ڕاپۆرتی عیراق

01:57 - 01/11/2020

هۆزەکان و گروپە چەکدارەکان وەبەرهێنان لە عێراقدا پەکدەخەن‌

پەیسەر

پرۆژە ئابوریەکان لە عێراقدا، بەهۆی داواکاریەکانی هۆزەکان و گروپە چەکدارەکان بەپێدانی پارە، ڕووبەڕووی شکستێکی گەورە دەبنەوە. ئەم ڕێگریانە بۆ مەبەستی دەسکەوتی مادی کەسی و لایەنی ئەنجامدەدرێن،
وەبەرهێنەرانی بیزارکردوە، نرخ  و تێچووی پرۆژەکانیشی دوو هێندە کردوە

 
دەستوەردانی گروپە چەکدارەکان
ئەسحابلکاف، گروپێکی چەکداری لایەنگری ئێرانە لە عێراق، 27 تشرینی یەکەم لە بەیاننامەیەکیدا داوا لە عێراقیەکان دەکات، هەر زانیاریەکیان هەیە لەسەر وەبەرهێنەران یان پسپۆرانی ئابوری ئەو وڵاتانەی دژی ئێرانن وەک ئەمریکا، بەریتانیا، سعودیە و ئیمارات پێیان بدەن و لەبەرامبەردا  بڕی 20000 تا 50000 دۆلار وەردەگرن.

6000 پرۆژەی تەواو نەکراو لە عێراق
وەبەرهێنەرانی عێراقی و بیانی ڕووبەڕووی داواکاری قەرەبووکردنەوە دەبنەوە لەلایەن گروپە چەکدارەکان و هۆزەکانەوە، زۆربەیان ئەگەر داواکاریەکانیشیان جێبەجێنەکەن، دەبێت لە ترسدا واز لە پرۆژەکەیان بهێنن. لەماوەی ساڵانی 2008 بۆ 2019، زیاتر لە 6000 پرۆژە بە تەواونەکراوی جیهێڵراوە لە عێراقدا.

ڕێگریەکان هێشتا بەردەوامن
لە دواین ڕوداوی لەم شێوەیەشدا، لە 18 مانگی ڕابردوو کۆمپانیای نەوتی پێترۆنسی مالیزی هەڕەشەی جهێشتنی کێڵگەی نەوتی غەرافەی کرد لە پارێزگای زیقار ، بەهۆی هەڵسوکەوتی نەشیاوی ئەندامانی ئەو هۆزەی نزیک کێڵگەکە دەژین.
پێترۆنس  تاکە کۆمپانیا نیە ڕووبەڕووی داواکاری حزب، گروپە چەکدارەکان و هۆزەکان بوبێتەوە. لە 15ی مانگی ڕابردووشدا، گروپێکی نەناسراو هێرشیان کردە سەر پرۆژەیەکی  نیشتەجێبوونی وەبەرهێنان لە پارێزگای سەلاحەدین، زیاتر لە سێ سەعات کرێکارەکانیان دەستگیرکرد و هەڕەشەی کوشتنیان لێکردن، ئەگەر بەردەوام بن لە ئیش کردن لە پرۆژەکەدا.

لە 2ی تەموزدا، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران، لە کۆبونەوەیەکیدا لەگەڵ چەند وەبەرهێنەرێک ئاماژەی بەوەدا سێكتەرێکی تایبەتی ڕووبەرووی هەڕەشە بۆتەوە  و حکومەت هەنگاو دەنێت  بۆ سزادان و چاودێریکردنی ئەولایەنانەی لە پشت هەڕەشەکانەوەن. کازمی گوتیشی "دەرگای حکومەتەکەی کراوەیە بەڕووی وەبەرهێنەراندا و سکاڵا تۆماربکەن لەهەر هەڕەشەیەک دژیان دەکرێت، حکومەت لێپێچینەوە لەگەڵ دامەزراوە گەندەڵەکاندا دەکات."

