کوردستان

05:14 - 14/06/2020

ئەوانەی گیریان خواردووە دەتوانن بگەڕێنەوە، بەڵام بەمەرج‌

پەیسەر پرێس

هەرێمی كوردستان و ئێران لە پەیوەندییەكی بەردەوامی بازرگانی و كۆمەڵایەتیدان، تا ڤایرۆسی كۆرۆنا نەگەشتبووە بەرەوە هاتووچۆ ئاسایی بوو، بەڵام كاتێك ڤایرۆسەكە لە ئێران بە خێرایی گەشەی كرد، ئیتر ئەو پەیوەندییەش كێشەی تێكەوت، بەجۆرێك ژمارەیەك هاوڵاتی زۆر لە هەردوو بەرەوە گیریان خوارد، بەشێك لەوانە لەكاتی مۆڵەتی یاساییدا گەڕانەوەو ژمارەیەكیشان تا ئێستاش نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان، سەركۆنسوڵگەری ئێرانیش لە سلێمانی دەڵێت هەفتەی دوو رۆژ دەتوانن سەردان بكەن و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم كار ئاسانییان بۆ دەكەین و دەتوانن بگەڕێنەوە..

هه‌ر له‌سه‌رتاى بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى كۆرۆنا له‌وڵاتانى جیهان و به‌تایبه‌تیش له‌ وڵاتى ئێران لەسەرەتای ساڵی 2020 ەوە ، مه‌ترسیه‌كى زۆر له‌سه‌ر ته‌ندروستى هاوڵاتیانی هەموو جیهان دروست بوو ، بەتایبەتی ئەوانەیان كە پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ وڵاتی چین هەبوو ، دواجار لە وڵاتی ئێرانەوە لەناكاو ڤایرۆسەكە سەری هەڵداو بەخێرایی تەشەنەی كرد،  بۆیه‌ وڵاتانى دراوسێى ئێران به‌تایبه‌تیش عێراق و هه‌رێمى كوردستان، ڕێوشیوێنى توندى ئه‌منى و ته‌ندروستیان گرتنه‌به‌ر، بۆ ئەوەی ئەو ڤایرۆسە كۆنترۆڵ بكرێت و نەپەڕێتەوە بۆ ناوچەكانی ئەوانیش، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا حكومه‌تى هه‌رێم ڕێگه‌ى نه‌دا به‌ هیچ هاوڵاتیه‌كى ئێران ڕوو له‌ خاكه‌كه‌ى بكات و ئه‌و هاوڵاتیانه‌شى كه‌ خه‌ڵكى عێراق و هه‌رێمى كوردستان بوون و له‌ وڵاتى ئێران مابوونه‌وه‌، به‌پێى ڕێنماییه‌ ته‌ندروستیه‌كانى هه‌رێم ده‌بوو له‌ماوه‌ى 14 ڕۆژدا كه‌ره‌نتینه‌ بكرێت و پشكنینى پزیشكیان بۆ ئه‌نجام بدرێت تا دڵنیاببنه‌وه‌ له‌وه‌ى كه‌ هه‌ڵگرى ڤایرۆسى كۆرۆنا نین، ئه‌كات به‌پێى ڕێنماییه‌ ته‌ندروستیه‌كان ده‌نێردرانه‌وه‌ بۆ ماڵه‌كانى خۆیان.، هەرچەندە ژمارەیەكی زۆر بە هۆكاریی جیاواز نەیانتوانی بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان.

 له‌ درێژه‌ى ئه‌م هه‌وڵانه‌ و كۆتایى نه‌هاتن به‌ ڤایرۆسه‌كه‌، تاكو ئێستاش ئه‌و ڕێكارانه‌ى كه‌ حكومه‌تى هه‌رێم گرتونیه‌ته‌ به‌ر به‌رده‌وامى هه‌یه، هەرچەندە تا ڕادەیەك كار ئاسانی دەكرێت، بەڵام هێشتا بە تەواوی ڕەوشەكە ئاسایی نەبووەتەوە‌.
لە لا‌یه‌كى تریشه‌وه‌ كێشه‌ و گرفتى مانه‌وه‌ بۆ ژماره‌یه‌كى به‌رچاو له‌ هاوڵاتى هه‌رێم دروست بووه‌ له‌ وڵاتى ئێران، لە هەمان كاتیشدا بۆ ئەو هاوڵاتیانەش كە ئێرانی یان خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستانن هەر ڕاستە، به‌تایبه‌تیش ئه‌و خوێندكارانه‌ى كه‌ پێش بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى كۆرۆنا له‌ ئێران سه‌رقاڵى خوێندنى ماسته‌ر و دكتۆرا بوون.  

"مه‌هدى شوشته‌رى" سه‌ركونسوڵگه‌رى ئێران له‌ شارى سلێمانى تایبەت بە پەیسەر پرێسی  ڕاگه‌یاندووە: گه‌ڕانه‌وه‌ى هاوڵاتیانى هه‌ردوولا بۆ خاكه‌كه‌ى خۆیان هیچ كێشه‌یه‌ك له‌ئارادا نیه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ماوه‌ى بۆ دیارى كراوه‌ به‌جۆرێك ڕۆژانى دوو شه‌ممه‌ و پێنج شه‌ممه‌ دەت‌وانن، به‌ڕه‌زامه‌ندنى هه‌ردوولا واته‌ هه‌م حكومه‌تى هه‌رێم و هه‌میش حكومه‌تى ئێران بگه‌ڕێنه‌وه‌، شوشته‌رى ئه‌وه‌شى ڕاگه‌یاند: تا ڤایرۆسى كۆرۆنا له‌ناو نه‌چێت هیچ بڕیارێكى نوێ نیه‌ بۆ هاتوچۆى گه‌شتیارى له‌ مه‌رزه‌كانى نێوان هه‌رێم و ئێران.

