کوردستان

05:47 - 08/08/2020

پەیسەرپرێس بژاردەی بەردەم حكومەت بۆ دابەشكردنی مووچە بەبێ‌ لێبڕین ئاشكرا دەكات‌

پەیسەر پرێس

لەم رۆژانەدا وەفدی هەرێم دەگەڕێتەوە بۆ بەغداد و لە ئێستادا سەرۆكی وەفدەكە دەستنیشان نەكراوە، هاوكات حكومەتی هەرێمی كوردستان هێشتا بەرچاوی روون نییە كە دەتوانێت بەبێ‌ لێبڕین مووچەی ئەم مانگە دابەش بكات یان وەك مانگی رابردوو بەشێك لە تەمویلی وەزارەتەكان كەمدەكاتەوە.

بەپێی زانیارییەكانی پەیسەرپرێس، لە چەند رۆژی داهاتوودا وەفدی هەرێمی كوردستان كە پێكهاتوون لە وەزیرانی دارایی، ناوخۆ، پلاندانان، سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و وتەبێژی حكومەت دەچن بۆ بەغداد بۆ رێككەوتن لەبارەی پرسی رادەستكردنی بەشێك لە داهات و وەرگرتنی بەشەپارەی مانگانە لە عێراق، بەڵام تا ئێستا سەرۆكی وەفدەكە دەستنیشان نەكراوە و یەكلایی نەكراوەتەوە كە ئایا خودی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرۆكایەتی دەكات یان جێگرەكەی.

پەیسەرپرێس ئەوەشی زانیوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان چاوی لەوەیە لەگەڵ بەغداد رێككەوتن بكات و بەغداد مانگانە 400 ملیار دینار رەوانەی هەرێمی كوردستان بكات، بەوەش هەرێمی كوردستان لەگەڵ داهاتەكانی دیكەی بەردەستی دەتوانێت مووچە بەبێ‌ لێبڕین دابەش بكات، بەڵام ئەگەر بەغداد لەو بڕە كەمتر رەوانە بكات ئەوا حكومەتی هەرێم پەنا بۆ وەرگرتنی قەرز دەبات و بەوشێوەیەش ناچار دەبێت كە بڕیاری بڕینی بەشێك لە مووچە بداتەوە هاوشێوەی مانگی رابردوو، لەكاتێكدا پێشتر ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدابوو كە بڕیاری لێبڕینەكە تەنها بۆ ماوەی یەك مانگ بێت.