کوردستان

10:32 - 21/08/2020

دوای 14 ساڵ, رێز لە دادگایی كەیسەكانی جینۆسایدی گەلی كورد نە گرترا‌

پەیسەر پرێس

پرۆسه‌ی جینۆسایدكردنی كورد له‌ لایه‌ن ڕژێمی پێشووی عێراقه‌وه‌ پرۆسه‌یه‌كی به‌رنامه‌ بۆداڕێژراوی تۆكمه‌ بوو، به‌ڵام له‌ كات و ساتی خۆیدا نه‌توانراوه‌ كاری جدییان له‌سه‌ر بكرێت و چه‌ندین ساڵ به‌سه‌ر ڕووداوه‌كاندا تێپه‌ڕی كردووه‌، ئه‌وه‌ش به‌هۆكاری سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندی زلهێزه‌كان بووه‌ له‌گه‌ڵ ڕژێمی له‌ناوچووی عێراق، به‌ڵام كاتێك ئه‌و ڕژێمه‌ بووه‌ مه‌ترسی به‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌و به‌تایبه‌تی له‌ كه‌نداو به‌هۆی داگیركردنی كوه‌یت، ئیتر لێی كه‌وتنه‌ ته‌قه‌و دوژمنایه‌تی، تا له‌ 9 نیسانی 2003 به‌ هێنانه‌ خواره‌وه‌ی په‌یكه‌ری سه‌دام حسین له‌ناوه‌ڕاستی به‌غداد كۆتایی ئه‌و ڕژێمه‌ ڕاگه‌یه‌نرا، پاشان بۆ هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌ ڕه‌شه‌كانی ئه‌و حیزبه‌ و دادگایی كردنیان دادگایه‌كی ناوخۆیی پێكهێنرا به‌ناوی (دادگای باڵای تاوانه‌كانی عێراق له‌ به‌غداد) بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش چه‌ندین كه‌س هێنرانه‌ دادگاو ده‌یان كه‌یس تۆماركران، ده‌رئه‌نجام به‌شێك له‌ تاوانبارانی سه‌ره‌كی سزای جۆراوجۆریان وه‌رگرت.

یه‌كێك له‌و دۆسیه‌ مرۆییانه‌ی كه‌ ویژدانی هه‌موو جیهانی هه‌ژاندووه‌ كه‌یسی ئه‌نفال و جینۆسایده‌كانی كورده‌، هه‌رچه‌نده‌ دادگابه‌ كاڵ و كرچی هه‌ندێك له‌و كه‌یسانه‌ی به‌ جینۆساید ناساندووه‌و تیایدا فه‌رمانی گرتن و به‌سزا گه‌یاندنی بۆ ئه‌نفالچییه‌كان ده‌ركردووه‌، به‌ڵاك تا ئێستا ته‌نها 3 كه‌س له‌و ده‌یان كه‌سه‌ تاوانباره‌ ده‌ستگیر كراون و دواتر ئه‌وانیش به‌ كه‌فاله‌ت ئازادكراون.

رۆژی 21ئابی 2006 رۆژی بڕیاری ده‌ستگیركردنی ئه‌و تاوانبارانه‌یه‌، به‌ڵام تائێستا كارێكی ئه‌وتۆ نه‌كراوه‌ كه‌ برینی چه‌ندین ساڵه‌ی كه‌س و كاری ئه‌نفاله‌كان ساڕێژ بكاته‌وه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ خه‌ڵكانی دڵسۆز و ڕێكخروا تایبه‌تمه‌نده‌كان له‌ هه‌موو بۆنه‌و جێگه‌یه‌كدا ئه‌و دۆسیه‌یه‌ هه‌ڵده‌ده‌نه‌وه‌، به‌ڵام نه‌ك هه‌ر كه‌س گوێیان لێناگرێت، به‌ڵكو به‌شێك له‌و ئه‌نفالچییانه‌ به‌رپرسیارێتی سیاسی و سه‌ربازیشیان له‌ ناو هه‌رێم و بگره‌ له‌ به‌غدادیش هه‌یه‌.