قسه‌كانى سه‌ركونسوڵگه‌رى ئێران له‌ شارى سلێمانى، له‌كاتێكدایه‌ له‌ وڵاتى ئێران و به‌تایبه‌تیش ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان له‌م كاته‌دا ڤایرۆسه‌كه‌ ته‌شه‌نه‌ى سه‌ندووه‌ و خه‌رجى هه‌ر نه‌خۆشێكى توشبووى ڤایرۆسى كۆرۆنا له‌ شارى سنه‌، نزیكه‌ى 4 ملیۆن بۆ 5 ملیۆن تمه‌نه‌و بۆ ئێستەی ئێران و هاوڵاتیانی ئەو وڵاتەش زۆر دەكەوێتەوە لەبەر ئەوەی جگە لەوەی كۆرۆنا زیانی گەورەی ئابووری لە هەموو جیهانیش داوە، ئێران لەژێر كاریگەری سزا ئابوورییەكانی ئەمەریكادایەو دۆخی ئابووری وەك پێویست نیە، بۆیە ئەو بڕە تێچووە بۆ نەخۆشییەكی وەك كۆرۆنا زۆر قورس لەسەر هاوڵاتیان دەكەوێت، هەرچەندە بۆ ئه‌و نه‌خۆشانه‌ى كه‌ بیمه‌یان هه‌یه‌ سه‌دا 10 خه‌رجیه‌كه‌یان لێوه‌رده‌گرن، وه‌ بۆ ئه‌وانه‌شى كه‌ له‌ڕووى داراییه‌وه‌ گوزه‌رانیان باش نیه‌، ئه‌وه‌ بێ به‌رامبه‌ر چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن. "
ئومێد" یه‌كێك له‌و هاوڵاتیانه‌ى كه‌ خه‌ڵكى وڵاتى ئێرانه‌ و له‌ شارى سلێمانى بۆ كاركردن نیشته‌جێ بووه‌، له‌ئێستادا له‌ شارى سلێمانى گیری خواردووه‌ تواناى گه‌ڕانه‌وه‌ نیه‌ به‌هۆى ئه‌و ڕێكارانه‌ى كه‌ گیراونه‌ته‌به‌ر، سه‌باره‌ت به‌دۆخى خۆى بۆ پەیسەر پرێس گوتى: به‌هۆى ئه‌وه‌ى ماوه‌یه‌كه‌ به‌هۆى ئه‌م ڤایرۆسه‌وه‌ گیرمان خواردووه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له‌ هاوڕێكانم، بارى ڕۆحى و گوزه‌رانیشمان زۆر باش نیه‌، داوا ده‌كه‌ین حكومه‌تى هه‌ردوولا بێن به‌هانامانه‌وه‌، وه‌ له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا ترسى له‌ده‌ستدانى كاره‌كه‌شمان هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر بێتوو ئێره‌ به‌جێ بهێڵین.چوونكە هیچ گرەنتییەك نییە تا كاتی گەڕانەوەمان كارە نیوەناچڵەكەمان نەدرێتە كەسێكی دیكەو بەو هۆیەشەوە ئەوەی كە كردوومانە لەدەستمان بچێت.

عه‌باس خالیدى یه‌كێك له‌ كارمه‌ندانى مه‌رزى باشماخی نێو دەوڵەتی كە دەكەوێتە قەزای پێنجوێنی سەر پارێزگای سلێمانی و هاوسنوورە لەگەڵ شاری مەریوانی رۆژهەڵاتی كوردستان ڕایگه‌یاند: تا ئه‌م ڕه‌وشه‌ى كۆرۆنا وابێت هاتوچۆكردنى هاوڵاتیان به‌م جۆره‌ ده‌بێت كه‌ده‌بێت له‌سه‌ر ڕه‌زامه‌ندنى هه‌ردوو حكومه‌ت له‌ڕێگه‌ى نوێنه‌راكانى كونسوڵگه‌رى و نوێنه‌رایه‌تیه‌وه‌ ڕه‌زامه‌ندى وه‌ربگرن تا بتوانن ئه‌و كه‌سانه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ شوێنى خۆیان.

ڕێگریى كردن له‌ هاتوچۆى هاوڵاتیان له‌ڕێگه‌ى مه‌رزه‌كانه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌، ئاڵوگۆڕى بازرگانى به‌رده‌وامه‌ له‌نێوان هه‌ردوو وڵاتدا.، ئەوەش بووەتە جێگەی نیگەرانی بەشێك لە هاوڵاتیان و پێیان وایە ئەوە یەكێكە لە هۆكارەكانی دووبارە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە لە هەرێمی كوردستان، هەرچەندە لایەنی پەیوەندیداری هەرێمی كوردستان رێ و شوێنی خۆپارێزییشیان ئەنجام داوە، بەڵام نەبووەتە هۆی ڕێگریی تەواوەتی لە بڵاونەبوونەوەی ڤایرۆسەكە.

ئه‌گه‌رچى تاكو ئێستا ژماره‌یه‌ك له‌ هاوڵاتى هه‌رێم و وڵاتى ئێرانیش له‌هه‌ردوولا گیریان خواردووه‌ و كێشه‌ى گه‌ڕانه‌وه‌یان هه‌یه‌ بۆ ناوچه‌كانى خۆیان، به‌ڵام له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا به‌رده‌وامه‌ مه‌ترسیه‌كانى بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى كۆرۆنا به‌رده‌وامى هه‌یه‌ و ڕۆژانه‌ ئاماره‌كانى توشبوو به‌و ڤایرۆسه‌ ڕوو له‌به‌رزبوونه‌وه‌ ده‌كات.