ئاینی لایەنی کەم هەفتانە چەند خولەکێک تەرخان بکەن بۆ ئەم بابەتە و هاوڵاتیانی لێ ئاگادار بکەنەوە .
6-پێویستە دەزگاکانی ڕاگەیاندن چەندین بەرنامە و بەدواداچون و هۆشیاری تایبەت لەسەر ئاگر و مەترسییەکانی بڵاو بکەنەوە.
7-خاڵێکی دیکە ھۆشیاری تاکەکانی کۆمەڵگەیە ، ڕاستە ناتوانین بەرەنگاری ڕوداوی سروشتی ببینەوە ، بەڵام دەبێ تاکەکانی کۆمەڵگە لەڕێی دەزگای ڕاگەیاندن و ڕێکخراوەکانەوە ھۆشیار بکرێنەوە لە پاراستنی سامانی ژینگەو سروشتی کوردستان و لەناونەچونی پووش و پاوان.
8-دڵنیابن بەهۆی ئاگر کەوتنەوەوە هەزاران باڵندە و ئاژەڵ زیانیان بەردەکەوێت، بەشێکی زۆریشیان بەو هۆیەوە لەناو دەچن.
9-بەداخەوە لە ماوەی ڕابردوودا، چەندین کارمەندی ئاگرکوژێنەوەو و پاراستنی ژینگە بریندار بوون و گیانیان لەدەستدا. بۆیە وەکو ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە داوا دەکەین یاسای ژمارە 10 ی ساڵی2012 دارستان ئەکتیڤ بکرێت و کاری پێبکرێت

ڕێنمایی یەکانی خۆپاراستن لە ئاگرکەوتنەوە وڕێگە لێگرتنی لەناو دارستانەکانەکان بەپێ ی یاسای دارستان ژمارە (١٠) ی ساڵی ٢٠١٢ ماددەی بیستەم بەم شێویەی خوارەوەیە
1-ھەڵگرتن وئاگرکردنەوە لەنێو سنووری دارستانەکان ودەوروبەری بەدرێژایی ٢٠٠ مەتر لەسنوورەکانی یەوە قەدەغەیە
2-نابێت ھیچ جۆرە دەزگایەکی پیشەسازی یان دامەزراوەیەک کە ئاگر یان ماددەی تیشکدەر بەکار دێنێت لەناو دارستانەکان یان کەمتر لە٥٠٠ مەتر لەسنووری دارستانەکان دروست بکرێت.
3-ئەگەر ھەر کەس ولایەنێک بیەوێت ئاگر بکاتەوە لە ناو دارستانەکان دەبێت مۆڵەت لەلایەنی بەرپرس لەپارستنی دارستانەکان وەربگرێت.

سزاکان بەسەر لایەنی بەرپرس لەئاگر کەوتنەوە لەناو دارستانەکان بەپێ ی یاسای دارستان (ماددەی بیست ویەک)
1-سزا دەدرێت بەبەندکردن بۆماوەیەک لەشەش مانگ کەمتر نەبێت وە غەرامەیەک کەلە ٥ ملیۆن دینار کەمتر نەبێت ھەر کەسێک ھەڵسا بە ئەنقەست بوو بەھۆی ئاگرکەوتنەوە یان ئاگر تێبەردانی دارستان وزەویی یە دارستاناویی یەکان پارێزراوەکان وناوچەکانی خۆپارێزی ولەوەڕگاکان. .
2-سزا دەدرێت بەبەندکردن بۆ ماوەیەک لە٣ مانگ زیاتر نەبێت وبەغەرامەیەک کەلە ٥٠٠٠٠٠ پێنج سەدھەزار دینار کەمتر نەبێت ھەر کەسێک ,بەھەڵەکردن یان سرپێچیکردنی حوکمەکانی ئەم یاسایە یان ڕێنمایی یە دەرکراوەکان,ببێتە ھۆی ڕوودانی ئاگرکەوتنەوە لەناو دارستانەکان.....یان خۆی بگرێت لە پێشکەشکردنی یارمەتی بۆ کوژاندنەوەی ئاگرێک کە کەوتبێتەوە لە ناو دارستان یان پارێزراوەکان,یان بەپێ پاساو یارمەتیدان ڕەتبکاتەوە.