ئه‌مڕۆ 21 ئاب له‌ ساڵرۆژی ده‌ركردنی ئه‌و بڕیاره‌ی دادگای باڵای تاوانه‌كانی عێراقدا چه‌ند ڕێكخراوێك ڕاگه‌یه‌نراوێكیان بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ تیایدا زانیاری وردو سه‌رنج ڕاكێش هه‌یه‌و تیایدا هاتووه‌:

پارتە سیاسییەكان بە تایبەتیش دەسەڵاتداران بە شێوازی جۆراو جۆر لە پاراستن و داڵدەدانیانەوە تا فشار خستنە سەر دەزگا هەمە جۆرەكانی دادوەری نەیان هێشت بڕیاری دەستگیركردن و دادگاییكردنی 423 تۆمەتبار ی ئەنفال جێبەجێ بكرێت و بەمەش بوونە پشت و پەنایان

ده‌قی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌:
دوای 14 ساڵ, رێز لە دادگایی كەیسەكانی جینۆسایدی گەلی كورد نە گرترا

 21ی ئابی 2006 بۆ پرسی دادگاییكردنی تۆمەتبارانی جینۆساید لە كوردستان و بنەماڵەی قوربانیان و خەڵكی كوردستان رۆژێكی گرنگ بوو, رۆژی دەسپێكی دادگاییكردنی تاوانبارانی جینۆساید بوو لە كوردستان.
بۆ یەكەمجار بوو لە مێژووی ئەم گەلە كەسانێكی تۆمەتبار بە تاوانی گەورە" تاوانی جینۆساید, تاوانی جەنگ , تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی" لە لایەن وڵاتێكی داگیركەری كوردستان و بكەری تاوانەكە بچنە بەردەم دادگا لەو پایتەختەی كە بڕیاری كۆمەڵكوژییەكەی لێوە دەرچووە.

پرۆسەی دادگاییەكە لە بەرواری 21-8-2006 بە دادگاییكردنی تۆمەتبارانی كەیسی ئەنفال دەستی پێكرد, دادگاكە هەرچەندە ناوخۆیی و پڕ بوو لە كەماسی و لە ئاستی مەزنی تاوانەكاندا بە پێوەری نێو دەوڵەتی نەبوو , هاوكات لە روی ناساندنی تاوانەكان لە ئاستی جیهانی رەخنە هەڵگربوو وەلێ زۆر بڕیاری گرنگی دا.

 4 كەیسی كۆمەڵكوژی خەڵكی كوردستانی بە جینۆساید ناساند, كە تەنها لە ماوەی 9 ساڵدا لە بەرامبەریدا ئەنجامدرابوو, كە ئەمەش بێوێنە بوو لە مێژووی نوێی مرۆڤایەتی, بەڵام مەخابن بڕیارەكانی دادگا لە دادگاییكردنی تاوانباران بە تایبەت تاوانبارانی ئەنفال لە كوردستان نەك جێ بە جێ نەكراو رێزی لێنەگیرا, بەڵكە یەكەم ئەرك بەرامبەر تاوانباران دادگاییكردن و رزگار نەبوون بوو لە سزا جێبەجێ نەكرا, بگرە پارتە سیاسییەكان بە تایبەتیش دەسەڵاتداران بە شێوازی جۆراو جۆر لە پاراستن و داڵدەدانیانەوە تا فشار خستنە سەر دەزگا هەمە جۆرەكانی دادوەری نەیان هێشت بڕیاری دەستگیركردن و دادگاییكردنی 423 تۆمەتبار ی ئەنفال جێبەجێ بكرێت و بەمەش بوونە پشت و پەنایان, تا هەنووكە دەیانپارێزن و هەندێك جار دەسەڵاتداران پۆستی گرنگیشیان پێ دەدەن, كە دەیانیان ئەمڕۆ پۆستی گەورەی سەربازییان هەیە, تەنانەت لە حكومەتی ناوەندی و شاری بەغداش كە بڕیاری دەستگیركردنەكەیانی لێوە دەرچووە بونە بە نوێنەری خەڵكی كوردستان و نوێنەرایەتی بەرنامەیەكیان دەكرد كە پارتەكانیان تیایدا بەڵێنیان دابوو كار بۆ مافەكانی قوربانیان بە جینۆساید ناسینی تاوانەكانی بەعس بكەن.
ئەمەش وایكردووە لە سەنگ و گرنگی بڕیارەكانی دادگای باڵای تاوانەكان كەمبكاتەوە, یەكەم رێگر لە بەردەم جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگا حكومەتی هەرێمی كوردستانە, كەس و كاری قوربانیانیش نەك نەیانتوانیوە سزای ئەو پارت و لایەنانە بدەن كە تاوانباران دەپارێزن, بگرە زۆر جار لێرەو لەوێ دەبینین لە گەڵ تۆمەتباران بەشێوەی ئاسایی لە مەراسیمەكان دەردەكەون و كۆنە بەعسیەكان لە یادەكانیان لە ریزی پێشەوە دادەنیشن بێئەوەی ناڕەزایەتی دەرببڕن, وەك ئەوەی كە پۆست و پلەیان وەرگرت لە رابردوو شۆردرابێتنەوەو ئەم تۆمەتبارانە نەبوبێتن لە ریزی بەعسی ئەنفالچیدا بوونەو بەشداری ئەنفالكردنی كەسوكاری ئەوانیان كردبێت.

