کوردستان

12:01 - 07/08/2020

كۆرۆنا گه‌شته‌ كه‌مپی هۆڵ و چاوه‌ڕوانی كاره‌ساتی لێده‌كرێت‌

پەیسەر پرێس

كه‌مپی هۆڵ له‌ رۆژئاوای كوردستان كه‌ هه‌زاران كه‌سی له‌ كه‌س و كاری داعشیه‌كانی  تێدایه‌و میدیاكان به‌ بۆمبێكی ته‌قیتكراوی داعش ناوی دێنن، بۆیه‌كه‌مجار كۆرۆنای پێگه‌شت و ئه‌وه‌ش بووه‌ته‌ هۆی نیگه‌رانی شاره‌زایان و پێیان وایه‌ ئه‌گه‌ر زوو فریای ئه‌و دۆخه‌ نه‌كه‌ون كاره‌ساتی گه‌وره‌ ڕوو ده‌دات.

به‌ پێێ ڕاپۆرتێكی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ئه‌مرۆ هه‌ینی سێ كارمه‌ندی ته‌ندروستی نێو كه‌مپه‌كه‌ بوونه‌ته‌ هه‌ڵگری ڤایرۆسی كۆرۆناو به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و كارمه‌ندانه‌ به‌ركه‌وته‌ی زۆریان له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی ناو كه‌مپه‌كه‌ هه‌بووه‌ پێده‌چێت له‌ناكاو ته‌قینه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كه‌ ڕوو بدات و كۆنترۆڵ نه‌كرێت.تا ڕاگه‌یاندنی ئه‌و هه‌واڵه‌ له‌ ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری خۆسه‌ریی ته‌نها 54 حاڵه‌تی تووش بوون ڕاگه‌یه‌نراوه‌، به‌ڵاموه‌ك چاودێران باسی ده‌كه‌ن پێده‌چێت ئه‌و ژماره‌یه‌ زۆر به‌خێرایی به‌ره‌و سه‌ره‌وه‌ بچێت به‌تایبه‌تی له‌نێو كه‌مپی هۆڵ.

دیڤید سوان سۆن نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان به‌ فرانس پرێسی ڕاگه‌یاندووه‌ كه‌ له‌ رۆژی 3 ئاب دا دوای ده‌ركه‌وتنی نیشانه‌كانی نه‌خۆشیی پشكنین كراوه‌و ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ 3 كارمه‌ندی ته‌ندروستی ناو كه‌مپه‌كه‌ هه‌لگری ڤایرۆسه‌كه‌ن. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ڕێگریی كراوه‌ له‌ هاتووچۆیناو كه‌مپه‌كه‌ جگه‌ له‌وانه‌ی كه‌ كارمه‌ندن و ئه‌وانیش ده‌بێت به‌ڕێ و شوێنی ته‌ندروستی توندا بڕۆن ئه‌وجا بۆیان هه‌یه‌ بچنه‌ نێو كه‌مپه‌كه‌وه‌.

به‌ پێی ڕوونكردنه‌وه‌ی به‌شی ته‌ندروستی له‌ ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی رۆژئاوا ئه‌و سێ كه‌سه‌ كارمه‌ندی ته‌ندروستین و له‌ مانگی سووری كوردیی كاریان كردووه‌، ئه‌وه‌شیان ڕاگه‌یاندووه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی ناو كه‌مپه‌كه‌ خۆپارێزیی ناكه‌ن و پابه‌ندی ڕێنماییه‌كان نابن چاوه‌ڕیی دۆخی كاره‌ساتی ده‌كه‌ن ، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شیان نه‌شاردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌و كارمه‌ندانه‌ به‌ هۆی پیشه‌كه‌یانه‌وه‌ به‌ركه‌وتنیان زۆر بووه‌ له‌ گه‌ڵ خه‌ڵك و به‌ردووربی نازانن كه‌سانێكی دیكه‌ تووش بووبن. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ به‌رپرسانی كورد و ڕێكخراوه‌ خیرخوازه‌كان چه‌ند جارێك داوایان له‌ ڕێكخراوه‌ نێو ده‌وڵه‌تییه‌كان كردووه‌ كه‌ به‌خێرایی به‌ده‌میانه‌وه‌ بچن و مانه‌وه‌ی ئه‌و كه‌مپه‌ به‌ لایه‌كدا بخه‌ن چوون له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ مه‌ترسییان زۆره‌. خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و نه‌خۆشییه‌ له‌ناویاندا بڵاو ببێته‌وه‌ ئه‌وا كاره‌ساتی گه‌وره‌ی  لێده‌كه‌وێته‌وه‌.

وه‌ك شاره‌زایانی ته‌ندروستی باسی ده‌كه‌ن دۆخی ته‌ندروستی له‌ سوریا به‌هۆی جه‌نگه‌وه‌ له‌ 2011وه‌ تائێستا به‌ گشتی زۆر خراپه‌و ئه‌وانه‌شی كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌لاتی ڕژێمن حاڵیان له‌وان باشتر نییه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئیداره‌ی خۆسه‌ری رۆژئاوا چییان پیكراوه‌ كردوویانه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌یان نه‌شاردووه‌ته‌وه‌ كه‌ توانای مرۆیی و مادییان له‌ بواری ته‌ندورستیدا سنوورداره‌، هه‌روه‌ها چه‌ند جارێكیش داوایان له‌وڵاتانی جیهان كردووه‌ كه‌ هاوڵاتیه‌كانی خۆیان ببنه‌وه‌و كۆتایی به‌و كه‌مپه‌ بهێنرێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وه‌ك بۆمبێكه‌ی ته‌وقیتكراوی داعشه‌و تا ئه‌وانیش په‌یوه‌ندییان پێكه‌وه‌ هه‌بێت مه‌ترسی بڵاو بوونه‌وه‌ی بیری داعشی له‌ ئارادایه‌، به‌ڵام به‌ ڕێژه‌یه‌كی زۆر كه‌م نه‌بێت وڵاتان نه‌هاتوون به‌ هانایانه‌وه‌..

كه‌مپی هۆڵ ده‌كه‌وێته‌ باكووری رۆژهه‌لاتی سوریا و له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئیداره‌ی خۆبه‌رێوه‌به‌ری رۆژئاوادایه‌و ژن و منداڵ و كه‌س و كاری داعشه‌كانی تێدایه‌ و له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ له‌ كۆتایی نه‌وه‌ده‌كاندادۆوستكراوه‌، پێشووتر په‌نایه‌رانی عێراقی و فه‌له‌ستینی تیدابوون، به‌ڵام به‌ هاوكاریی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌ره‌و ولاتانی رۆژئاوا به‌ڕێ كراون، له‌ دوای نه‌مانی ڕێكخراوی داعش له‌ عێراق و شام، به‌مه‌به‌ستی كۆكردنه‌وه‌یان بڕیاریاندا له‌و كه‌مپه‌دا كۆیان بكه‌نه‌وه‌ ، به‌پێی ڕاپۆراته‌كانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ ئێستادا زیاتر له‌ 37 هه‌زار كه‌سی تێدایه‌ كه‌ زۆرینه‌یان ژن و منداڵی ئه‌و داعشانه‌ن یان كوژراون یان لییان به‌جی ماوون.