کوردستان

03:33 - 21/08/2020

ئەندامێكی شاندی هه‌رێم له‌ ئه‌مریكا: ئەم دایالۆگە بۆ عێراق گرنگە، بۆ هەرێم دووجار گرنگە‌

پەیسەر پرێس

لاوک سەلاح ئەندامی شاندی هەرێمى كوردستان له‌ تیمى دیبلۆماتكارانى عێراق بۆ سه‌ردانه‌كه‌ى ئه‌مریكا رایده‌گه‌یه‌نێت، دانوستانەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا، بۆ هه‌رێمى كوردستان دووجار گرنگه‌ و بایه‌ختى تایبه‌تى هه‌یه‌ و دەکرێت ببێتە سەرەتایەکی دیکە بۆ بیناکردنەوە.

لاوك سه‌لاح له‌ نوسینێكى تایبه‌تیدا بۆ په‌یسه‌ر پرێس، سه‌رنجى خستووه‌ته‌ سه‌ر بایه‌خى سه‌ردانه‌كه‌ى تیمى عێراق و هه‌رێم بۆ  ئه‌مریكا و به‌شدارى تیمى كورد له‌ شاندى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراقدا، ده‌ڵێت:"ئەم دایالۆگە چەندین رەهەندی سیاسی ستراتیژی هەیە، بۆ ئێمە لە ناو عێراقدا، و بۆ ئێمە وەک لەناو هەرێمدا. هەموو ئەو ئەکتەرە سیاسیانەی کە لەم جوگرافیایەدا کار دەکەن ئەگەر دەرەکیی یان ناوخۆبن پێویستیان بەوەیە کە ببنە خاوەنی خیتابێکی سیاسی میانرەو تاوەکو بەرچاویان روونتر بێت و ناوچەکە لە هەرەشەی ئەمنی زیاتر بپارێزرێت و توانایەکی سیاسی بەرجەستە بکەن بۆ هێنانەکایەی هاوسەنگی لە رەفتاری سیاسی و پرۆژەی سیاسی تاوەکو رێ لە جەنگی دیکە و ماڵوێرانی زیاتر و وێرابوونی وڵاتەکە بگرێت". 

ئه‌و ئه‌ندامه‌ى شاندى دانوستانكارى عێراق ده‌ڵێت:"ئەم دایالۆگە بۆ عێراق گرنگە لە بەرئەوەی، رەنگە، دوا فرسەت بێت بۆ رێکخستنەوەی ماڵی خۆی و پاراستنی سەروەری وڵاتەکە، بۆ هەرێمی کوردستانیش دووجار گرنگە، بۆ پاراستنی هەرێم وەک قەوارەیەکی سیاسی مەدەنی و بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسییەکان لەسەر هەموو ئاستەکان، چ لەگەڵ عێراق و چ لەگەڵ دەوڵەتەکانی کاریگەر لە ناوچەکەدا. هەر بۆیە پێشنیار دەکەم بۆ قۆناغی داهاتوو هەوڵی هاوپەیمانیەتی سێ قۆڵی لەسەر بنەماکانی دەستور لە ناو عێراقدا و یاسا نێودەوڵەتییەکان بدرێت". 

لاوك سه‌لاح پێى وایه‌، رەهەندێکی دیکەی گرنگی ئەم دایالۆگە بۆ هەرێم ئەوەیە، ئەمە یەکەمین جارە کە شاندێکی کورد بەشداری لە دایالۆگی نێوان دوو دەوڵەتەدا بکات، پێشتر لە ساڵی ٢٠٠٨ کە رێکەوتنی ئەمنی لە نێوان عێراق و ئەمریکا مۆرکرا، کورد هیچ رۆڵێکی وای نەبوو، هەروەها شاندەکە وەک نوێنەرایەتیکردنی هەرێم گرنگی تایبەتی هەبوو، بۆ یەکەمین جار نوێنەرایەتی هەر سێ لایەنی بەشداری ناو حکومەت ئامادەی کۆبوونەوەکان بوون لەسەر ئاستی سیاسی و سەربازی و مەدەنی.

باس له‌وه‌ش ده‌كات ئه‌م به‌شدارییه‌ى كورد، تینوگوڕێکی چالاکی بە کۆبوونەوەکان داوە، لە گفتوگۆکانی سەبارەت بە بوارەکانی سەربازی و وزە و ئابووری و تەندروستی و خوێندنی باڵا و بانک و وەبەرهێنان..هتد بە ئاشکرا رەنگی داوەتەوە. رۆڵی هەریەکە لە ئەندامانی شاندەکە بۆ هەموو لایەک لەوێ دیار بوو. 

به‌بڕواى لاوك سه‌لاح، ئەم دایالۆگە دەکرێت ببێتە سەرەتایەکی دیکە بۆ بیناکردنەوە، لەو پێناوەدا، لە بری رێکەوتنی دوو ساڵ و سێ ساڵ، تەنانەت پێنچ ساڵە، رێکەوتنی سیاسی ستراتیژی مەودا درێژ بێتە ئاراوە تا عێراق باشتر بتوانێت پلانی خۆی بۆ ئاییندە دارێژێت و زیاتر متمانەی خەڵکی بە پرۆسەی سیاسی بگەرێتەوە."لە هەمان کاتدا هیوادارین ئەم دایەلۆگە ببێتە بنەمایەک بۆ تێگەیشتنی زیاتر لە نێوان هەرێم و بەغدا".

جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌، كه‌ بۆ عێراق گرنگە دامودەزگاکانی دەوڵەت توندوتۆڵ بکاتەوە و گەندەڵی کەمبکاتەوە. بۆ هەرێمیش گرنگە هەنگاوەکانی چاکسازی بەرەو پێش بەرێت و ئارامی سیاسی بپارێزێت و متمانەی سیاسی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەکی بەردەوام بێت و باشتر مامەڵە لەگەڵ هەرەشە دەرەکییەکان بکات و باشتر قەیرانە ئابوورییەکانی وەک دابینکردنی لانی کەم مافە سەرەتاییەکانی وەک مووچە بکات. دڵنیام خەمخۆران لەهەموو لایەک هەن ئەگەر دیاریش نەبن. بۆ هەرێم گرنگە، لەسەر خەت بمێنێتەوە لەگەڵ هەموو لایەنەکانی بەشداربووی ئەم دایالۆگە و بەردەوام چاودێری پێشکەوتنەکانی بوارە جیاجیاکان بکات، تاوەکو مافە دەستورریەکانی خۆی وەک هەرێم هەمیشە زامن بکات و لە پرۆسەی جێبەجێکردنی رێکەوتنامەکان دوانەکەوێت.

رۆژی ١٦/٨/٢٠٢٠ شاندی هەرێمی کوردستان بۆ دایالۆگی ستراتیژی نێوان ئەمریکا و عێراق گەیشتە واشنتۆن دی سی لە ئەمریکا و تا ٢٣/٨/٢٠٢٠ دەمێنێتەوە.