ئێمە لە رۆژی دادپەروەری لە كوردستان (21-8), كە رۆژێكی گرنگ و مێژوویی و پڕ بەهایە بۆ خەڵكی كوردستان و دادپەروەری لە كوردستان دەزانین و داواكارین :
1-  تەواوی ئەوانەی ناویان لە لیستی تۆمەتبارانی ئەنفال" 423 تۆمەتبار" و كەیسەكانی دیكەدا هاتووە, بە زوترین كات دەستگیر بكرێن و بدرێنە دادگای باڵای تاوانەكان بۆ دادگاییكردن, وە لە كوردستان وەك تۆمەتباری هەڵهاتوو لە دادگا مامەڵەیان لە گەڵدا بكرێت, نەك هاووڵاتی ئاسایی وەك ئێستا.
2- لیستی ناوەكانیان بدرێتە پۆلیسی ئینتەرپول, بۆ ئەوەی هەڵاتووەكانیان لە وڵاتانی دەرەوە بگرترێن و دادگایی بكرێن كە تاكە رێگای بە جینۆساید ناسینی تاوانەكانە لە دەرەوە.
3- ئێمە لە 7 ساڵی رابردوودا, 3 جار بە نامەی فەرمی داوامان لە داواكاری گشتی كردووە هەنگاو بنێن بۆ دەستگیركردنی تۆمەتبارانی ئەنفال, ئەوان رایانگەیاندووە كە ئەوە وەزارەتی ناوخۆیە بە ئەركی خۆی هەڵناسێت لە دەستگیر كردنیان, جگە لە فەرمانگەی داواكاری گەرمیان و هەڵەبجە ئەوانی دی وەڵامیان هەرنەداوەتەوە, لە كاتێك زۆرترین ژمارەی تۆمەتباران لە سنوركانی هەولێرو دهۆكن, ئەمەو دواتر بێ هۆكار 3 زیندانیكراوەكەی گەرمیانیش پاش چەندین ساڵ لە مانەوەیان ئازاد كران, لە كاتێكدا دەتوانرا بە ئاسانی بنێردرێن بۆ دادگای باڵای تاوانەكان.
هاوكات دووجار داوامان لە داواكاری گشتی كردووە:
1- ناوی تۆمەتبارانی ئەنفال بدرێتە پۆلیسی ئینتەرپول.
2- پرسیار لە ئەنجومەنی دادوەری بكرێت كە ئایا تۆمەتبارانی ئەنفال لای ئەوان تۆمەتبارن یان نا , ئەمەشیان نەكرد, مخابن ئەنجومەنی دادوەری كە بە فلیم لامانە بەڵێنیان دا كار بۆ دەستگیركردنی ئەم تۆمەتبارانە بكەن, كەچی تا ئێستا تۆمتبارانی جینۆساید لای ئەوان هەر تۆمەتباریش نین و بڕیارەكانی دادگای باڵای تاوانەكان هیچ ئەهمیەتێكی یاسایی نییەو وەڵامی ئەو رێكخراوە بیانیانەش نادەنەوە كە كار بۆ بەدادگاییكردنی تۆمەتبارانی ئەنفال دەكەن لە دەرەوەی وڵات.
3- دووجار داوامان لە داواكاری گشتی كردووە كە فشار دروست بكەن بۆ ئەوەی لیستەكانی " شەهیدان, قوربانیانی جینۆساید و چەكی كیمیاوی, بریندارانی چەكی كیمیاوی, زیندانیانی سیاسی و پێشمەرگەی دێرین" بڵاو بكرێنەوە, بۆ ئەوەی بۆ گەل شەفاف بێت, پاكبكرێنەوە لە ناوی تۆمەتباران , ئەمەشیان بەكاری خۆیان نەزانی.

4- داوامان كرد موچەی شەهیدان و قوربانیان بكرێتە ستانداردێك بۆ دادپەروەری لە موچە, ئەوان داكۆكیان لەوەی ئێستا هەیە كرد, بەرەی نا دادپەروەریان هەڵبژارد, گوایە یاساییە و بە یاسا رێكخراوە.
مخابن بۆ هەموو ئەمانە, كەچی لە 21ی تەموز ی رابردوو نامەیەكی نا فەرمیمان لە داواكاری گشتییەوە بە دەست گەیشت, بێ مۆر, تیایدا دەڵێن " ئاماژە بەو سكاڵایانەی ناردوتانە بۆ سەرۆكایەتیەكەمان...ئێمە وەك داواكاری گشتی تەنیا كێشەكانی گشتی دەجوڵێنین ئەویش لە رێگای دەستەی مافی گشتییەوە كە لە بەرژەوەندی كۆمەڵگا بێت..بەڵام ناكرێت كێشەی تایبەت بجوڵێنین... دەكرێت خاوەن كێشە سكاڵا بجوڵێنێت و ئێمەش بە دوادا چونی بۆ بكەین لە دادگا تایبەتمەندەكان.... لە گەڵ رێزماندا .


 بەم شێوەیە بەم نامەیە بزمارێكیان لە نەعشی دادپەروەری دا هەموو كێشەكانی نیو ملیۆن قوربانی و دادپەروەریان بە كێشەی شەخسی دایە قەڵەم, سەلماندیان دەزگایەكی لەوە لاوازترن وەك پێشبینیمان دەكرد. ئێمە نەك بۆ رزگار نەبوونی تۆمەتباران لە سزاو گەڕاندنەوەی دادپەروەری سارد نابینەوە, بەڵكە لامان رونە دوا رۆژ هەر بۆ هەق و راستییە, بە مردویش بێت تۆمەتباران لە سزا رزگاریان نابێت, بە داخەوە ئەو دەزگا دادوەرییانەی لە كوردستان هەن زۆر لەوە بێهێزترن بتوانن ئەم كەیسە دادپەروەریانە بجوڵێنن, كە دەبوایە وەك باڵای شەهیدەكانمان و قوربانیانی جینۆساید و مەزنی گۆڕە بە كۆمەڵەكان بە هێزو جدی بونایە لە دادگاییكردنی تاوانباران. لە كۆتادا داواكارین بنەماڵەی قوربانیانە جدیانە بێنە پێشەوە بۆ دادگاییكردنی تاوانبارانی جینۆساید لە كوردستان . بەرزو بەرێز بێت روحی شەهیدان و قوربانیانی ئەنفال و هەڵەبجە و بارزانی و فەیلی و ئێزیدی و كریستان و كاكەیی و شەبەك لە رۆژی دادپەروەری لە كوردستاندا.


 سەركەوێت دادپەروەری و بەرقەرار بێت حوكمی یاسا و دادگای بەهێزی سازشنەكەر لە كوردستان


 رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید تۆڕی رێكخراوە كوردستانییەكان لە پێناو دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی
 Koncicc

تۆڕی ئایكان كوردستان-

Ican Kurdistan Network-IKN
رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كۆمەڵكوژ لە كوردستان-

Organization Against Weapons of Mass Destruction in Kurdistan‎‏

21-8-2020