ڕاپۆرتی عیراق

12:18 - 07/01/2021

سەدام تۆڵەی بەغدادی لە تەلئەبیب کردەوە‌

پەیسەر

کانوونی دووەم 1991 روداوێک جیهانی هەژاند، بە فەرمانی سەدام حسەینی سەرۆکی ئەوکاتی عێراق لە شەنگالەوە هێرش کرایە سەر ئیسرائیل، خەونێکی وڵاتانی عەرەبی دوای دۆڕانی پێنج شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل هاتە دی. ئەم روداوە نەک تەنها بۆ وڵاتانی عەرەبی و جیهان روداوێکی چاوەڕوان نەکراو بوو، بەڵکو ئیسرائیلیشی توشی شۆک کرد و سیستمی بەرگری ئەم وڵاتە لەلایەن موشەکە سکۆدەکانی عێراقەوە تێكشكێنرا.

لەگەڵ یەکەمین هێرشی سەدام بۆ سەر ئیسرائیل، دەستبەجێ ئەم وڵاتە بەفەرمی حاڵەتی هۆشداری شەڕی راگەیاند و حکومەت تاوەکو خۆرهەڵاتن لە کۆبوونەوەیەکی بەپەلەدا بوو.
ئیسرائیلیەکان توشی شۆک بوون کاتێک 8 موشەکی سکۆدی عێراق لە کاتژمێر ٣ی بەرەبەیانی خۆی کرد بە وڵاتەکەیاندا، سێ موشەکیان تەلئەبیبی پایتەخت، موشەکێک شاری حەیفا، سێ موشەکی دیەکیان لە ناوچەیەکی کەم دانیشتوان و کۆتا موشەکیش شوێنێكی نەناسراوی گرتەوە.

سەدام: ئێسکی کچەکەی ئەمریکا تێکدەشکێنین
لە گرتەیەکی ڤیدۆیدا کە پێگەی "تایمزی ئیسرائیلی" بڵاویکردووەتەوە، سەدام حسیەن  باس لەوە دەکات هەر هێرشێک بکرێتە سەریان، بەبێ پرس هێرشدەکەینە سەر ئیسرائیل.

هێرشەکانی عێراق بۆسەر ئیسرائیل کتوومت 24 کاتژمێر دوای ئەوە رویدا کە جۆرج بۆشی باوک، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا، هێرشی ئاسمانی کردە سەر بەغداد.
 لە تۆمارێکی دیکەی دەنگیدا، سەدام حسیەن لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی بەعسدا رایدەگەیەنێت کە بریاری هێرشی بۆسەر ئیسرائیل و سعودیە داوە.
سەدام لە كۆبوونەوەكەدا دەڵێ سەرەتا هێرش دەكەینە سەر ئیسرائیل، با جارێ ئێسكی كچەكەی ئەمریكا بشكێنین، ئینجا نۆرەی سعوودیە دێت، دواتر كێشەكان بەسەر ئیسرائیل و سعوودیەدا دابەش دەكەین.
لە یەکێکی دیکە لە تۆمارە بڵاوبووەکاندا، لە نیسانی 1990، چوار مانگ پێش هێرشی سەدام بۆ سەر کوەیت، سەدام لە دیدارێکیدا لەگەڵ یاسر عەرەفاتی رابەری ئەوکاتی فەلەستین دەڵێت " عێراق چەکی کیمیایی هەیە و بە سەرکەوتووی دژی ئێران بەکاری هێناوە" لەماوەی شەڕی هەشت ساڵەی عیراق و ئێران " و عێراق درێغی ناکات لەبەکارهێنانی ئەم چەکانە دژی تەلئەبیب."

دوای 30 ساڵ سوپای ئیسرائیل ڤیدیۆی هێرشەکان بڵاودەکاتەوە
دوای 30 ساڵ لە روداوە، سوپای ئیسرائیل ڤیدیۆ و وێنەی  موشەکەکانی سوپای عێراق بۆ سەر ئەم وڵاتە بڵاو دەکاتەوە.
ڤیدیۆ و وێنە بڵاوکراوەکانی سوپای ئیسرائیل لە بۆردومانکردنی ئەم وڵاتە بە موشەکەکانی سەدام، حاڵەتێکی ترسناک و نائارم لەناو خەڵكدا لەوکاتەدا بڵادەکاتەوە.

