کوردستان

02:14 - 24/01/2021

هه‌رێمی كوردستان ڤاكسینی كۆرۆنا ده‌كڕێت‌

پەیسەر

حكومەتی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمپانیاكانی بەرھەمھێنانی ڤاكسین لە دانوستاندایە، بۆ ئەوەی ڤاكسینەكە بكڕن.

دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری تەندروستیی ھەولێر، ڕایگه‌یاند، حكومەتی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمپانیاكانی بەرھەمھێنانی ڤاكسین لە گفتوگۆدایە، بۆ ئەوەی ھاوشێوەی عێراق ئەوانیش ڤاكسینی دژی كۆرۆنا بكڕن، بەڵام تاوەكو ئێستا یەكلا نەبووەتەوە كە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان چەند ڤاكسین دەكڕێت، چونكە ئەوە پێویستی بە رێككەوتن ھەیە، بەڵام حكوومەتی ھەرێمیش ئامادەیی نیشان داوە كە ڤاكسین بكڕێت و چەندین كۆبوونەوەش كراوە و نوێنەری ھەموو پارێزگاكانیشی تێدایە، هەروەها وەزارەتی تەندروستی راسپێردراوە بەو كارە ھەڵسێت و ئەوان گفتوگۆكان بكەن.

وتیشی، حكومەتی عێراق گرێبەستی بۆ كڕینی ملیۆنێك و٦٠٠ھەزار ڤاكسین كردووە و رێكارەكان تەواویش بوونە و بڕیارە لە كۆتایی مانگی داھاتوودا، ڤاكسینەكە بگاتە عێراق بۆ ئەوەی بەكاری بھێنن، بۆ ئەو مەبەستەش ھەموو ئامادەكارییەك كراوە.

به‌پێی وته‌ی ئه‌و به‌رپرسه‌ی ته‌ندروستی، لەو ڤاكسینەی حكومەتی عێراقیش كڕیویەتی، پشكی ھەرێمی كوردستانیشی تێدایە و دوای گه‌یشتنی چەندین تیم ئامادەیه‌، بۆ ئەوەی دەست بە بەكارھێنانی بكەن. 

ڤاكسینه‌كه‌ش سه‌ره‌تا، لە پزیشك و كارمەندی تەندروستی و دواتر ھێزی ئەمنی و پاشان كەسانی بەتەمەن و نەخۆشی درێژخایەن دەست پێدەكات.