کوردستان

01:26 - 01/01/2019

ململانێی نێچیرڤان بارزانی مه‌سرور بارزانی له‌سه‌ر سولفه‌كه‌ی به‌غدا و موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران‌

پەیسەر

مه‌سرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی له‌سه‌ر ره‌وانه‌كردنی بڕی 951 ملیار دیناره‌ی عێراق ناكۆكن، مه‌سرور بارزانی له‌ رێی فواد حسێنه‌وه‌ نایه‌وێت به‌ یه‌ك گوژم ئه‌و پاره‌ بدرێته‌ كابینه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، دوای ئەوەی وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم لەسەرەتای مانگی رابردوو بەنوسراوی فەرمی داوای لەبەغداد كرد 951 ملیار دینار كه‌ وەك سولفه‌ی سێ مانگی هه‌رێمه‌ رەوانەی هه‌ولێر بكات، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق پەیوەندی بەحەیدەرعەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشوەوە كردووە و داوای ڕوونكردنەوەی دەربارەی 317 ملیار دینارەكەی هەرێمی لێكردووە.

زانیارییه‌كان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ده‌كه‌ن، حەیدەرعەبادی لەوەڵامی سەرۆك وەزیراندا رایگەیاندووە رێككەوتنێكی بە سەرپەرشتی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەعێراق لەگەڵ حكومەتی هەرێم هەبووە، بۆ ئەوەی مانگانە 317 ملیار دینار رەوانەی هەرێم بكەن، بۆیە ئەو 951 ملیار دینارەی هەرێم داوای دەكات مافی خۆیەتی، چونكە رێككەوتنەكە بۆماوەی یەك ساڵ بووە.

سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت: عادل عەبدولمەهدی فوادحوسێنی ئاگاداركردۆتەوە كە رازیە 951 ملیار دینارەكە بۆ هەرێم رەوانە بكات بۆ ئەمەش نێچیرڤان بارزانی هەوڵەكانی چڕكردۆتەوە بۆ ئەوەی یەك تریلیۆن و 268 ملیار دینار بەسەریەكەوە وەك پشكی هەرێم بۆ سێ مانگی ساڵی رابردوو و مانگی یەكی ئەم ساڵ وەربگرێت و لەگەڵ داهاتی نەوت و ناوخۆ سێ موچەی فەرمانبەران دابەش بكات.

سەرچاوەكە دەڵێت: نێچیرڤان بارزانی پێی وایە تا مانگی نەورۆزی داهاتوو كابینەی حكومەت پێكنایەت بۆئەمەش دەیەوێت كۆتایی كابینەكەی بەدابەشكردنی موچە قەرزەكان بێت.

لەبەرامبەردا مەسرور بارزانی و دەیەوێت ئەو 951 ملیار دینارە لەكابینەكەی خۆی بهێندرێتەوە هەرێم بۆ ئەوەی پاشەكەوتی موچەی نەمێنێت و فواد حوسێنیش لەمەسرور بارزانیەوە نزیكە بۆیە پشتیوانی پلانەكەی دەكات..
لەمانگی ئازاری ساڵی رابردووەوە حكومەتی بەغداد مانگانە 317 ملیار دینار رەوانەی هەرێم دەكات، بەهۆی ئەوەی لەساڵی رابردوودا 9 جار ئەو پارەی ناردووە حكومەتی هەرێم داوای سێ مانگەكەی تریش دەكات.