ڕاپۆرتی عیراق

02:04 - 07/11/2020

بە ململانێی ناوخۆیی، ریسك بە بەركەوتی باڵایانەوە دەكەن‌

پەیسەر

تا دێت ناكۆكییەكانی ناو ماڵی سوننەكان توندتر دەبن و بەرەیەكی فراوان بە سەرۆكایەتی ئوسامە نوجێفی جێگری پێشووی سەرۆك كۆمار و سەرۆكی پێشووتری پەرلەمانی عێراق دژی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئێستای پەرلەمان دەكرێتەوە، لەكاتێكدا سەرۆكی پەرلەمان بالاترین دەسەڵاتە كە بۆ چەند خولی رابردوو دراوە بە پێكهاتەی سوننە لە عێراقدا و لە ئێستادا خەریكە ناكۆكییە ناوخۆییەكانیان لەو پۆستە باڵایە دووریان دەخاتەوە.

چی روودەدات؟
درەنگانێكی رۆژی هەینی، بەرەی عێراقی كە بەرەیەكی سیاسی سوننی بەرفراوانە، بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە كە تێیدا باسی لە ناوەرۆكی كۆبوونەوەی بەرپرسانی بەرەكەیان كردبوو.
لە راگەیەندراوەكەیاندا بەرەی عێراقی ئاماژەی بەوەدابوو كە بەرپرسانی بەرەكە پرسی سیاسی و دارایی و قەیران و نارەزایی هاوڵاتیانیان تاوتوێ‌ كردووە و گفتوگۆكراوە لەبارەی چۆنێتی تێپەڕاندنی قەیرانەكان.
تا ئێرە هەواڵێكی ئاساییە، بەڵام لە بەشی كۆتایی راگەیەندراوەكەدا بە روونی ئاماژە بە خواستنی لەكارخستنی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران كرابوو لەلایەن سوننەكانەوە و ئاماژەبەوەدرابوو كە بەرپرسانی بەرەی عێراقی لە كۆبوونەوەكەدا هاوڕابوون كە هەڵمەتی كۆكردنەوەی واژۆی پەرلەمانتاران دەستپێبكەن و هەوڵبدەن 120 واژۆ كۆبكەنەوە تا بەشێوەیەكی یاسایی داوای لێسەندنەوەی متمانە لە محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان رەوانەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بكەن.

محەمەد حەلبوسی و  بەركەوتی سوننە
محەمەد ریكان حدید ئەلحەلبوسی ئەلدلیمی، لە 4ی كانوونی دووەمی 1981 لە پارێزگای ئەنبار لەدایكبووە، خێزاندارە و بڕوانامەی ماستەری هەیە لە ئەندازیاری شارستانی.
ئەندامی یەكێتی ئەندازیارانی عێراقە، لەساڵی 2002وە پەیوەندی بە یەكێتی بازرگانی عێراقەوە كردووە، لەساڵی 2012بووەتە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران،  ساڵی 2014 ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی عێراق بووە و دواتر بووەتە ئەندامی لیژنەی دارایی و ماوەیەكیش سەرۆكی لیژنەی دارایی بووە، ساڵی 2017  بووەتە پارێزگاری ئەنبار و دواتریش لە ساڵی 2018 وەك سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق متمانەی وەرگرتووە.
لەكاتێكدا كە لەدوای پرۆسەی ئازادی و مەجلیسی حكوم، جۆرە نەریتێكی سیاسی لە عێراق پەیڕەوكراوە ئەویش ئەوەبووە كە پۆستی سەرۆكی حكومەت بۆ پێكهاتەی شیعە و پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ پێكهاتەی سوننە و پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ پێكهاتەی كورد بووە، بەڵام هەنوكە دەشێ‌ ناكۆكییەكانی ناو ماڵی سوننە مەترسی لەسەر ئایندەی پۆستەكە و مانەوەی لە دەستی سوننەدا دروستبكات، بەتایبەت كە زۆرینەی پەرلەمانی پێكهاتەی شیعەیە و ئاسان نییە بە ئاسانی لەئەگەری كەوتنی حەلبوسیدا متمانە بدەن بە كاندیدێكی دیكەی سوننەكان بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە بەتایبەت كە عێراق لە سەروبەندی هەڵبژاردنی پێشوەختەدایە.


ماڵی پەرتەوازە
ناوماڵی سوننەكان لە عێراق یەكێكە لە پەرتەوازەترین ناوماڵە سیاسییەكان، ئەگەرچی ناوماڵی پێكهاتە گەورەكانی دیكەش وەك كورد و شیعە بە هەمان شێوە كێشەیان تێدایە بەڵام دابەشبوون لەناو بنەماڵەی سیاسی و هێزە سیاسییە سونییەكان و پەیوەندییان بە وڵاتانەوە زەقترە لە كێشەی ناوخۆیی ناو پێكهاتەكانی دیكە.
حیزبی ئیسلامی عێراقی كە پارتی ئیسلامی كۆنسەرڤاتیڤ‌و نزیك لە ئایدۆلۆژیای ئیخوان موسلمینە، بە یەكێك لە گەورەترین هێزە سیاسیەكانی عەرەبی سوننە دێتەبەرچاو چونكە لە هەموو ناوچە سوننە نشینەكاندا ڕێكخراوە و لایەنگر و رێكخستنێكی گشتگیری هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین كەسایەتی سیاسی دیار لە حیزبی ئیسلامی عێراقی جیابوونەتەوە وەك سەرۆكی بزوتنەوەی مەدەنی و سەرۆكی پێشوی پەرلەمان سەلیم جبوری، لەكاتێكدا ئەو حزبە بەرچاوترین و كاریگەرترین حیزب بوو لە نێو عەرەبی سوننەی عێراقدا لە قۆناغە جۆراوجۆرەكاندا تەنانەت لە سەردەمی حوكمی 1963 - 2003 ی ناسیۆنالیستە عەرەبەكانیشدا.
بەدوایدا هاوپەیمانی یەكگرتوو بۆ چاكسازی كە چەترێكە بۆ سەركردایەتی سیاسی بنەماڵەی نوجەیفی، . ئوسامە نوجەیفی جێگری پێشووی سەرۆك كۆمار و ئەسیل نوجەیفی برای كە پێشتر پارێزگاری نەینەوا بوو.
لەلایەكی ترەوە پڕۆژەی عەرەبی لە عێراق بە سەركردایەتی پەرلەمانتار و بازرگان (خمیس خەنجەر)  كە سوننەیەكی  سیاسی هاوچەرخە و هەوڵی ڕزگار بوون لە میراتی حزبە ئیسلامی و ناسیۆنالیستە ئیسلامییەكان دەدات و بەدوای پێشكەشكردنی پڕۆژەی سیاسی پراكتیكیدایە.
ئەم سێ‌ بەرە سەرەكییە كە هەریەكێكیان خاوەنی دید و بۆچوونی تایبەت بە خۆیەتی و تا رادەیەكی زۆریش جیاوازی فكری و سیاسییان هەیە هەمووكات ئامادەن بۆ روبەروو بوونەوە و ردسوتكردنی كێشە بۆ یەكتر و ناكۆكییە سیاسییەكانیان هیچی لە شەڕێكی ناوخۆیی كەمتر نییە و نابێت.
ئەوە جگە لە بوونی چەندین حیزب و گروپی سیاسی بچوك لە ناوچەی نفوزی سونیدا وەك 
بەرەی دیالۆگی نیشتمانی ساڵح موتڵەگ و بزوتنەوەی چارەسەر بە سەركردایەتی جەمال كەربولی كە بوو بە هاوپەیمانی سیاسی هێزەكانی نزیك لە ئێران .

هەرچۆنێك بێت ئێستا سوننەكانی عێراق لەبەردەمی نەشتەری ركابەرە مەزهەبیی و نەتەوەییەكاندان لەلایەك و لەبەردەمی نەشتەری ناكۆكی ناوخۆیشدان لەلایەكی دیكە و چانسی مانەوە و گەشەكردنیان یان گلان و لەدەستدانی پێگەیان لە ئۆپەراسیۆنی گۆڕینی سەرۆكی پەرلەماندا هاوتان و هیچ گرەوێكی لەسەر ناكرێت.