کوردستان

06:19 - 08/11/2020

په‌یسه‌ر ئامانجه‌كانی كۆبوونه‌وه‌ی سبه‌ینێی یه‌كێتی و پارتی ئاشكرا ده‌كات‌

پەیسەر پرێس

بڕیار وایه‌ سبه‌ینێ دووشه‌ممه‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هه‌ردوو تیمی باڵای یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان كۆببنه‌وه‌.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی ده‌ست په‌یسه‌رپرێس كه‌وتووه‌، ئه‌مڕۆ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، په‌یوه‌ندی به‌ بافڵ تاڵه‌بانی هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانه‌وه‌ كردووه‌ و كۆبوونه‌وه‌كه‌ بۆ سبه‌ینێ دووشه‌ممه‌ رێكخراوه‌.
 
زانیارییه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی سبه‌ینێی یه‌كێتی و پارتیدا، باس له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی په‌رله‌مانی عێراق ده‌كرێت و پرسی رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا تاوتوێده‌كرێت.

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار ئه‌وه‌ی به‌ په‌یسه‌ر راگه‌یاند" پارتی نایه‌وێت له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا، لیستی كازمی هیچ كورسییه‌ك له‌ هه‌رێمی كوردستان مسۆگه‌ر بكات، له‌و روه‌شه‌وه‌ ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ یه‌كێتیدا باسی ئه‌و بابه‌ت كات، تا ئه‌وانیش لای خۆیانه‌وه‌ هه‌وڵه‌كانیان چڕ بكه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هیچ لایه‌ن و كه‌سایه‌تییه‌كی سیاسی  و به‌رپرسی كورد پشتگیری لیسته‌كه‌ی كازمی نه‌كه‌ن.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی سبه‌ینێوه‌ گوتیشی: پرسێكی سه‌ره‌كی و دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی سبه‌ینێ، باسكردنی ئه‌و گله‌ییانه‌ی یه‌كێتییه‌ له‌ پارتی له‌باره‌ی سیاسه‌تی حكومه‌ت و پڕنه‌كردنه‌وه‌ی به‌شێك له‌و پۆستانه‌ی كابینه‌ی نوێ كه‌ تا ئێستا پارتی ڤیتۆی له‌سه‌ر چه‌ند كاندیدێكی یه‌كێتی هه‌یه‌، هه‌روه‌ها پرسی لامه‌ركه‌زییه‌ت و شۆڕكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كان ده‌بێت.

كۆبوونه‌وه‌كه‌ی یه‌كێتی و پارتی له‌دوای چه‌ند هه‌وڵێكی شكستخواردوو دێت بۆ كۆبوونه‌وه‌، به‌پێی زانیارییه‌كانیش بڕیار وایه‌ پاش كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی پارتی له‌گه‌ڵ گۆڕان و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ش كۆبوونه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌دات.