کوردستان

03:16 - 14/08/2020

له‌ ده‌روازه‌ى پشته‌ هێرش ده‌كرێته‌ سه‌ر كۆمپانیایه‌كى پشكنین‌

پەیسەر پرێس

بەهۆی ئه‌وه‌ى چه‌ند جارێك كه‌لوپه‌له‌كانیان له‌ كوالێتى كۆنتڕۆڵ ده‌رناچێت، به‌هۆى ژه‌هراویبوونى كه‌لوپه‌له‌كانه‌وه‌، تا هاورده‌ى هه‌رێمى كوردستانى بكه‌ن، چه‌ند بازرگانێكى كه‌ره‌سته‌ى پلاستیكى له‌ خاڵى سنوریى پشته‌، هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر نوسینگەی كۆمپانیای لۆکس ئەیجنسی لە دەروازەی سنوری ( پشتە).

سەرلەبەیانی ڕۆژی (12-8-2020) پێش دەستپێكی دەوامی فەرمی نوسینگەی كۆمپانیای لۆکس ئەیجنسی لە دەروازەی سنوری ( پشتە)، لەلایەن هەندێك لە بازرگانانی دیاری كەرەستەی پلاستیكی و شۆفێری بارهەڵگرەكانیانەوە هێرش دەکرێتە سەر تاقیگەکانی ئەو نوسینگەیە و زیانێکی زۆر بە کەرەستە و ئامێرەکان دەگەیەنن، ئەمەش وەک کاردانەوەی ناڕازیبوونیان لەئەنجامەكانی پشكنینی كەرەستە پلاستیكییە هاوردەكراوەكانیان.

به‌پێى زانیارییه‌كان ڕۆژی پێشتر (12) نمونەیان بەهۆی دەرنەچونیان لە دەرئەنجامی تاقیگەیی ڕەتكراوەتەوە، بەم هۆیەوە زیانی گەورە بەر نوسینگەی کۆمپانیا کەوتووە و بۆتە هۆی ڕاگرتنی جوڵەی بازرگانی لەدەروازەكە.

لای خۆیەوە محەمەد حەسەن بەڕێوەبەری ڕێپێدراوی کۆمپانیای لۆکس ئەیجنسی بە  په‌یسه‌ر پرێس-ى ڕاگەیاند:"هەر لە سەرەتای دەستپێكردنمان بە پشكنینی كەرەستەی پلاستیكی بۆمان دەركەوت کە لە هەندێ لە کەرەستە هاوردەکراوەکان بڕێكی زۆر ماددەی ژەهراوی وەك (كانزا قورسەكان) بەكاردەهێنرێت لە بەرهەمهێنانی كەرەستە پلاستیكیەكاندا، ئەمەیش لەبەر هەرزانی نرخی ماددە پێكهینەرەكان بەبێ گوێدانە تەندروستی مرۆڤ و بەرژەوەندی گشتی".
 
محەمەد حەسەن ئەوەشی خستەڕوو:"لە پێناو پاراستنی مافی بەكاربەر وەك ئەركێكی ئەخلاقی و نیشتمانی چەندین جار كۆبونەوەمان لەگەڵ بازرگانان ئەنجامداوە و لە مەترسی ئەو مادە ژەهراویانە ئاگادارمانكردوونەتەوە، كە بە تێپەڕبوونی كات هۆكارن بۆ دروستبوونی خانە شێرپەنجەییەكان و نەخۆشیە مەترسیدارەكانی وەك لەكاركەوتنی گورچیلە و دواكەوتنی گەشەی مناڵ و چەندانی تر، وە لە دواین گۆڕانكاری لە ڕێنماییەكان و ستانداردی عێراقی ئاگاداریانكردوونەتەوە، لە پێناو پاراستنی سەرو گیانی هاوڵاتیان".
 
راشیگەیاند:"لە بەرامبەردا هەندێك لە بازرگانان، بەبێ گوێدان بەو مەترسیانە بەردەوام بوون لە هاوردەكردنی ئەو كاڵایانە و چەندین جار هەڕەشەی ڕاگرتنی كارەكانی كۆمپانیاو ئاڵوگۆڕی بازرگانییان كردووە لە دەروازەكە".

کۆمپانیای لۆکس ئەیجنسی لە ساڵی 2017 ەوە دامەزراوە و  خاوەنی سێ بروانامەی نێودەوڵەتی (ISO) ئایزۆیە، کاری کوالێتی کۆنتڕۆڵ دەکات لە دەروازە سنورییەكانی (پەروێزخان، پشتە، كێلێ)كاری پشكنینی تاقیگەیی بۆ سەرجەم شمەكە هاوردەكراوەكان ئەنجام دەدات. به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ى ده‌ڵێت، لۆکس ئەیجنسی کۆمپانیایەکی زانستی پرۆفیشناڵە و ستافێکی زانستی بەتوانا لە پسپۆرییە جیاوازەکان کاری تێدا دەکەن و سەربەخۆیە و پەیوەندی بەهیچ هێز و ئایدۆلۆژیایەکی سیاسیەوە نیە.