ڕاپۆرتی عیراق

01:30 - 03/03/2021

میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە عێراق؛ لە گروپی بچوکەوە بۆ دەوڵەتی قوڵ‌

پەیسەر

"لە عێراق میلیشیاکان ئاسایش دابین دەکەن، هێزی سیاسی بەدەستدەهێنن و وڵات دابەشدەکەن"، ئەمە ناونیشانی راپۆرتێکی پێگەی (defenseone)ی تایبەت بە ئاسایش و بەرگرییە لەبارەی عێراقەوە، کە باس لە دەسەڵات و هەژموونی میلیشیاکانی عێراق و ئەگەری سەرهەڵدانی جەنگ دەکات. فەرماندەیەکی ئەمریکاش لە عێراق باس لە سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ دەکات.

لە سەرەتای راپۆرتەکەدا هاتووە، "میلیشیا سەرسەرییەکان هەڕەشەی بردنی عێراق بەرەو شەڕی ناوخۆ دەکەن، بەرپرسانی سەربازی ئەمریکاش هۆشدارییەکانیان لەم بارەیەوە زیاتر کردووە."

فەرماندەیی گەورەی سوپای ئەمریکا لە عێراق (Paul Calvert) بە پێگەکەی وتووە، "پێم وایە لە ئێستادا دوو هەڕەشەی گەورە لەسەر عێراقە؛ یەکەمیان میلیشیا چەکدارەکان و دووەمیان قەیرانی ئابووری، فەرامۆشکردنی ئەم دوو هەڕەشەیە ئەو دەستکەوتانەش لەناودەبەن کە بەدەستهاتوون."

گۆڕانی بەردەوامی تۆڕی گروپە چەکدارەکان لە عێراق، بەرپرسانی ئەمریکی و عێراقی تووشی نائومێدی کردووە. لە واشنتن هەموان دەزانن کە ئێران کێشەکەیە، چونکە ئەم گروپانە لەلایەن تارانەوە پشتیوانیان لێدەکرێت و ئاڕاستە دەکرێن، بەرپرسانی سەربازی و شیکەرەوانیش پێیان وایە دۆخەکە لەوە ئاڵۆزترە کە دەبینرێت.

فەرماندەکەی ئەمریکا لە عێراق و سوریا پێی وایە حکومەتی عێراق کۆنترۆڵێكی کەمی بەسەر میلیشیا چەکدارەکاندا هەیە. لەگەڵ ئەوەشی ئەم گروپانە لە زۆر ئامانجدا هاوبەشن، بەڵام لە بابەتی چوونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا و کاریگەری ئێران لە عێراق ناکۆکییان هەیە.

فەرماندە سەربازییەکەی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنەکەیدا ئاماژە بە ناکۆکی نێوان شتیعەکان دەکات و دەڵێت، "بۆ من و ئەو کەسانەشی لەناو حکومەتی عێراقدان و من قسەم لەگەڵ کردوون، روونە کە ناکۆکی لەنێوان شیعە نیشتمانییەکان و ئەو گروپە شیعانەدا هەیە کە سەر بە ئێرانن و ئەمەش نیگەرانی لەبارەی سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆوە زیاتر کردووە."

راپۆرتەکە باسی کاریگەری حەشدی شەعبی دەکات و ئاماژە بەوە دەکات، حەشدی شەعبی لە بەرامبەر سەرهەڵدان و گەورەبوونی داعش دروستبوون و گەورەبوون، کاریگەری گەورەشیان لە تێکشکاندنی داعشدا هەبوو. دواتر بەشێکی گەورەیان چوونە ناو هێزی بەرگری عێراق و ساڵانەیەکی دوو ملیار و نیو دۆلاریشیان بۆ دابینکرا. بەڵام بەشێکیان لە دەرەوەی حکومەتدا مانەوە و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ گروپە چەکدارەکان بەردەوام بوو، بە ئەمری واقعیش کۆنترۆڵی بەشێکی ناوچەکانیان کردووە و ئاسایشی ئەم ناوچانەیان لەژێر دەستدایە.

مەترسی ئەم گروپانە تەنها چەکەکانیان نییە، بەڵکو نوێنەرایەتی گەورەشیان لە پەرلەمان هەیە و نزیکەی ٥٠ کورسیان لە پەرلەمان هەیە. هەر بۆ نموونە لیستی سادقونی قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەھل حەق کە ساڵی ٢٠١٩ خرایە لیستی تیرۆری ئەمریکاوە، ١٥ کورسی پەرلەمانی عێراقیان بەدەستەوەیە.

