کوردستان

06:18 - 18/11/2020

شاندێکی باڵای بریتانيا له‌گه‌ڵ مستەفاى سەید قادر كۆبوونه‌وه‌‌

پەیسەر پرێس

لە پێشوازیکردنی وەفدێکی باڵای حکومەتی بریتانی:
مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان: دەبێت یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و ئەنجامدانی چاکسازی هەمەلایەنە ببێتە کاری پێشینەیی هەموولایەک.
ئەمرۆ،  چوارشەممە، ١٨/١١/٢٠٢٠، لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر، مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، چاوی بە وەفدێکی باڵای حکومەتی بریتانی کەوت کە بۆ مەبەستی گفتوگۆکردن سەبارەت بە دوایین پێشهات و گۆرانکارییە سیاسی و سەربازی و ئابووریییەکانی ناوچەکە بە گشتی و عێراق و کوردستان بە تایبەتی سەردانی کوردستانیان کردووە.
 
وەفدەکە، کە بە سەرۆکایەتی جەنەراڵ جۆن لۆریمەر، راوێژکاری سیاسی و سەربازی باڵای حکومەتی بریتانیا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو، پێکهاتبوو لە ستیڤن هاکی باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق و تیمێکی سەربازی بریتانی و کارمەندانی کونسۆڵخانەی بریتانیا لە هەولێر.
 
تەوەرەی سەرەکی گفتوگۆکان مەسەلەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و ئەنجامدانی چاکسازی بوو لە سەکتەری سەربازی لە هەرێمی کوردستان و دڵنیابوون لەوەی ئەو پشتیوانییە تەکنیکی و سەربازیی و لۆجیستیکیانەی  کە بریتانیا وەک بەشێک لە هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی پێشکەشی دەکات مەبەستی خۆی دەپێکێت.
 
مستەفا سەید قادر و ئەندامانی وەفدەکە جەختیان لە یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە کرد هەروەها لە ئەنجامدانی چاکسازی لە سەرجەم هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان و ئەم کارە بکرێتە ئەرکێکی پێشینەیی ، لەمەشدا دەبێت گۆرانکارییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە بەهەند وەربگیرێت، هەروەها رۆشنایی خرایە سەر پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ساڵی داهاتوو لە عێراقدا. 
هەردوو لا کۆک بوون لەسەر ئەوەی یەکریزی لایەنە سیاسییەکان و یەک هەڵوێستییان سەبارەت مەسەلە چارەنووسازەکان  یارمەتی هەرێمی کوردستان دەدات پلە و پایەی لە ناوەوە و لە دەرەوە پتەوتر بێت.
 
مستەفا سەید قادر رۆڵی بریتانیای بەرز نرخاند لە پشتگیرکردنی هەرێمی کوردستان لە رۆژانی بەرەنگاربوونەوەی داعش  و پێشنیاری بۆ وەفدەکە کرد کە ئەم رۆڵە لە ئێستادا فراوانتر بکرێت بەشێویەک بوارەکانی مرۆیی و تەندروستی و بازرگانی بگرێتەوە.