کوردستان

12:47 - 04/03/2021

هەرێم.. كۆرۆنای گۆڕاو لە هەڵكشاندایە و کوتان دەستیپێكرد‌

کوتان بە پێکوتەی کۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان دەستیپیكرد، كەمی ڕێژەی ڤاكسینەكەش نیگەرانی لای بەرپرسانی تەندروستی دروستدەكات، تەندروستیی هەرێمی کوردستانیش دڵنیایی دەدات لە دابینکردنی بڕی زیاتری ڤاکسین بە پاڵپشتی حكومەتی عێراق، ڕێژەی توشبون بە كۆرۆنا گۆڕاوەكەش لەبەرزبونەوەدایە و هۆشداری توندیش بەهاوڵاتیان دەدرێت.

هەرێم.. کوتان بە پێکوتەی کۆرۆنا دەستیپێكرد
دوای ئەوەی بڕیاری بەکارهێنان و دابەشکردنی ڤاکسینی سینۆفاڕم-ی دژە ڤایرۆسی کۆرۆنا COVD19 لە هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی تەندروستیەوە، لەگەڵ دەرچوونی بڕوانامەی شیکاری و رێگەپێدانی بەکارهێنان و سەلامەتیی وەرگرتن، دەرچوو.

هاوكات، بە فەرمی بڕیاری دابەشکردن و پێدان و بەکارهێنانی ڤاکسینی دژی ڤایرۆسی کۆڕۆنا درا، سەنتەرەکانی وەرگرتنی پێکوتە لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان وەکو قۆناخی یەکەم بۆ کوتانی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستیی هێڵی پێشەوە لە نەخۆشخانەکان و سەنتەرەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بەپێی رێنمایی و پلانی نیشتمانی داڕێژراو دەستپێدەكەن.

دکتۆر هێرش سید سەلیم، جێگری بەڕێوبەری گشتی تەندوستی سلێمانی بە پەیسەری ڕاگەیاند، بڕی ئەو ڤاكسینەی كە بۆ هەرێمی كوردستان دابینكراوە ڕێژەیەكی كەمە و چاوەڕوانی وەجبەكانی داهاتو دەكەین.

وتیشی، ڤاكسینەكە هیچ مەترسیەكی نیە و بەپێی لێكۆڵینەوەكان هیچ كێشەیەكی نیە و ئەو دەنگۆیانەی كە باس دەكرێن لە سەر خراپی ڤاكسینەكە دورن لە ڕاستیەوە و بەكارهێنانیشی ئیختیارییە.

ڤاکسینی جۆری سینۆفاڕمی چینی لەلایەن کۆماری چین بە بڕی پێنج هەزار ژەم بۆ هەرێمی کوردستان دابینکراوە.

د. ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان دڵنیایی داوە لەوەی "بەردەوام دەبین لە هەموو هەوڵەکانی دابینکردنی بڕی زیاتری ڤاکسین بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی عێراقی فیدراڵ بۆ چین و توێژەکانی دیکەی مەترسیدار لە کۆمەڵگە لەپێناو دوورخستنەوەی ئەم پەتایە لە هەرێمی کوردستان".

وەزارەتی تەندروستی چەند رێنماییەکی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی تەندروستیی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، ئیدارەی گەرمیان، ئیدارەی راپەڕین و کۆیە کردووە و داوایان لێدەکات بە ناردنی نوێنەری رێگەپێدراویان بۆ وەرگرتنی بەشە ڤاکسینی بەڕێوەبەرایەتییەکانیان بەپێی خشتەی پلانی دابەشکردن.

بەپێی نووسراوی وەزارەتی تەندروستی، "پێویستە" کاروانی یەکەمی ڤاکسینی کۆرۆنا بۆ تەمەنی نێوان 50 بۆ 60 ساڵان بێت.

ئەمڕۆ کوتان بە پێکوتەی کۆرۆنا لە سنووری پارێزگای هەولێر، دەستیپێكرد، د. بژار مووسا، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر ڕایگەیاند، بۆ پێدانی پێکوتەی کۆرۆنا سەرجەم ئامادەکارییەکانمان تەواو کردووە و سەرەتاش  ڤاکسینەکە لەو توێژانە دەدرێت کە بەپێی کارەکانیان ئەولەویەتیان پێ دراوە.

وتیشی، ئەو کەسانەی بەپێی تایبەتمەندیی کارەکانیان سەرەتا پێکوتەکەیان لێ دەدرێت، بریتین لە پزیشک و کارمەندانی وەزارەتی تەندروستی، هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش و هێزە ئەمنییەکان.

كۆرۆنای گۆڕاو لە هەرێم لە هەڵكشاندایە
ئامارەكانی كۆرۆنای گۆڕاو لە هەرێمی كوردستان بەرزدەبنەوە و لە هەولێر، سەرجەم بازگەکان بە رووی گەشتیارییەکاندا داخراون، لەسلێمانیش داوادەكرێت ڕێگە لە هاتوچۆی پارێزگاكانی دیكەی عێراق بگیرێت بۆ ناوشارەكە، لە دهۆكیش زیاتر لە 90 تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو تۆمارکراون.

