ڕاپۆرتی عیراق

04:04 - 28/12/2020

چارەسەری کێشەکانی عێراق دەبرێتە تاران‌

پەیسەر

دوای ئەوەی هەفتەیەک خەویان لە چاوی بەغداد زڕاند، هەڕەشەی گوێ بڕینیشیان لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد و  چەندین شەوی ئاگراوی و نائاساییان لە پایتەخت ڕێکخست، شاندیكی حکومەتی عێراق گەشتە ئێران و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەمینداری گشتی عەسائییی ئەهلی حەق کرد.

 
عەسائیبی ئەهلی هەق لە هەناوی هێزی مەهدیدا دروستبوو، لە سوریا و عێراق بوونیان هەیە، بارەگای سەرەکیان لە بەغدادە و سەرۆکەکەیان لە ئێستادا لە ئێرانە. 16  ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانیان هەیە لەژێرناوی "كتلة الصادقون"، ئایەتوڵا كازمی حائیری ئێرانی سەركردەی رۆحی و ئاینییانە. لە لیستی تیرۆری ئەمریکادان و لە هەرە توندرەوەکانی شیعەن.

پاش دواین موشەکبارانکردنی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە عێراق، ژمارەیەک چەکداری عەسائیبی ئەهلی حەق لەلایەن دژەتیرۆری عێراقەوە دەستگیرکران و پەنجەی تۆمەت بۆ عەسائیب ڕاکێشرا. لەکاردانەوەی دەستگیرکردنی چەکدارەکانیدا عەسائیب شەوی هەینی، 25/12/2020، شڵەشانێكی ئەمنی خێرایان لە بەغداد رویداو ژمارەیەکی زۆر چەكداری عەسائیبی ئەهلی حەق لە پایتەخت بڵاوەیان پێكراو و هەرەشەیان دەكرد كە كاردانەوەیان دەبێت لە بەرامبەر دەستگیركردنی هاوكارەكانیاندا.

ئەم روداوانە وایکرد هەفتەیەک  پایتەختی عێراق بە حاڵەتێکی نائاسایدا تێپەڕێت و حکومەتی عێراقیش بڕیاریدا وەفدێک بنێرێتە تاران بۆ بینینی ئەمینداری عەسائیبی ئەهلی حەق.


سەردانی شاندی حکومەتی عێراق بۆ ئێران
دوێنی یەکشەممە، 27ی کانوونی  یەکەم 2020. شاندێکی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی ئەبوجیهاد ئەلهاشمی، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی  ئێستای عێراق و سەرۆکی نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی پێشوو "عادل عەبدولمەهدی"، بە فەرمانی تایبەتی کازمی گەشتە تارانی پایتەختی ئێران. وەفدەکە پەیامی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراقیان هەڵگرتبوو بۆ کوبوونەوە لەگەڵ لایەنی بەرپرس.

وەفدەکە لەگەڵ ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق کۆبوویەوە.
پێگەی میدڵ ئێست نیوزی ئێرانی، ئەمڕۆ دووشەممە، 28ی کانوونی یەکەم 2020، ڕایگەیاند وەفدەکەی حکومەتی عێراق لەگەڵ قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق بە ئامادەبوونی بەرپرسانی ئێرانی بەڕێوەچووە.
بەگوێرەی هەواڵەکەی پێگەی میدڵ ئێست نیوز،لە کۆبوونەوەکەدا شاندەکە بە سەرۆکایەتی ئەبوجیهاد ئەلهاشمی گفتوگۆی " کورت و زۆرت نهێنی"یان کردووە.
قەیس خەزعەلی، ماوەیەک لە ئێران ژیاوە و دوو هەفتە پێش ئێستەش بۆ بەشداریکرد لە مەراسیمی کردنەوەی نوسینەگی عەسائیب لە ناوچەی دەوڵەت ئابادی باشوری تاران، کە جێگەی ژیانی زۆرێک لە عێراقییەکانی ئێران بووە، سەردانی ئێرانی کردووە و لەم وڵاتەیە.

ساڵیادی کوشتنی قاسم سولەیمانی و زیادبوونی گرژییەکان
کاردانەوە و لێدوان  و گرژییەکانی  نزیک بوونەوەی ساڵیادی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی سوپای قودس، ئەگەر لە روداوی کوشتنەکەی زیاتر نەبێت ئەوا کەمتر نییە. سولەیمانی لە 3ی کانوونی دووەم 2020 نزیک فرۆکەخانەی بەغداد بە فەرمانی راستەوخۆی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا کرایە ئامانج و کوژرا.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵیادەکەشیدا، فرانک ماکینزی فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە سەردانێکی لەناکاو، لە  21ی کانوونی یەکەم 2020، گەشتە عێراق و هۆشداری دایە ئێران هیچ رەفتارێکی نەشیاو نەنوێنێت لەم ساڵیادەدا و وەڵامی هەر هێرشێکی ئیڕانیش دەدەنەوە کە بکرێتە سەریان.
هەر لەمبارەیەشەوە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە تویتیكیدا ئاماژەی بەوەدا " هەر ئەمریکییەک بکوژرێت ئێران بە بەرپرسیار دەزانم. وریای خۆتان بن."

لە ئێستاشدا ژێردەریای  ئەتۆمی "یو ئێس ئێس جۆرجیا"ی ئەمریکی و ژێردەریاییەکی ئیسرائیلی لە کەنداوی عەرەبیدان و هەردوو وڵاتیش رایانگەیاندووە، هاتنی ژێردەراییەکانیان بۆ کەنداوی عەرەبی پەیامێکە بۆ ئێران.
هەر سەبارەت بەم بابەتە، راگەیاندنەکان باس لە جووڵەی نائاسایی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و بەتایبەت بنکەی سەربازی حەریر لە هەولێر دەکەن.

هەر لە چوارچێوەی ئەو شڵەژانە ئەمنییەی دروستبوو، هەندێك زانیاری تایبەت دزەیان پێكراوە كە دەستی هەواڵگری ئەمریكا كەوتوون و بەپێی ئەو زانیارییانەش ئەمریكییەكان زانیارییان هەبووە كە هەفتەی داهاتوو لە ساڵیادی كوژرانی قاسم سلەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبو مەهدی موهەندیس فەرماندەی حەشدی شەعبی، میلیشیا چەكدارەكان پلانیان هەبووە قاعیدەی سەربازی ڤیكتۆریا موشەكباران و خاپور بكەن كە یەكێكە لە پێگە سەربازییە گرنگەكانی سوپای ئەمریكا و لە نزیك فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدادە.