کوردستان

03:30 - 30/12/2018

یەكێتی ترسی لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی پێكهێنانی كابینەی پێشوو هەیە‌

پەیسەر

باڵی بنەماڵەی تاڵەبانی ترسیان لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆكانی كابینەی پێشووی لە كابینەی نۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیە و بۆ ئەو مەبەستە داوای كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانیان لەیەكەم رۆژی ساڵی نوێ كردووە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی پەیسەرپرێس كەوتووە، بنەماڵەی تاڵەبانی داوای كۆبوونەوەیان كردووە لە یەكەم رۆژی سەری ساڵی نوێ، بەڵام بە پێی زانیارییەكانی سەرچاوەكە پێناچێت كۆسرەت رەسوڵ عەلی كە رابەرایەتی باڵی بەرامبەر دەكات بەو داوایە رازی بێت.

سەرچاوەكەی پەیسەر، ئاماژەی بەوەكرد ماڵی تاڵەبانی بە ئەندامانی مەكتەبی سیاسیان راگەیاندووە، ترس هەیە سیناریۆی ساڵی 2014ی پێكهێنانی كابینەی هەشتەم دووبارەبێتەوە كە تێیدا بزوتنەوەی گۆران و پارتی لەسەر پێكهێنانی حكومەت رێككەوتن و پۆستەكانی یەكێتیش بە بەتاڵی هێڵدرایەوە.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: ترسی ئێستای بنەماڵەی تاڵەبانی ئەوەیە لەدوای سەری ساڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، چیتر چاوەڕێی یەكێتی نەكات و كابینەی حكومەت لەگەڵ گۆران و چەند لایەنێكی تر پێكبهێنێت و چەند پۆستێكیش وەك پشكی یەكێتی بەبەتاڵی بهێڵێتەوە.

سەبارەت بەدیاریكردنی رۆژی سەری ساڵیش بۆ كۆبونەوە سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەكرد، دەیانەوێت لەو رێگەیەوە پەیامێك ئاراستەی دەنگدەرانیان بكەن كە پێگەی حزبەكەیان و چاوەڕوانی ئەوان لەیەكێتی لە ئاهەنگ و خۆشی سەری ساڵی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی گرنگترە، و هەروەها پەیامێك ئاراستەی نەیارەكانی حزبەكەشیان بكەن كە بەیەك ریزی دەیانەوێت شان بدەنە بەر ئەو بەرپرسیاریەتیە.

بەپێی زانیاریەكانی سەرچاوەكە تائێستا كۆسرەت رەسوڵ عەلی وەڵامی ئەو داواكاریەی نەداوەتەوە و پێناچێت بەشداری بكات.