کوردستان

12:04 - 10/01/2019

زانیاری لەبارەی ئەگەری كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی‌

پەیسەر

دوای هەڵپەساردنی كۆبوونەوەكان لەلایەن پارتییەوە، هەوڵەكان بۆ جارێكی تر گەڕانەوە بۆ سەر مێزی كۆوبونەوەكانی نێوان یەكێتی و پارتی دەستی پێكردووە و پێدەچێت رۆژی شەممە كۆبوونەوەی ئەو دوو لایەنە ئەنجامبدرێت.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگاداری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە دەستی كەوتووە، چەند سەركردەیەكی یەكێتی و پارتی هەموو هەوڵێكیان  خستۆتەگەڕ، بۆ ئەوەی رۆژی شەممەی داهاتوو یەكێتی و پارتی لەسەر ئاستی باڵاكۆببنەوە.

لەبارەی هۆكاری رانەگەیاندنی كاتی كۆبوونەوەكە بە شێوەیەكەی فەرمی سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت: بەهۆی ترسیان لە سەرنەگرتنی كۆبوونەوەكەو  ئەگەرەكانی بەردەم هەڵوەشاندنەوەی، نایانەوێت بە شێوەی فەرمی كاتی كۆبوونەوەكە ئاشكرا بكەن. 

سەرچاوەكەی  مەكتەبی سیاسی پارتی، یەكێتیشی بەوە تۆمەتباركرد كە دەیانەوێت پێكهێنانی كابینەی حكومەت دوابخەن، دەشڵێت یەكێتی نەرمی نواندووە بۆ گۆڕینی ئەندامانی وەفدی دانوستانكار ، بەڵام ئەوەی تائێستا ئاستەنگە ئەوەیە كە پارتی داوای ناوی كاندیدەكانی یەكێتی دەكات لەكۆبونەوەی داهاتوودا.

سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەشڵێت، ئەگەر كۆبونەوەكەی رۆژی شەممە سەربگرێت ئەوە هەفتەی داهاتوو وەفدی پارتی بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان دێتەوە سلێمانی و پاشانیش لەهەولێر لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان كۆدەبێتەوە.