ڕاپۆرتی عیراق

02:09 - 27/01/2021

هۆشدارى ده‌درێت له‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى داعش‌

  • ناوه‌ناوه‌ گروپه‌چه‌كداره‌كانی داعش له‌ عێراق چالاكی ئه‌نجامده‌ده‌ن و هێرش ده‌كه‌نه‌سه‌ر سوپای عێراق و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان، به‌رپرسانی سه‌ربازیش هۆشداری ده‌ده‌ن له‌ دووباره‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ و دروستبونه‌وه‌ی گروپه‌چه‌كداره‌كانی داعش له‌ عێراق،  راوێژكاری سەربازیی سەرۆكی ھەرێمی كوردستانیش ده‌ڵێت، ئێستا لە ھەموو عێراق ئه‌و گروپانه‌سه‌ریان ھەڵداوەتەوە و ئەگەر چارە نەكرێت، زۆر بەھێزتر دەبن. بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەش ده‌ڵێت، داعش لە ماوەی سێ هەفتەدا 15 هێرشی کردووە. 

    خۆڕێكخستنه‌وه‌ی گروپه‌چه‌كداره‌كانی داعش
    داعش سوودی لە بۆشاییە ئەمنییەکانی عێراق وەرگرتووە و دەستی بە خۆڕێکخستەنەوە کردووە، لە سووریاوە خەڵکی نوێ دێتە ناویان و چالاكی نوێ له‌ ناوچه‌جیاوه‌زه‌كانی عێراق ئه‌نجامده‌ده‌ن.

    لە باشوور و رۆژئاوای کەرکووک جموجووڵی گروپه‌چه‌كداره‌كانی داعش زیادی کردووە، زیادبوونی کردە چەکدارییەکانی داعش لە نانەوەی بۆمب و بەئامانجگرتنی هێزە عێراقییەکان بەتایبەت لە رێگەی نیشانەشکێنەوە دۆخی باشوور و رۆژئاوای کەرکووکی ئاڵۆز کردووە.

    زیادبونی كاروچالاكیه‌كانی داعش له‌ ناوچه‌جیناكۆكه‌كان دۆخی ئه‌و ناوچانه‌ی ئاڵۆزكردوه‌ و مه‌ترسی له‌سه‌ر دانیشتوانی گونده‌كان دروستكردووه‌.

    لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا لە دوو هەڵمەتی هێزەکانی دژە تێرۆر و ئاسایشی نیشتمانیدا لە سنوری كه‌ركوك شەش چەکداری داعش دەستگیر کراون کە یەکێکیان بەرپرسی بازگەکانی داعشە.

    راکان جبووری، پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکووک رایگەیاندووە داعش زیاتر لەو ناوچانە هەن کە دەکەونە سنووری نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان.

    بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەکانی عێراق، جموجووڵەکانی داعش جگە لە کەرکووک، لە تەواوی سنووری ناوچە دابڕاوەکاندا بە شێوەیەکی خێرا زیادی کردووە.

    هۆشداری ده‌درێت له‌ مه‌ترسیه‌كانی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش
    رێكخراوی تیرۆریستیی داعش جارێكی دیكە لە عێراق خۆی نوێ كردووەتەوە و دووبارە خۆی رێكخستووەتەوە، راوێژكاری سەربازیی سەرۆكی ھەرێمیش ده‌ڵێت، ئێستا لە ھەموو عێراق ئه‌و گروپانه‌سه‌ریان ھەڵداوەتەوە و ئەگەر چارە نەكرێت، زۆر بەھێزتر دەبن.

    بابەكر زێباری، راوێژكاری سەربازیی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، تیرۆریستانی داعش لە ھەموو ناوچەكان جموجۆڵیان بە شێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە و سەرلەنوێ خۆیان رێكخستووەتەوە، پێشتریش ناوچەكانیان داگیر دەكرد بۆ ئەوەی دەوڵەتی ئیسلامی دروست بكەن و شەڕی وڵاتانی بیانیی پێ بكەن كە دواتر سەری نەگرت، بۆیە ئێستا شەڕی پارتیزانی دەكەن كە چوار ساڵ دەبێت خۆیان دروست كردووەتەوە، جگە لەوەش پێشتر داعشەكان مەغریبی و چیچانی و توونسی و خەڵكی وڵاتانی دیكە بوون، بەڵام ئێستا ھەمووی عێراقین و بە رۆژ كاری خۆیان دەكەن و شەوانەش داعشن، پێشتر ھەوڵدەدرا بزانرێت كێ ئەوانە ھان دەدات خۆیان بتەقێننەوە لە وڵاتان، ئێستا عێراقییەكان خۆیان ئەو كارە دەكەن.

    وتیشی، ئێستا لە عێراق ئەوەی ستەمی لێ بكرێت، خۆی دەكات بە داعش، بۆیە گەر حكوومەتێكی راستگۆ نەبێت و دادپەروەری نەبێت، عێراق ئارامی بەخۆیەوە نابینێت، چونكە داعش تەنھا لە ناوچە كوردستانییەكان نییە، بەڵكو لە هەموو ناوچەكانی عێراقیش سەریان ھەڵداوە و لە ئەنبار لە سنووری ئوردن و سووریا بۆسەیان بۆ ھێزەكانی عێراق داناوە، چونكە ئەو ناوچانە چیای زۆرە، بۆیە زۆر زەحمەتە بتواندرێت لەو ناوچانە داعش لەناو ببرێت و لە چیای حەمرینیش بە ھەمان شێوە.

    به‌وته‌ی راوێژكاری سەربازیی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، داعش كە دەچنە ناوچەكانیش، خەڵكی ناوچەكان ھاوكارییان دەكەن و ئەوانیش زیاتر بەھێز دەبن، بۆیە چارەسەری زەحمەتە ئەگەر بە شێوەیەكی دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە نەكەن و چارەیەكی گونجاو نەدۆزنەوە، ئەوا داعش ھەر بەھێزتر دەبێت و زیاتر كردەوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن.

    داعش لە عێراق و سووریا له‌ خۆڕێکخستنەوەدایە و خەڵکی نوێ دەچێتە ناویان، ئەوەش مەترسییە بۆ سەر هەرێمی کورستان و عێراق، لە سێ هەفتەی رابردوودا نزیکەی 15 هێرشیان کردووە.

    سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، ڕایگه‌یاند، هاوئاهەنگییەکانی نێوان پیشمەرگە و سوپای عێراق بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکان زۆر بە سستی بەڕێوە دەچن، ئەوەش هاوکارە بۆ زۆربوونی جووڵەی داعش.

    له‌ ماوه‌ی ساڵی ڕابردووه‌وه‌ تاكوئێستا، فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان 82 جار بنکە و بارەگاکانی داعشیان لە سنووری مەخموور و چیای قەرەچوخ بۆردوومان کردووە و 156 چەکداری داعشیان کوشتووە.