کوردستان

10:50 - 23/06/2020

پەیسەرپرێس ناوەرۆكی سەردانی وەفدی هەرێم بۆ بەغداد ئاشكرا دەكات‌

پەیسەر پرێس

 

بۆ تاوتوێكردنی پرسی نەوت و بەشەبودجە و داهاتەكانی ناوخۆ، وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغداد دەكات.

بەپێی زانیارییەكانی پەیسەرپرێس، وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلایەن قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانەوە سەرۆكایەتی دەكرێت و دەسەڵاتیشی دراوەتێ‌ كە رێككەوتن واژۆ بكات.

هەر بەپێی زانیارییەكانی پەیسەرپرێس، لە سەردانەكەی ئەمرۆیاندا بۆ بەغداد، وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان جگە لە دۆسێی نەوت و بودجە، دۆسێی داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنوورییەكانیش لەگەڵ حكومەتی ناوەندی تاوتوێ‌ دەكەن.

ئەم سەردانەی وەفدی هەرێمی كوردستان لە كاتێكدایە، وەك رێگەخۆشكردنێك بۆ سەردانەكە، لە چەند رۆژی رابردوودا سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جێگرەكانی سەردانی بەغدایان كرد و دوێنێش سەرۆكی حكومەت لەگەڵ تیمی دانوستانكاردا كۆبووەوە و بەپێی زانیارییەكان لەو كۆبوونەوەیەدا كە بەشێوەی ئۆنلاین ئەنجامدراوە، دەسەڵاتی رێككەوتنەكان و واژۆكردنیان دراوە بە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان.