کوردستان

12:07 - 17/11/2020

وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغداد دەكات‌

پەیسەر

وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغداد دەكات و ئامانجی سەردانەكەش گفتوگۆ و رێككەوتنە لەبارەی بودجەی ساڵی 2021ی عێراق.

بەپێی زانیارییەكان بەمنزیكانە وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغداد دەكات و لەلایەن قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمەوە سەرۆكایەتی دەكرێت.

هاوكات هەریەك لە وەزیرانی دارایی و پلاندانان و سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران ئەندامانی وەفدەكەن.

لەوبارەیەشەوە رۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمی عێراق ئەمرۆ سێشەممە هەواڵەكەی پشتڕاستكردووەتەوە و ئامادەیی حكومەتی عێراقی بۆ پێشوازی وەفدی هەرێم و دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان رەتنەكردووتەوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە لە چەند مانگی رابردوودا بەردەوام وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هاتوچۆدا بووە بۆ بەغداد و پێكهاتەی وەفدەكانی پێشووش هەمان پێكهاتەی ئەم وەفدەیە كە بڕیارە لەم رۆژانەدا بچن بۆ بەغداد، بەڵام تا ئێستا هیچ رێككەوتنێكیان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق واژۆ نەكردووە.