کوردستان

03:48 - 12/12/2020

زانیارییەكان لەبارەی تەوەرەكانی كۆبوونەوەكەی شاندی هەرێم و حكومەتی ناوەند‌

پەیسەر پرێس

ئەمڕۆ كۆتا كۆبوونەوەی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقە، كۆبوونەوەكە چەند تەوەرێكی سەرەكی لە خۆ دەگرێت. بۆ گەیشتن بە رێككەوتنیش كۆبوونەوەی لوتكە دەبێت.

 
بەپێی ئەو زانیاریانەی لە وەفدی دانوستانكاری حكومەتی هەرێم دەست پەیسەر كەوتوە، لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ هەریەك لە مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق و بەشێكی زۆر لە وەزیرەكان بەشدار دەبن.

تەوەری یەكەمی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ، بریتی دەبێت لە باسكردنێكی چڕوپڕی داهاتی خاڵە سنورییەكان، كە تیایدا وەزارەتی دارایی هەرێم بەرچاو رۆشنی تەواو دەداتە حكومەتی عێراق لەبارەی بڕی ئەو داهاتەی دەچێتەوە خەزێنەی وەزارەتی دارایی.

تەوەری دووەمی كۆبوونەوەكە، باسكردنە لەسەر فرۆشتن و بڕی هەناردە و داهاتی نەوتی هەرێم، بۆ ئەم مەبەستەش هەرێم راپۆرتێك لەسەر ئەم مەلەفە دەداتە كازمی و وەزیرەكانی حكومەتی عێراق.

بەپێی زانیارییەكانی پەیسەر، لە راپۆرتەكەدا ئەوە بۆ حكومەتی عێراق رووندەكەنەوە كە بڕی تەواوی داهاتی نەوت ناگەڕێتەوە بەردەستی وەزارەتی دارایی، خەرجی كۆمپانیاكانی نەوت و پارە بۆری نەوتی هەرێمی لێدەردەكرێت و بڕی ئەو داهاتەی دەگەڕێتەوە بۆ حكومەتی عێراقی روندەكەنەوە.

لەبارەی تەوەری سێیەمی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ یەكێك لە بەشداربوانی شاندی هەرێم ئەوەی بۆ پەیسەر روونكردەوە، كە قەرزەكانی سەر هەرێم و بڕی قەرز و سەرچاوەكانی تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە دەبێت.

وەفدی هەرێم ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەكەدا دەیەوێت ئەوە بە حكومەتی ناوەند بڵێت، كە پێویستە حكومەتی ناوەند بەشێك لەو داهاتەی بۆ قەرز دەڕوات قەرزەكانی هەرێمی كوردستان لەبەرچاو بگرێت.

هەر لەم خاڵەدا پشكی هەرێم و شایستە داراییەكان كە بە پێی دەستور قسەی لەسەر كراوە، وەفدی هەرێم دەیانەوێت بە روونی قسە لەگەڵ لایەنی حكومەتی عێراقی بكەن و رێككەوتن لەبارەیەوە بكەن.

باسكردنی هەمواری دەستور و پرسی گۆڕانكارییەكان كە گوایە لە ساڵی داهاتوو گفتوگۆیان لەبارەوە بكرێت، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا دەبێت.

پەیسەر زانیویەتی، پێشتر لە كۆبوونەوەكانی وەفدی هەرێم ئەوە بە روونی بە هەرێم گوتراوە، كە پێویستە رێككەوتنێكی نوێ بكرێت لەگەڵ بەغدا، بەرپرسانی باڵای هەرێم بە فەرمی ئەو رێككەوتنە واژوو بكەن. لە ئەگەری نەبوونی ئەو رێككەوتنەش بەغدا بە وەفدی هەرێمی راگەیاندووە ناتوانرێت هیچ داهاتێك لە ساڵی نوێوە بۆ هەولێر بنێردرێت.