ڕاپۆرتی عیراق

03:21 - 25/01/2021

عێراق داوای هاوکاری بەپەلە بۆ قەرزکردنی 6 ملیار دۆلار دەکات‌

پەیسەر پرێس

پرۆژە یاسای بودجە هێشتا پەسەند نەکراوە، بەرپرسانی عێراق داوای هاوکاری بەپەلە لە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی دەکەن بۆ قەرزکردنی بڕی 6 ملیار دۆلار. بەرپرسانی عێراق باس لەوە دەکەن، بەم قەرزە دەردی ئابورییە زامدارەکەی ئەم وڵاتەی پێ چارەسەر دەکەن و لەپاڵ هەنگاوەکانی دیکەی وەک دابەزاندنی نرخی دیناری عێراقیش بەشێک لە کورتهێنانی بودجەی پێ پڕدەکەنەوە.

عێراق 6 ملیار دۆلار قەرزدەکات
 عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکیدا لە بەغداد گوتی، عێراق سەرقاڵی دانوستانە لەگەڵ سندوقی دراوی نیودەوڵەتی بۆ وەرگرتنی قەرزێکی 6 ملیار دۆلاری، تاوەکو کورتهێنانی بودجەی پێ پڕبکەنەوە و پێداویستییە داراییەکانیش دابین بکەن.
دووەمین بەرهەمهێنەری نەوتی ئۆپیک، کورتهێنانی بودجەی 2021ی بە 71 تریلۆن دیناری عێراقی"49 ملیار دۆلار" دادەنێت، دوای پەسەند کردنی یاسای کورتهێنانی بودجە لە پەرلەمانی عێراق، ئەم وڵاتە دەتوانێت بە میکانیزمی تایبەتی رێکخراوی دراوی نێودەوڵەتی بۆ هەستانەوەی ئابوریی وڵات، بەپەلە داوای 2 ملیارد دۆلار بکات.
وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، عێراق دەتوانێت لە ڕێگەی بەرنامەیەکی دیکەی پەیوەست بە چاکسازی حکومەتی، چوار ملیار دۆلاری دیکەی کەم-سود قەرز بکات.

سندوقی دراوی نێدەوڵەتی:عێراق داوای هاوکاری بەپەلەی کردووە
 بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، نوێنەری سندوقی دراوی نێدەوڵەتی لە بەیاننامەیەکدا لە رێگەی ئیمەیڵەوە دەڵێت " بەرپرسانی عێراقی داوای هاوکاری بەپەلەیان لە سندوقی دراوی نێدەوڵەتی کردووە و خواستی خۆیان بۆ داواکردنی رێککەوتنێکی درێژماوە بۆ پشتگیریکردنی چاکسازی ئابوری بەرنامە بۆداڕێژراو دەربڕیوە."

هەوڵەکانی عێراق بۆ دابینکردنی تێچووەکانی
ئەگەرچی هاوکاری سندوقی  دراوی نیودەوڵەتی تەنها بەشێک لە کورتهێنانی بودجە پینەدەکات، بەڵام دەشتوانێت کەمبوونەوەی نەختینەی دەرەکی عێراقیش کەمبکاتەوە. ساڵی رابردوو، حکومەتی عێراق زیاتر لە 25 ملیار دۆلاری لەبانکی ناوەندی قەرزکردووە بۆ پێدانی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و دابینکردنی پێداویستیە داراییەکانی.
هەروەها بۆ کەمکردنەوەی فشار لەسەر دارایی گشتی، مامەڵەیەکی لەگەڵ کۆمپانیاکەی چیندا کرد بە بڕی 2 ملیارد دۆلار و لە پێشدا پارەکەی وەرگرت. بەگوێرەی مامەڵەکە نەوت وەک قەرز بۆ دانەوەی بەکاردێت.

حکومەتی عێراق بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە نرخی دیناریشی دابەزاند، ئەمەش دوای راوێژی بانکی ناوەندیی عێراق لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی و سندووقی نێودەوڵەتیی دراو، پێشتر 100 دۆلار بەرامبەر بە 119 هەزار دینار بوو، بەڵام دوای بڕیارەکەی بانکی ناوەندیی عێراق بەهای دینار دابەزی بۆ 100 دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە 146 هەزار دینار.

عێراق پلانی دیکەی هەیە بۆ پارەدارکردن یان هاوکاری کردنی بودجەکەی بۆ پڕکردنەوەی کورت هێنانی بودجە، ئەویش بریتیە لە دەرکردنی قەواڵەی ناوخۆی بە بڕی ٥ ملیار دۆلار .
قەواڵە ، کاخەزێکی داراییە ، حکومەت ئەیفرۆشێ بۆ ماوەیەک بۆ ئەوەی پارەی دەست بکەوێت و دواتر ئەیکڕێتەوە بە زیاتر لەو کەس و لایەنانەی کە کڕیویانە.

دابەزینی نرخی نەوت و پەتای کۆرۆنا
ئابوری عێراق لە ماوەی دابەزینی نرخی جیهانی بۆ نەوت لە حاڵەتی داڕماندایە. هەرچەندە لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت کەمێک ئاهی هاتووەتەوە بە بەردا، عێراق هێشتا لە هەوڵدایە بۆ دابینکردنی تێچووەکانی و تێپەراندنی ئاڵنگارییە ئابورییەکانی. ئەگەرچی بەرنامەی قەرەبووکردنەوەی زیانەکانیشی دیاری کردبوو، بەڵام پارساڵ، زیاتر لەو بڕەی کە بەرهەمهێنەرانی نەوت لەسەری رێککەوتبوون، نەوتی بەرهەمهێنا، چونکە زۆر پێوستی بە پارەی کاش بوو.
هەڵئاوسانی  فرۆشتنی نەوتی عێراقیش واتە دروستبوونی کێشەی دانوستان لەگەڵ OPEC +
عەلاوی  پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ کەمکردنەوەی سەرسورهێنەری نەوتی سعودیە لەم مانگەدا، چونکە بووەهۆی بەرزکردنەوەی نرخی نەوت لە جیهاندا.