کوردستان

03:15 - 03/08/2020

بەغداد جەژنانە دەنێرێت بەڵام هەرێمی كوردستان دابەشی ناكات و دەیەوێت مووچەی پێ دابینبكات‌

پەیسەر

حكومەتی عێراق بڕێك پارە رەوانەی هەرێمی كوردستان دەكات تا وەك جەژنانە بدرێت بە فەرمانبەرانی فەرمانگە ئیتیحادییەكان، بەڵام دەسەڵاتدرانی هەرێمی كوردستان دابەشی ناكەن و دەیانەوێت لەگەڵ بڕێك پارەی دیكەدا بەشێك مووچەی پێ‌ تەواو بكەن.

بەپێی زانیارییەكانی پەیسەرپرێس، حكومەتی عێراق لە چوارچێوەی پێدانی جەژنانە بە مووچەخۆران، بڕیاریداوە بڕێك پارەی جەژنانەش بۆ فەرمانبەرانی ئیتیحادی لە هەرێمی كوردستان رەوانە بكات.

هەر بەپێی زانیارییەكان بڕیارە لە رۆژی 9ی ئەم مانگە پارەی جەژنانەكە رەوانەی هەرێم بكرێت، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك جەژنانە دابەشی ناكات، بەڵكو دەیەوێت تا رۆژی 20ی ئەم مانگە لەگەڵ هەندێك پارەی دیكەدا مووچەیەكی فەرمانبەرانی بە لێبڕینەوە پێ دابین بكات.

پەیسەر ئەوەشی زانیوە كە تا ئێستا دەستنیشان نەكراوە بڕی چەند لە مووچەی مانگی سێی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەبڕدرێت، بەڵام رێژەی بڕینەكە لەسەدا 14 كەمتر نابێت و لەسەدا 21یش زیاتر نابێت.