خاڵی سەرنجراکێش لێرەدا ئەوەیە کە عێراق چەندین موشەکی نا بە شارەکانی ئیسرائیلەوە، لە کاتێکدا دژە موشەکەکانی ئیسرائیل تەنها چەند موشەکێکیان پێ تەقێندراوەتەوە و ئەوانی دیکە داویەتی لە باڵەخانە و شوێنەکانی دیکە، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت موشەکە دروستکراوەکانی عێراق سیستمی دژە موشەکی "پاتریۆت"ی ئەمریکایان لەوکاتەدا تێکشکاندووە.
39 موشەکی سکۆدی سوپای عێراق گەشتنە جەرگەی ئیسرائیل و شارەکانی تەلئەبیب، بەندەری حەیفا و نەگەڤ. موشەکەکان دروستکراوی یەکێتی سۆڤیەتی ئەوکات بوون و لەلایەن عێراقەوە چاکسازیان تێدا کرابوو. هیڕسە موشەکییەکان 74 کەسیان کوشت، 230 کەسی دیکەش بریندار بوون و نزیکەی 7440 باڵەخانە و جێگای دیکەیان وێران کرد یان زیانیان پێگەیاند.


جێگایەکی روخاوو بەهۆی موشەکەکانەوە
ئایا ژمارەی موشەکەکان بەراستی 39 موشەک بوون؟
لەبارەی ژمارەی موشەکەکانەوە سەرچاوەکان باس لەدوو ژمارەی جیاواز دەکەن.
یەکێک لە سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدات، ژمارەی موشەکەکانی عێراق 40 موشەک بووە و بەفەرمانی سەدام 39 موشەکیان نراوە بە ئیسرائیلەوە و یەک موشەکیان بە ئەنقەست هێڵراوەتەوە و سەدام رایگەیاندووە ئێمە 39 موشەکمان نا بە ئیسرائیلەوە، کامە وڵاتی عەرەبی غیرەتی ئەوەی هەیە ئەو موشەکەی دیکە بە ئاراستەی ئیسرائیل بتەقێنێت؟!. ئەمەش بۆ ئەوەبوو بیسەلمێنێت خۆی رابەری ئومەی عەرەبییە و هیچ وڵاتێکی دیکەی عەرەبی ئازایەتی عێراق و رابەرەکەی نییە.

یەکێکی دیکە لە سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکات، عێراق لە جەنگی دووەمی کەنداوی عەرەبیدا لە ساڵی 1991، 43 موشەکی ناوە بە ئیسرائیلەوە نەک 39 موشەک.  "43" موشەکەکە بەم جۆرە دژی ئیسرائیل تەقێنراون:
28 موشەکی جۆری ئەلحسەین"هەمان موشەکی سکۆد"  نراوە بە تەلئەبیبەوە.
10 موشەکی جۆری ئەلحسەین نراوە بە ناوچەی حەیفاوە.
5 موشەک لە جۆری " الحجارة السجيل" ی ناوە بە کورەی ئەتۆمی دیمونا. " الحجارة السجيل" ناوەکەی لەو سورەتە قورئانیەوە وەرگیراوە کە باس لە تەیری ئەبابیل دەکات، ئەو تەیرانەی سوپای ئەبرەهەیان تێکشاند و ماڵی خوایان پاراست لە وێرانکردن.
ئەم سەرچاوەیە  دەڵێت، هەرچەندە سەرچاوە ئیسرائیلی و نێودەوڵەتییەکان لەوکاتەدا رایانگەیاند تەنها 39 موشەک بووە، بەڵام ژمارەی راستەقینەی موشەکەکان 43 موشەک بووە و جیاوازیەکەی بەم هۆکارانە راگەیاندووە:
1-ناوەندە چاودێرەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل تەنها 38 موشەکی جۆری ئەلحسەینیان دەستنیشان کرد لەوکاتەدا کە لەلایەن سوپای عراقەوە نرابوون بە ئیسرائیل.
2-ئەم ناوەندانەی لێکۆڵینەوە و چاودێری نەیانتوانیووە پێنج موشەکەکەی جۆری " الحجارة السجيل" دەستنشان بکەن، چونکە ئەم جۆرەیان  لەئاستێکی باڵای تەکنەلۆژیادا بووە لەکاتەدا و بەتایبەت نراون بە کورەی ئەتۆمی دیمۆناوە.
هەر لەم بارەیەوە ، ئەم سەرچاوەیە دەڵێت، لە 26ی شوباتی 1991، سەرچاوە ئیسرائیلییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، عێراق شەش موشەکی ناوە بە تەلئەبیب و حەیفاوە، لە کاتێکدا عێراق لەو رۆژەدا تەنها پێنج موشەکی تەقاندبوو، موشەکی شەشەم پاشماوەی موشەکی پاتریۆتی ئەمریکا بوو کە نەیتوانی بوو موشەکەکانی عێراق بپێکێت، بۆیە لە خۆرهەڵاتی حەفیا کەوتەخوارەوە و گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لەوکاتەدا وەک موشەکی عێراقیان دانابوو، بەمەش 39 موشەکی تەقێنراوی عێراق لەلایەن ئیسرائیلەوە تۆمارکرا.