کوردستان

11:24 - 13/12/2020

هەرێم مووچەی مانگەكانی 10+11+12 لە عێراق وەردەگرێت‌

پەیسەر پرێس

ئەمرۆ وەفدی تەكنیكی هەرێمی كوردستان و عێراق لە بەغداد كۆدەبنەوە و بەپێی زانیارییەكانی پەیسەر لێكتێگەیشتنێكی زۆر لەئارادایە.

بەپێی زانیارییەكان هەرێمی كوردستان پەبەندبوونی خۆی بە یاسای قەرزەوە نیشانداوە كە بەپێی یاساكە پێویستە هەرێم بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات، لە بەرامبەریشدا حكومەتی عێراق بەشەمووچەی مانگەكانی 10+11+12ی ساڵی 2020 بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە دەكات كە بڕەكەی بۆ هەر مانگێك 320 ملیار دینارە.

هاوكات بڕیارە رۆژی سێشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رەشنوسی بودجەی ساڵی 2021 پەسەند بكات و رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی بكات، بەپێی زانیارییەكانیش لە بودجەكەدا چەند بڕگەیەكی تایبەت بە هەرێمی كوردستان جێگیركراون كە بەپێی یاساكە هەرێمی كوردستان پابەند دەبێت بە رادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە كۆمپانیای سۆمۆ و رادەستكردنی 50%ی داهاتی گومرگ و خاڵە سنورییەكان، لەبەرامبەردا پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی عێراقدا 12.67% دەبێت.