کوردستان

04:56 - 03/01/2019

كۆبوونەوەكانی پێكهێنانی حكومەت دەستپێدەكاتەوە‌

پەیسەر

بڕیارە هەفتەی داهاتوو كۆبونەوەكانی پێكهێنانی كابینەی حكومەتی هەرێم دەست پێبكاتەوە و پارتیش سوورە لەسەر مەرجەكانی كە نابیت پرسی پارێزگاری كەركوك و وەزیری داد تێكەڵ بە گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی نوێ بكرێت.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست پەیسەرپرێس كەوتووە، بریارە هەفتەی داهاتوو كۆبونەوەكانی پێكهێنانی كابینەی حكومەت دەست پێ بكاتەوە و پارتیش سوورە لەسەرئەوەی كە نابێت باسی پارێزگاری كەركوك و وەزیری داد لەكۆبونەوەكاندا بكرێت.

سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس ئاماژەی بەوەشكرد یەكێتیش لەسەر ئەوە سوورە كە دەبێت تەنها باسی پێكهێنانی حكومەت بكرێت و نابێت پرسی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم بوروژێندرێت پێشبینیش دەكرێت ئەو هەنگاوە ئاستەنگ بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت دروست بكات.

یەكێتی و پارتی ناكۆكیان لەسەر پاكێجەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێ هەیە، یەكێتی نیشتیمانی دەیەوێت پرسی پارێزگاری كەركوك و پۆستی وەزارەتی داد و پێكهێنانی حكومەت بەیەك پاكێج بێت، بەڵام پارتی ئەمەی رەتكردەوە و پێی راگەیاندوون پرسی پارێزگاری كەركوك و پۆستی وەزارەتی داد پەیوەندیان بە پێكهێنانی كابینەی نوێوە نیە.

یەكێتی بۆ فشار خستنە سەرپارتی، پێنشنیارێكی نوێی بۆ پارتی كردووە و پێی راگەیاندووە كە بە تێكەڵنەكردنی پرسەكان و بەیەك پاكێج سەیرنەكردنی رازییە بەو مەرجەی پرسی پۆستی سەرۆكی هەرێمیش جیابكرێتەوە و وەك پرسێكی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، بەڵام پارتی تا ئێستا وەڵامی نەداتەوە.