کوردستان

05:42 - 30/12/2018

یەكێتی پێشنیازێك له‌باره‌ی پۆستی سه‌رۆك كۆمار بۆ پارتی ده‌كات‌

پەیسەر

یەكێتی نیشتمانی كوردستان پێشنیازێكی نوێی داوەتە پارتی دیموكراتی دیموكراتی كوردستان، بە پێی پێشنیارەكەش یەكێتی دەیەوێت پۆستی سەرۆك كۆمار دوو ساڵ بداتە پارتی.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگاداری ناو پارتی دراوە بە پەیسەر پرێس، لەمیانی گفتوگۆ نافەرمییەكانی نێوان هەردوو حیزب، یەكێتی ئەو پێشنیازەی بۆ پارتی كردووە، كە پۆستی سەرۆك كۆمار دوو ساڵ بە دوو ساڵ بەڕێوە ببەن.
هەر بەپێی زانیارییەكان، یەكێتی چەند ئامانجێكی لەو پێشنیازە هەیە، كە گرنگترین ئامانجی ئەوەیە، پارتی بەو داواكارییانەی رازی بێت، كە بۆ پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیەتی.
هەروەها زانیارییەكان باس لەوە دەكەن، كە ئامانجێكی تری یەكێتی ئەوەیە، نیگەرانییەكانی پارتی دیموكرات لەپرسی سەرۆك كۆمار بڕەوێنێتەوەو دەستبەرداری ئەو هەوڵانەی بێت، كە وەك تۆڵەكردنەوە بۆ یەكێتی دەیدا.
مانگی 10ی رابردوو پارتی‌و یەكێتی لەپرسی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار چوونە كێبڕكێیەكەوە، بەوەی دوو كەسیان بەجیا بۆ سەرۆك كۆماری عێراق كاندید كردو ئەنجام بەرهەم ساڵحی كاندیدی یەكێتی كێبڕكێكەی بردەوە.
ئەو هەنگاوە پارتی نیگەران كرد، بۆیە لەو كاتەوە لەهەوڵدایە تۆڵە لەیەكێتی بكاتەوەو یەكێك لەو وێستگانەشی دەیەوێت تۆڵەی تێدا بكاتەوە پێكهێنانی حكومەتی هەرێمە، بەوەی ناچێتە ژێر باری داواكاری یەكێتی لەپرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم.