ڕاپۆرتی عیراق

02:19 - 11/11/2020

رزگاریی عێراقییەکان؛ لەنێوان تاران و ریازدا‌

پەیسەر

عێراق ١٧ ساڵە لەنێو جەنگ و کاولکارییدایە، ئەمریکییەکان عێراقیان کرد بە دۆزەخ و ئێرانییەکانیش ئاگریان تێبەردا، لەم نێوانەدا عێراقییەکان سوتان و خۆزگە بە رابردوویان دەخوازن، عێراقی نوێ هەوڵ دەدات رزگاری ببێت و سەربەخۆیی خۆی وەربگرێت، یەکەم هەنگاویش دروستکردنی پەیوەندییەکی بەهێزە لەگەڵ دراوسێکانیدا، کە گرنگترینیان سعودیەیە، سعودیەی رکابەری تارانی کۆنترۆڵکەری بەغدا.

ئاڵوگۆڕی بازرگانی
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی (مال)ی سعودی، لە ماوەی ١٩ ساڵی رابردوودا ئاڵۆگۆڕی بازرگانی لەنێوان سعودیە و عێراق گەشەیەکی خێرای کردووە، لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٠ تاکو ٢٠١٩ ئەم گەشەیە گەیشتووەتە ٤٠٪.

تەنها لە ساڵی ٢٠١٩ بڕی ئاڵۆگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەردوو وڵات گەیشتووەتە ٢.٩٧ ملیار ریاڵی سعودی، لەو بڕەش ٢.٩٥ ملیار ریاڵی هەناردەی سعودیە بووە بۆ عێراق و ٢٦ ملیار ریاڵیش هەناردەی عێراق بووە بۆ سعودیە.

لە دوای هەنگاوەکانی نزیکبوونەوەی هەردوولا، چاوەڕوان دەکرێت ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکەی نێوان ریاز و بەغدا بەزتر ببێتەوە و زیاتر گەشە بکات، بەتایبەت دوای کردنەوەی دەروازەی عەرعەر لەنێوان سعودیە و عێراق، کە هەردوو وڵات بەیەکەوە دەبەستێتەوە.

دەروازەی عەرعەر
دەروازەی عەرعەر رووبەرەکەی ٦٦٧ هەزار مەتری چوارگۆشەیە، دوای ئەوەی عێراق هێرشی کردە سەر کوەیت ساڵی ١٩٩٠ دەروازەکە داخرا و تەنها لە کاتی وەرزی حەجکردندا دەکرایەوە، ئەم داخستنەش تاکو ساڵی ٢٠١٧ بەردەوام بوو.

ساڵی ٢٠١٨ سعودیە دەستی بە چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی دەروازەی عەرعەر کرد و بڕیاریشیدا سەرجەم خەرجی تێچوونەکەی لەئەستۆ بگرێت کە ٢٥٩ ملیۆن ریاڵ بوو.

دوای ئەوەی ئەم دەروازەیە کرایەوە، تێچوونی شمەک و کەلوپەلی هێندراو بۆ عێراق کەمبووەوە، چونکە عێراق پێشتر ناچار بوو لە رێگەی وڵاتانی دراوسێوە بەرهەمی سعودی بهێنێت، بەڵام ئێستا دەتوانێت راستەوخۆ ئەم کارە بکات.

یەکێکی دیکە لە گرنگییەکانی ئەم دەروازەیە ئەوەیە کە ئیتر هاوڵاتییانی هەردوولا بە ئاسانی دەتوانن سەردانی یەکتر بکەن و هاتوچۆ بکەن، ئەمە لە کاتێکدا پێش کردنەوەی ئەم دەروازەیە هاوڵاتیانی هەردوولا ناچار بوون لە رێگەی وڵاتانی دیکەوە سەردانی یەکتر بکەن.

گفتوگۆی لوتکە
ئێوارەی دوێنێ هەریەک لە محەمەد بین سەلمان کە شازادەی جێنشین، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری بەرگری سعودیەیە، بە شێوەی ئۆنلاین گفتوگۆیەکی لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەنجامدا، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پەیوەندییەکانی نێوان ریاز و بەغدا کردەوە.


بین سەلمان ئاماژەی بەوە کرد، کە پەیوەندی نێوان سعودیە و عێراق گرنگە، پەیوەستییەکی قوڵ و گەورەیان هەیە بە یەکەوە و پێویستە کار بۆ بەهێزکردنی ئەم پەیوەستییە بکرێت. هەردوولا هەمان دین، بەرژەوەندی و ئاڵنگارییان هەیە و خۆشحاڵن بە گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوانیان.

هەنگاوە گرنگەکە
لەبەرئەوەی دۆخی عێراق جیاواز و تایبەتە و هەموو رووداوەکانی ئەم وڵاتەش جیاواز و نائاسایین، بۆیە نزیکبوونەوەی لەگەڵ سعودیە ئاساییە و شتێکی چاوەڕوان کراوە، واتە نابێت وەک رووداوێکی نائاسایی سەیربکرێت، چونکە ئەمە سروشتی پەیوەندییەکانی عیراقە لەگەڵ دەورووبەردا.

لەگەڵ ئەوەی قورس و سەختە، بەڵام سعودیە دەیەوێت هاوکاری دراوسێکەی بکات و لە بەشێک لە مەینەتییەکانی رزگاری بکات، ئەمە جگە لەوەی ریاز دەیەوێت ئەم دراوسێ نیگەرانەی لە خۆی نزیک بکاتەوە و بەغدا زیاتر رووە و تاران نەچێت، بەتایبەت کە عێراق ناتوانێت داوای سعودییەکان بۆ هاوکاری رەتبکاتەوە، داواکارییەک کە پێش سعودیە لە بەرژەوەندی عێراقدایە، واتە ناکرێت و نابێت عێراق ئەم دەستی هاوکارییەی سعودییە رەتبکاتەوە.

سەرەڕای گەندەڵیی و کێشەکانی، عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە، خاوەن پێگەیەکی جوگرافی گرنگ و دانیشتوانیکی زۆرە، هەزاران کەسی گرنگی هەیە لە پسپۆڕن لە بواری زانستیی جیاوازدا، واتە عێراق دەوڵەتێکە هەموو دەوڵەتێک خواستی هەیە پەیوەندی بەهێزی لەگەڵدا هەبێت، بۆیە ئەمە هۆکارێکی گرنگە کە سەرنجی سعودیەکانی راکێشاوە.

هەستانەوەی نەخۆشەکە
عێراقی نەخۆش و ماندوو دەیەوێت هەستێتەوە و ببێت بە دەوڵەتێکی خاوەن رۆڵ وهەژموون لە ناوچەکەدا، ماندوو بەدەست شەڕ، گەندەڵیی، ناکۆکیی سیاسیی و مەزهەبی، هەنگاوی سەرەتا بۆ ئەم هەستانەوەیە دروستکردنی پەیوەندیی باش و بەهێزە لەگەڵ دراوسێکانیدا.

دوای ساڵی ٢٠٠٣ عێراق کەوتە ناو شەڕ و پێکدادانی قورسەوە، هەزاران کەس بەهۆی تەقینەوە و پێکدادانەکانەوە گیانیان لەدەستدا، لێرەوە ئێرانی دراوسێ، ئێرانی خاوەن درێژترین جەنگ لەگەڵ عێراق بەرەو بەغدا هات و توانی دەست بەسەر وڵاتەکەدا بگرێت.

لەو کاتەوە تاران راستوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەژموونی خۆی بەسەر بەغدادا سەپاند، لەگەڵ ئەوەی ئەمریکییەکان بەردەوام ئامادەییان هەبووە، بەڵام ئێرانییەکان لە رێگەی هێز و گروپە چەکدار و بێچەکەکانەوە توانی دەست بەسەر عێراقدا بگرێت، ئیتر عێراق بوو بەشێک لە سیاسەتی ئێرانیی لە ناوچەکەدا، ئەوەشی باجی ئەم دۆخەی دا عێراقییەکان بوون.

عێراقی خاوەن کەلتور و زانست بوو بە عێراقی کوشتن و بڕین، ئەو کەسانەشی ئومێدیان بە وڵات هەبوو روویان لە دەرەوە کرد، ئەمەش زیانی لە توانای زانستیی و مرۆیی عێراق دا، بەتایبەت دوای ئەوەی زۆربەی زانا و خاوەن بڕوانامەکان وڵاتیان بەجێهێشت.

رزگاربوون
عێراق بۆ دەرچوون لەم دۆخە بە دوای دەوازەیەکدا دەگەڕا، ئەو کاتەی سعودییەکان خواستی خۆیان بۆ دۆستایەتیی دەربڕی، بەغدا هەستی کرد ریاز یەکێکە لە دەرگاکانی رزگاربوون، هاتنی کازمیش بۆ سەر دەسەڵات کە نزیکی ئەمریکییەکانە و کۆنترۆڵکراویی تەواویی ئێران نییە، هەلیکی گرنگ و گەورە بوو.

هەوڵەکانی کازمی بۆ نزیکبوونەوە لە ریاز بێگرفت نییە و رووبەڕووی فشاری زۆری تاران بووەتەوە، بەتایبەت کە سعودیە گەورەترین رکابەری تارانە لە ناوچەکە و جیهاندا، بەڵام کردنەوەی دەروازەی عەرعەر، لاوازبوونی ئێران بەهۆی گوشارەکانی ئەمریکاوە، و ماندووبوونی عێراقییەکان بەهۆی گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانەوە، هەلێکی باشن بۆ عێراق تاکو سەربەخۆیی زیاتر وەربگرێت و بەبێ گەڕانەوە بۆ تاران روو لە پایتەختەکانی ناوچەکە بکات.

هاتنی سعودییەکان
سعودییە باش دەزانێت ئێران دەسەڵاتی یەکەمە لە عێراق و گروپە چەکدارەکانیش بەهێزن، بەڵام لە هەوڵی بەردەوامدایە تاکو پێگەی خۆی لە بەغدا بەهێز بکات و سەرەڕای هەموو ئاڵنگارییەکان روو لە عێراقی ژێر دەستی ئێران بکات.

ئەم هاتنەی سعودییە بۆ عێراق گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر ئایندەی ئێران و گروپە چەکدارەکانیش، بۆیە لە هەرکاتێکدا ئەگەری تەقینەوەی ئەم ناکۆکییە هەیە، گروپە چەکدارەکانیش هەموو هەوڵی خۆیان دەدەن تاکو مەترسی بۆ سەر گیانی بازرگان و وەبەرهێنەرانی سعودی دروستبکەن و ناچاریان بکەن بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.

کردنەوەی دەروازەی عەرعەر بۆ هاوڵاتیانی عێراق گرنگە و پێناچێت رێگا بدەن هیچ هێزێک ئەم دەروازەیان لێبشێوێنێت و بیانگەڕێنێتەوە بۆ رۆژی نەهاتیی و سەختیی رابردوو.

ئێستا کاتی ئەوەیە عێراقییەکان زیاتر لە دۆست و دراوسێیەکی دڵسۆزیان هەبێت، کاتی ئەوەیە سەربەخۆ بن و بە ویستی خۆیان بازرگانیی و هاتوچۆ لەگەڵ دراوسێکانیاندا بکەن، ئەم هەنگاوە سەختە بەڵام عێراقییەکان ناچارن تاکو دەروازەیەکیان لێبکرێتەوە و ببن بە وڵاتێکی خۆشگوزەران و ئازاد.