بەشێک لە گروپە چەکدارەکان هێرش دەکەنە سەر ئامانجە ئەمریکییەکان، دوای دەستبەکاربوونی جۆ بایدن میلیشیا چەکدارەکان هێرشیان کردە سەر ئامانجەکانی ئەمریکا لە هەولێر و شەوی رابردووش هێرشیان کردە سەر بنکەی عەینولئەسەد لە پارێزگای ئەنبار.

لە وەڵامی هێرشەکەی هەولێر، ئەمریکا لە سنوری عێراق و سوریا هێرشی کردە سەر گروپە چەکدارەکان، ئەمەش ئەو بۆچوونەوەی رەتکردەوە کە پێی وابوو جۆ بایدن وەک ترەمپ رەق و توند نابێت لەگەڵ گروپە چەکدارەکانی سەر بە تاران.

دواتریش بایدن هۆشداری بە ئێرانییەکان دا و وتی، هێرشە پەیامێک بووە بۆ ئێران کە "رەفتارەکانتان بێ سزا نابێت، وریا بن."

ئەم پەیامەش هەمان پەیامی رەقی ترەمپ بوو بۆ ئێرانییەکان کە، سزای ئەو گروپانەی سەر بە ئێران دەدرێت کە هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا.

فەرماندەکەی ئێران باسی لەوەش کردووە، "گومانی تێدا نییە ئێران دەیەوێت عێراق بکات بە وڵاتێکی پەیوەست بە خۆیەوە. ئەمەش بە دوو رێگا دەکات؛ یەکەم لە رێگای کوتلە سیاسییەکانەوە کە هاوپەیمانی تارانن، دووەمیش لە رێگای میلیشیا چەکدارەکانەوە کە هاوکاری و فەرمان لە تارانەوە وەردەگرن."

سەرەتای ئەمساڵ جەنەڕاڵ فرانک ماکێنزی فەرماندەی باڵای سوپای ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند، مەرج نییە هەموو گروپەکان بە تەواوی ئەو کارە بکەن کە لەلایەن تارانەوە پێیان سپێردراوە، هەندێک لە هێرشەکان بە فەرمانی راستەوخۆی تاران ئەنجام دەدرێن، بەڵام هەندێک لە هێرشەکانیش بەبێ فەرمانی تارانە و تەنانەت بەرپرسانی ئێرانیش ئاگایان لێی نییە. بەشێک لە گروپە چەکدارەکانیش گروپی دیکە بەکاردەهێنن لە هێرشەکانیاندا تاکو خۆیان ون بکەن و دواتر لەلایەن ئەمریکاوە سزا نەدرێن.

وەڵامەکەی ئەمریکا بۆ هێرشەکەی سەر هەولێر، جارێکی دیکە گفتوگۆکانی لەبارەی دەسەڵاتە سەربازییەکانی سەرۆکی ئەمریکای هێنایەوە سەر مێز، کە ئایا سەرۆکی ئەمریکا بەبێ گەڕانەوە بۆ کۆنگرێس دەتوانێت هێرش ئەنجام بدات، لە کاتێکدا وڵاتەکەیان لە جەنگدا نییە.

 تیم کاین سیناتۆری دیموکرات رۆژی سێشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی، "کۆنگرێس مۆڵەتی بە هێرش کردنە سەر گروپە ئێرانییەکان نەداوە، چونکە ئەمە جەنگ نییە."

فەرماندەکەی سوپای ئەمریکا لە عێراق باس لە بەهێزبوونی حزبوڵای عێراقی دەکات و دەڵێت، ئەم گروپە لەوە دەرچووە تەنها گروپێکی ناو عێراق بێت و بەرەو ئەوە دەچێت ببێتە بە گروپێکی ناوچەیی هاوپەیمانی تاران."

لەبارەی توانای خۆپارێزیشیان دەڵێت، لەگەڵ ئەوەی لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ بەشێک لە سوپای ئەمریکا کشایەوە، دەتوانن خۆیان لە هێرشەکان بپارێزن، بەڵام مەترسییەکان لە سەر رەوایەتی حکومەتی عێراقە.