کوردستان

03:45 - 28/06/2020

هەفتەیەكی سیاسی گەرم لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەدەچێ‌

پەیسەر پرێس

هەرێمی كوردستان ژمارەیەك كۆبوونەوەی سیاسی لە ئاستی بەرزدا بەخۆیەوە دەبینێت و بەپێی زانیارییەكانیش بزوتنەوەی گۆڕان كارنامەیەكی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەكان ئامادەكردووە بە مەبەستی كۆكردنەوەی پشتیوانی زیاتر و دەستپێكردنی پرۆسەی چاكسازی لە هەرێمی كوردستان.

بەپێی میدیاكانی بزوتنەوەی گۆڕان، ئەمڕۆ یەكشەممە رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان و وەفدێك لە خانەی راپەراندنی ئەو بزوتنەوەیە سەردانی ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و مەكتەبی سیاسی ئەو حزبەیان كردووە و لە كۆبوونەوشدا جەخت كراوەتەوە لەسەر گەڵاڵەكردنی هەڵوێستێكی هاوبەش بۆ ئەنجامدانی چاكسازی لە هەرێمی كوردستان.

هاوكات بەپێی زانیارییەكانی پەیسەرپرێس، بڕیارە سبەینێ‌ دووشەممە وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان دوو كۆبوونەوە لەگەڵ مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان ئەنجام بدات، هاوكات بڕیارە رۆژی چوارشەممە بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆببنەوە.

دلێر عەبدولخالق، رێكخەری ژووری رۆژنامەوانی بزوتنەوەی گۆڕان زانیاریەكانی بۆ پەیسەرپرێس پشتڕاستكردەوە  و  رایگەیاند، بزوتنەوەی گۆڕان لەچوارچێوەی خەمخۆری و زەرورەتی ئەنجامدانی چاكسازی لە هەرێمی كوردستان، لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییە كاریگەرەكانی هەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە.

بە وتەی رێكخەری ژووری رۆژنامەوانی، ئەوان هەر لە سەرەتای پێكهێنانی ئەم حكومەتەوە بۆ ئەنجامدانی چاكسازی بەشداری كابینەكەیان كردووە و لە ئێستاشدا كە ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان لەوپەڕی خراپیدایە و ناتوانرێت مووچە لەكاتی خۆیدا دابەشبكرێت، سەلمێنەری ئەو راستییەن كە هەرێمی كوردستان لە هەمووكات زیاتر پێویستی بە ئەنجامدانی چاكسازییە بە ئامانجی تێپەڕاندنی دۆخەكە.

كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لەكاتێكدایە كە وەفدی حكومەتی هەرێم لەماوەی رابردوودا چەند سەردانێكی بۆ بەغدا و كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی ناوەندی ئەنجامداوە و لە ئێستاشدا بڕیارە جارێكی دیكە وەفدی هەرێم بگەڕێتەوە بۆ بەغداد، بەپێی زانیارییەكانی پەیسەرپرێس، لە كۆبوونەوە سیاسییەكانی لایەنەكانی هەرێمی كوردستاندا پرسی رێككەوتن و رێكنەكەوتن لەگەڵ بەغداد تەوەرێكی سەرەكی گفتوگۆكان دەبێت.