هۆزەکان لایەنێکی تری ڕێگرین
محەمەد رەحیم ئەلرەبیحی، یەکێک لە ئەندامانی شاندی بەڕێوبەری دەستپێشخەری شەفافیەت لە پیشەسازیە دەرهێنراوەکان لە عێراقدا، ئاماژەی بەوەدا وەبەرهێنەران و کۆمپانیا چالاکەکانی دەرەوە لەم وڵاتەدا زیاتر و زیاتر ڕووبەڕووی هەڕەشە دەبنەوە. ئەو بە ئەلمۆنیتەری گوت " هەندێک لە هۆزەکان بانگەشەی ئەوەدەکە، دەیان ساڵە خاوەنی زەویەکانن و ئەم زەویانە هی باوباپیرانیان بووە، تاوەکو لە کۆمپانیا نەوتی و وەربەرهێنەرەکان پێبژاردنی دارای وەربگرن"

رەبیحی باسی لەوەشکرد " حکومەت بڕێکی زۆرپارەی وەک پێبژاردن داوە بە هۆزەکان، هەرچەندە ئەو زەویانەش هی حکومەتن. هەنگاوێکی تری ڕێگریکردن ئەوەیە، ئیشی کۆمپانیاکە دەوەستێنن تاوەکو  دڵنیایان دەکاتەوە  پەیمانکاری دووەمی و کرێکارەکان سەر بە ئەندامانی هۆزەکەیان دەبن."
لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند " لە چەند ساڵی پێشوودا، زۆردای هۆزەکان شێوەیەکی مەزهەبی وەرگرتبوو. ئەوان کۆمپانیاکانیان ناچاردەکرد بە گرتنە ئەستۆی تێچووی دروستکردنی ئیمامزادە مەزهەبیەکان."


عێراق شانۆی خۆپیشاندەرانی بێکارە
لە ساڵی 2018 وە عێراق بۆتە شانۆی خۆپیشاندەرانی دەرچوانی زانکۆ، داوای دامەزراندن دەکەن لە کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکان. هەزاران کەس لە خۆپیشاندەران بە کۆبونەوەیان لەبەردەم  کێڵگەنەوتیەکان و بەرهەمەکارەبایەکان کارەکانی ئەو جێگایەیان وەستاند و کاریان کردە سەر بەرهەمە نەوتی و کارەبایەکان.

عێراق لە ڕیزبەندی وڵاتە ڕێگرەکاندا
مەزهەر محەمەد ساڵحی ڕاوێژکاری دارای سەرۆک وەزیران، بە ئەلمانیتۆری ڕاگەیاند دەبێت بە توندی ڕووبەڕووی ئەو پێبژاردن و ڕێگریانە ببینەوە، لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە دژی وەبەرهێنەران و چالاکیە ئابوریەکان، وەک زیانگەیاندن بە ئابوری نیشتمانی لەقەڵەم بدرێت و بەهۆی ئەم ڕێگریانەوەیە عێراق لە ئێستادا  لەپلەی 171 مین دایە لەناو 190 وڵاتی جیهاندا بەپێی پێوەری "ئاسانکاری بۆ کاروباری بازرگانی" ، لەلایەن بانکی جیهانیەوە لە ساڵی 2019 دا دیاریکراوە.
ساڵح ئاماژەی بەوەشدا" ئەم ڕیزبەندیە پشت دەبەستێت بە پێوەری رۆڵی یاسا و شەڕکردن دژی گەندەڵی، ئەم وڵاتە دەبێت  هەوڵیکی زۆربدات تاوەکو دڵنیای بداتە وەبەرهێنەران بۆ وەبەرهێنان لە خاکەکەیدا"

وەربەرهێنەران گرنگی بە هەلی وەبەرهێنانی عێراق نادەن
لەکاتێکدا کۆمسیۆنی وەبەرهێنانی نیشتیمانی زیاتر لە 100 هەلی وەبەرهێنانی بەبڕی 75 ملیار دۆلار ڕاگەیاندوە، وەبەرهێنەران بە کەمی گرنگی بەم هەلانە دەدەن، چونکە عێراق هێشتا بەهۆی ناجێگیری ئەمنی، سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتیەوە بە شوێنێکی لەبار دانانرێت.
عەلا موسەوی، سەرۆکی یەکێتی وەبەرهێنەرانی عێراق، بە ئەلمانیتۆری گوت کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکان ڕووبەڕووی سەرانە لێ وەرگرتن دەبنەوە و  چالاکی و قازانجیان کەمدەبێتەوە. موسەوی "کۆمپانیا بیانیەکان، بەتایبەت لە بواری نەوتدا، لەلایەنی هاوڵاتیانی ناوچەکەوە ڕووبەڕووی ئازار و ڕێگری دەبنەوە  بۆ بەدەست هێنانی پارە."

