ڕاپۆرتی عیراق

10:46 - 19/12/2020

حكومەتی عێراق: قەرزەكانی هەرێمی كوردستان نایاسایی و نادەستورین‌

پەیسەر

حكومەتی عێراق لە رەشنوسی پرۆژەبودجەی ساڵی 2021دا ئاماژەی بە قەرزەكانی سەر هەرێمی كوردستان كردووە و بە راشكاوی و بە دەق لە یاساكەدا نوسیویەتی كە قەرزەكانی هەرێمی كوردستان هیچ بنەمایەكی یاساییان نییە و دەستوور رێگە نادات هەرێم قەرزبكات.

د. نەجیب شوكر مەحمود، سەرۆكی فەرمانگەی یاسایی ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە بەیانی روونكردنەوەی پرۆژە بودجەی ساڵی 2021دا كە رەوانەی پەرلەمان دەكرێت بە رەسمی نوسیویەتی لەبارەی پاكتاوكردنی حساباتی قەرزەكانی سەر حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2014 تا ساڵی 2020، روونی دەكەینەوە كە هیچ سەنەدێكی یاسایی نییە رێگە بە هەرێمی كوردستان بدات قەرز لە دەرەوە وەربگرێت، هەروەك چۆن مادەی 110ی دەستور دەسەڵاتە ئیتیحادییەكانی دەستنیشان كردووە بۆ وەرگرتنی قەرز یان ئیمزاكردنی رێككەوتنەكان.

داتپێدانەنان بە قەرزە كەڵەكەبووەكانی سەر هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی عێراقەوە لەكاتێكدایە كە بەپێی داتا رەسمییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئێستا هەرێم زیاتر لە 28 ملیار دۆلار قەرزدارە بەجۆرێك:-

 

كۆی قەرزەكانی (ناوخۆ + دەرەكی) 7.256.283.646 دۆلار

كۆی پابەندییە داراییەكان 8.337.989.532 دۆلار

كۆی پابەندی دارایی تایبەت بە پاشەكەوتی شایستەی دارایی مووچەخۆران و خانەنشینان 8.966.156.514 دۆلار

بابەتی هەردوو بانكی (بازرگانی عێراق و كوردستانی نێودەوڵەتی) 3.916.245.374 دۆلار

كۆی گشتی قەرزەكان 28.476.675.039 (28 ملیارد و 476 ملیۆن و 675 هەزار و 39 دۆلار)