بەهۆی بەرزبونەوەی حاڵەتەكانی توشبونە بەكۆرۆنای گۆڕاو، چەند رۆژێکە پارێزگای هەولێر رێکارەکانی رێگریی لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا توندترکردووەتەوە و لە راگەیەنراوێکدا، ژووری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر ئاماژەی بەوەکرد، هەرکەس ماسک نەبەستێت توشی لێپێچینەوەی یاسایی دەبێت.

هاوكات، لە سنوری پارێزگای هەولێر، سەرجەم بازگەکان بە رووی پاسە گەشتیارییەکاندا داخراون و واچاوەڕوان دەكرێت ڕێكارەكانی خۆپارێزی توندتربكرێنەوە.

لەسلێمانیش، رێژەی تووشبوون بە كۆرۆنا لە بەرزبوونەوەدایە و زیاتر لە 25 تووشبوو لە نەخۆشخانەكانی تایبەت بە كۆرۆنادا چارەسەر وەردەگرن.

زیاتر لە 90 کەس لە دهۆک تووشبووی جۆرە گۆڕاوەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنان. ئەو تووشبووە نوێیانە هیچ کامیان بەرکەوتنیان لەگەڵ ئەو 15 تووشبووەی کۆرۆنای گۆڕاودا نییە کە سێ رۆژ پێش ئێستا راگەیێندران.

رۆژی 28ی شووباتی 2021 د. فەرهاد ئیسماعیل، بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستی لە دهۆک رایگەیاند، لە سنووری ئەو پارێزگایەدا 15 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو بوون.

پێشتر د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەراورد بە مانگی رابردوو رێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا چوار هێندە زیادیکردووە و زۆربەی ئەوانەشی تووشی کۆرۆنا دەبن، تووشبووانی کۆرۆنای گۆڕاون.

بەپێی ئامارەکەی وەزارەتی تەندروستی، لە 24 کاژێری رابردوودا پێنج هەزار و 229 پشکنینکراون، ئەنجامی پشکنینی 237 کەس پۆزەتیڤ بوون، زۆرترین تووشبوو لە پارێزگای هەولێر بووە و لە هەڵەبجەش هیچ تووشبوویەک دەستنیشان نەکراوە. هەروەها 174 تووشبووی پێشووی ڤایرۆسەکەش چاکبوونەتەوە.

لە 24 کاژێری رابردوودا پێنج هەزار و 229 پشکنینکراون، ئەنجامی پشکنینی 237 کەس پۆزەتیڤ بوون، زۆرترین تووشبوو لە پارێزگای هەولێر بووە و لە هەڵەبجەش هیچ تووشبوویەک دەستنیشان نەکراوە، لە هەولێر، 112 توشبوو، سلێمانی 53 توشبوو، دهۆك 72 توشبوو. هەروەها 174 تووشبووی پێشووی ڤایرۆسەکەش چاکبوونەتەوە.

مەترسیەكانی كۆرۆنا گۆڕاوەكە لەسەر پرۆسەی خوێندن
بەپێی بڕیاری لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان، خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکان بەردەوام دەبێت، بەڵام رێکارەکانی خۆپارێزی تووند دەکرێن.

هاوكات، یاد و بۆنەکانی مانگی ئادار بەرز رادەگیرێن، بەڵام بەبێ گردبوونەوەی جەماوەری بەڕێوەدەچن.

یەكێكی دیكە لە بڕیارەكان، قەدەغەکردنی هاتنی پاسی گەشتیارانە بۆ هەرێمی کوردستان، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگاکان راسپێردراون کە چاودێریی جێبەجێکردنی رێنماییەکان بکەن.

بەستنی ماسک و پاراستنی دوورەپەرێزیی کۆمەڵایەتی لەو رێکارانەن کە وەزارەتی ناوخۆ جەختی لەسەر دەکاتەوە و دەڵێت، سزای ئەو کەسانە دەدەن کە ماسک نابەستن، بەپێی رێنماییەکانی پێشووی وەزارەتی ناوخۆ، سزای نەبەستنی ماسک، 20 هەزار دینارە.


لە سلێمانی بەهۆی بوونی حاڵەتی ڤایرۆسی كۆرۆنا بڕیاری داخستنی قوتابخانەیەك دەدرێت.

بەپێی نوسراوێكی وەزارەتی پەروەردە، بەهۆی تەشەنە سەندنی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە قوتابخانەكەیان بڕیاری داخستنی قوتابخانەی ئامێدی بنەرەتی كوڕان بۆ ماوەی 14 ڕۆژ درا.

تاوەکو ئێستا زیاتر لە 680 هەزار و 937 کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، 625 هەزار و 447 لەو تووشبووانە چاکبوونەتەوە، واتا 91.9%ـی تێکڕای تووشبووان، هەروەها 41 هەزار و 517 تووشبووی کۆرۆنا هێشتا چارەسەر وەردەگرن، 377 لەو تووشبووانە لەژێر چاودێری چڕدان، 13 هەزار و 324 تووشبووی کۆرۆناش گیانیان لەدەستداوە.

تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 110 هەزار تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراون، لەو ژمارەیە نزیکەی 104 هەزار تووشبوو چاکبوونەتەوە و سێ هەزار و 525 تووشبوویش مردوون.