ڕاپۆرتی عیراق

04:09 - 02/02/2021

سەردانی پاپایەک بۆ عێراق لە سەردەمی نوێدا‌

پەیسەر

سەردانیکردنی پاپا فرانسیس بۆ عێراق لە مانگی داهاتوودا، دەبێتە یەکەمین سەردنیکردنی پاپایەک لە سەردەمی نوێدا بۆ ئەم وڵاتە. پاپا نایەوێت مەسیحییەکانی عێراق بۆ جاری دووەم بێ هیوا بکات و خۆی بە قەشەی ئازارچەشتووەکان دادەنێت. چەندین شار و شارۆچکە و کەسایەتی لە لیستی بەرنامەی سەردانەی مانگی ئازاری پاپادان.

پاپا فرانسیس ئەوهەواڵانەی رەتکردەوە کە باس لە دوودڵی پاپا دەکەن بۆ ئەم سەردانەی و رایگەیاند، بڕیاریداوە مانگی داهاتوو سەرەڕای رێگرییەکانی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا سەردانی عێراق بکات.
 فرانسیس بە  خزمەتگوازی هەواڵی کاسۆلیکی راگەیاند "تەنانەت ئەگەر رێکارەکانیش ببنەهۆی  دوری کۆمەلایەتی و ڕێگربن لە دیداری مەسیحییەکانی عێراق لەگەڵ ئەو، بەڵام  ئەوان دەیانەوێت ببینن کە پاپا لە وڵاتەکەیاندایە."
پاپای ڤاتیکان وتی " من قەشەی ئەو کەسانەم کە ئازار دەچێژن."

سەردانیکردنی پاپای 84 ساڵە بۆ عێراق، دەبێتە یەکەمین سەفەری ئەو دوای سەردانیکردنی ژاپۆن و تایلەند لە تشرینی دووەم 2019، پاپا ناچاربوو سەردانەکانی خۆی بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە رابگرێت.

پاپا لە عێراق سەردانی کوێ دەکات؟
لە سەردانەکەی 5-8 ی ئازار، چاوەڕواندەکرێت پاپا فرانسیس بچێتە بەغدادی پایتەخت،  موسڵی دووەمین شاری گەورەی عێراق  و ئور، شارێکی باشوور کە لە کتێبی پیرۆزی مەسیحیەکاندا بە جێگای لەدایکبوونی حەزرەتی ئیبراهیم ناوی هێنراوە.

پاپا لە سەردانەکەشیدا چاوی دەکەوێت بە کەسایەتی ئاینی بەناوبانگی شیعە، ئایەتوڵا عەلی سیستانی لە شاری نەجەفی باشوری عێراق، بڕیارە لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و شارۆچکەی قەرەقوشی مەسیحییەکانیش لابدات.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق، سەردانەکەی پاپای بە "پەیامی ئاشتی بۆ عێراق و تەواوی ناوچەکە" وەسفکردووە.

جێهێشتنی عێراق لەلایەن مەسیحییەکانەوە
دوابەدوای توندوتیژیەکانی هێرشی هاوپەیمانان  لە ساڵی 2003بۆ  سەر  عێراق بە رابەری ئەمریکا، ژمارەی مەسیحییەکان لە نزیکەی ملیۆن و نیوێکەوە کەمبووەتەوە بۆ کەمتر لە 400 هەزار کەس. لەگەڵ هێرشی گرووپە سونییەکان و بەتایبەت داعش، هەر لە روخاندنی کڵێسا و شارۆچکە مەسیحییەکان لە دەشتی نەینەوا، ژمارەیەکی زیاتری مەسیحی عێراقیان جێهێشت.

فرانسیس دەبێتە یەکەمین پاپا سەردانی عێراق بکات
هیچ پاپایەکی مۆدێرن تا ئێستا سەردانی عێراقی نەکردووە. لە ساڵی 1999، ئامادەکاری کرا بۆ پاپا جۆن پاوڵ وەک بەشێک لە سەردانەکەی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەردانی عێراقیش بکات، بەڵام سەدام حسەین وتی، ناتوانێت سەلامەتی پاپا  لە ئەستۆ بگرێت، بەمەش سەردانەکە هەڵوەشایەوە. فرانسیس بە CNCراگەیاند، نایەوێت بۆ دووەم جار مەسیحیەکانی عێراق بێ هیوا بکات.

لەوکاتەوەی لە ساڵی 2013 بووەتە پاپا، فرانسیس گرنگی بە گفتوگۆی نێوان ئاینەکان و ئازادی مەزهەب دەدات. پاپا سەردانی چەندین وڵاتی زۆرینە مسوڵمانی وەک ئوردن، تورکیا، میسر و ئیماراتی کردووە.