کوردستان

06:21 - 05/07/2020

ئاسانترین دۆسیەی چاكسازیی گەڕاندنەوەی زەوییە بەخشراوەكانە‌

پەیسەر

عەلی حەمە ساڵح لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بایەتێكی خستووەتە بەردەست كە تیایدا دەڵێت: چەندین ساڵە ڕوبەرێکی زۆر لە زەوی لەسەرجەم شارە جیاوازەکانی کوردستان دراوە بە چەند کەسێک، بە ناوی وەبەرھێنان، بەھاکەیان چەندین ملیار دۆلارە، بەبێ ئەوەی کاری تێدا بکرێت بە مەتر دەفرۆشێتەوە بۆ خزمەتی چەند کەسێک!! وەك ئەو باسی دەگات بەشی 7 مانگ مووچە دەكات!

عەلی حەمە سالح  سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیس بووك  بابەتێكی بڵاوكردووەتەوە تیایدا ئاماژەی بە چەند پارچە زەوییەكی گرنگ كردووە لەناو شاری هەولێردا كە بە گەڕاندنەوەی ئەو زەوییانە مووچەی 7 مانگی هەموو فەرمانبەرانی كوردستان دابیندەكات :

دەقی نوسراوەكە:
 بۆ بەرپرسانی حکومەت
تەنیا ئەم زەویە موچەی حەوت مانگ دابیندەکرێت
ئەم دۆسیەیە ئەنجامی چەندین مانگ بەدواداچونە...
لە کۆبونەوەم لەگەڵ بەرپرسانی حکومەت لە بەدواداچونی پەرلەمانی؛ کارم لەسەر ئەم دۆسیە گرنگە کردوە، پاش چەندین مانگ دەمەوێت لێرەوە ڕابگەیەنم، بەھیوای ئەوەی ڕایگشتی دروست بکات و کاری لەسەر بکرێت.

ئاسانترین دۆسیەیە بۆ چاکسازی، لەدەستدەرنەچوەو پشتیوانی یاسایی ھەیە! پارەیەکی ئێجگار زۆر دەگەڕێتەوە خەزێنەی گشتی!

چەندین ساڵە ڕوبەرێکی زۆر لە زەوی لەسەرجەم شارە جیاوازەکانی کوردستان دراوە بە چەند کەسێک، بە ناوی وەبەرھێنان، بەھاکەیان چەندین ملیار دۆلارە، بەبێ ئەوەی کاری تێدا بکرێت بە مەتر دەفرۆشێتەوە بۆ خزمەتی چەند کەسێک!!

بەپێی یاسای وەبەرھێنان زەویەک لە وادەی یاسای بۆ مەبەستی دیاریکراو کاری تێدا نەکرا، وەردەگیرێتەوە.

لەسەرتاسەری کوردستان ئەم گرفتە ھەیە، لێرەدا بە چوار نمونە دەتوانین زیاتر لە شەش ملیار دۆلار بۆ حکومەت کۆبکەینەوە.

یەک :
‎زیاتر له‌ ١٣ ملیۆن مه‌تر زه‌وی، به‌ناوی پرۆژه‌ی یارگای گۆڵف له‌ شوێنێکی نایابی هه‌ولێردا سیمکراوه‌، بەپێی گوتەی ئەوانەی لە بواری زەوی و زار کاردەکەن، بەھای زەویەکە زیاتر لە چوار ملیار دۆلارە.
-ئەم زەویە گەورەترین پارچە زەوی ناو شارە مابێتەوە.

‎شوێنی زەویەکه‌:
‎لە دوای نەخۆشخانەی نەرۆز لە سەرجادەی ١٠ کیلۆمەتری بەحرکە، ھەتا پردی ١٢٠ مەتری چواڕیانی ئەتکۆنستی تاوەکو بەرامبەر ئیتاڵی ٢ ، سیم کراوە...

ئایا لە کوردستاندا چوار یاریزانی گۆڵف ھەیە، ئەو زەویە باشەی پێبدرێت؟ بەدڵنیایی یارگای گۆڵف دروستناکرێت و مەتر مەتر دەفرۆشرێت!

بۆیە پێویستە حکومەت ئەم زەویە بکات شارێکی ھاوچەرخ و خۆی زەویەکان بفرۆشێت!

دوو: لە ساڵی ٢٠١٣ ەوە، ھەزار دۆنم زەوی تەرخانکراوە بۆ کەسێک بیکاتە شاری پیشەسازی لە پارێزگای سلێمانی نزیک عەربەت، مەتر مەتری بکات و بیفرۆشێت!!! ئێستا ئەم زەویە وەک خۆی ماوە حکومەت دەتوانێت خزمەتگوزاری بۆ ببتات و شارێکی پیشەسازی ھاوچەرخ دروستبکات و بایی سەدان ملیۆن دۆلار بفرۆشێت...

سێ: شاری خەونەکان لە ھەولێر، بە بەھا ترین زەویە لە عێراق و یەک ملیۆن مەتر دووجایە، زیاتر لە ١٥ ساڵە دراوە بە کەسێک و تاوەکو ئێستا مەتر مەتر، نزیکەی بە بەھای یەک ملیار دۆلار زەوی لێفرۆشتوە، نیوەی ئەم زەویە ماوەتەوە نەفرۆشراوە، بەھای ٢٠٠ مەتر زەوی لەم جێگایە ٣٠٠ ھەزار دۆلارە، حکومەت دەتوانێت وەریبگرێتەوەو بە ماستەر پلانێکی شایستە بەبەھای یەک ملیار دۆلار زەوی تێدا بفرۆشێت!

چوار: لە باشترین شوێنی سلێمانیدا ٦٢٢ دۆنم تەرخانکراوە بۆ زانکۆی ئەمریکی، دەھێندەی ڕوبەری زانکۆی سلێمانیە، بۆ زانکۆی ئەمریکی ٢٢ دۆنم بەکارنەھێندراوە، ئەوی دیکە تەنیا دیوارێک بە چوارلای پرۆژەکەدا کراوە، بەم زەویە حکومەت دەتوانێت شارێکی ھاوچەرخی بازرگانی و نیشتەجێبون دروسبکات و زیاتر لە ٦٠٠ ملیۆن دۆلاری دەستبکەوێت.

بەدواداچونم بۆ دەیان پارچە زەوی ھاوشێوە کردوە لە گەرمیانەوە بۆ دھۆک، لە بری ئەوەی چەندکەسێک بکاتە ملیاردێر، حکومەت دەتوانێت بە ماستەر پلانێکی شایستە چەندین ملیار دۆلار دەستبخات و سیمایەکی جوانیش بداتە شارەکان...

ئەگەر حکومەتی ھەرێم لەگەڵ عێراق ڕێککەوت و ئەو بڕیارانەی چاکسازی جێبەجێکراو ( موچەی نایاسای، نەوت، خاڵی سنوری، باج) گرفتی موچەش چارەسەر بوو، بەدڵنیاییی بەھای ئەم زەویانە زۆر بەرز دەبێتەوەو حکومەت سەروی ١٠ ملیار دۆلاری دەکەوێتە دەست و داھاتیش بەردەوام دەبێت و دەتواندرێت بۆ بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابوری و خزمەتگوزاری کوردستان بەکاربێت.

بەھیوام ئەوانەی لە خەمی خاک و خەڵکی کوردستاندان پشتیوانبن..