موسەوی ئاماژەی بەوەشدا ئابووری عێراق دەناڵینێت بەدەست کرێکاری ناشارەزای  هۆزەکان و گروپەچەکدارەکان، ئەمەش کاریکرۆدتە سەر بەرهەم و نرخ و سودی کۆمپانیاکان. ئەو باسی لەوەشکرد دڵنیای دۆخێکی گونجاو بۆ وەبەرهێنەران دەبێتەهۆی دروستبوونی هەلی کاری زیاتر و هەوڵەکانی ڕێگری و دەستوەردان لە کاروباری کۆمپانیاکان، وەبەرهێنەرانی لەم وڵاتە دورخستۆتەوە و ڕێگربووە لە دروستبونی هەلی کاری نوێش.

زۆترین وەبەرهێنەرانی عێراقبی بەهۆی بیۆکراتی ، گەندەڵی، ڕێگری و لاوازی لەسەپاندنی یاسادا، وەبەرهێنانیان لە وڵاتانی دراوسێی وەک تورکیا، ئوردن، ئێران، میسر و ئیمارات پێباشترە نەک عێراق.

ڕێگریەکان تێچووی پرۆژەکان دووهێندە دەکەن
کەریم عەقراوی، پسپۆری ئابووری بە ئەلمۆنیتەری ڕاگەیاند "زۆربەی کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکان بەهۆی ڕێگری گروپی چەکداری هۆزەکان و نەپاراستنیان لەلایەن حکومەتەوە، بەنیازی جیهێشتنی عێراقن. ئەم دەستوەردانانەش لەکاروباری کۆمپانیاکان کاریگەری دەبێت لەسەر زیادبوونی تێچووی پرۆژەکان. ئەگەر پرۆژەیەک تێچوەکەی 10 ملیۆن دۆلار بێت بۆ حکومەت ئەوا ڕێگریەکان وا دەکەن دوو بەرامبەر بن و تێچوەکەی بگاتە 20 ملیۆن."
عەقراوی باسی لەوەشکرد، ڕێگریەکان وادەکات پرۆژەکان بەتەواونەکراوی بمێننەوە و سودوەرگرتن لە خۆپیشاندان بۆ ناچارکردنی کۆمپانیا بیانیەکان بەمەبەستی بەرژەوەندی کەسی و لایەنێک کارەساتبارە، عێراق دەکات بە جێگایەک کە وەبەرهێنەران لێی دوربکەونەوە.

ئەم پسپۆرەی ئابوری ئاماژەی بەوەشدا " ڕیگریەکان دەبنە هۆی ترسانی کارمەندە دەرکیەکان و  تێچوی زیاتر بەدوای خۆیدا دێنێت بۆ حکومەت، چ لە تێچووی پارێزگاری لە کارمەندان و چ لە لەدەستانی داهات بەهۆی جێهێشتنی کۆمپانیا بیانیەکانەوە. هەندێک لە کۆمپانیاکان بەناچاری کەسی سەر بەگروپە چەکدرا و هۆزەکانیان دامەزراندوە، هەرچەندە کارێکی کەمیش دەکەن"

هاوڵاتیان و وەبەرهێنەران متمانەیان بە عێراق نەماوە
ئابوری عێراق ڕووبەرووی ئاڵنگاری گەورە بۆتەوە، وەک زیادبوونی هەژاری و بێکاری. ئەگەرچی یاسای وەبەرهێنان کارئاسانیکردووە بۆ وەبەرهێنەران، بەڵام هێشتا زۆرێک لە وەبەرهێنەران بەنیازی جێهێشتنی عێراقن، زۆرێک لە گەنجانیش بەنیازی جیهێشتنی وڵاتن، هاوڵاتیان متمانەیان بەم وڵاتە نەماوە.