ڕاپۆرتی عیراق

12:14 - 15/03/2021

ئایا شەنگال دەبێتە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی هەژموونی ئێران و توركیا؟‌

پەیسەر

گۆڤاری (ذا ناشيونال ئینترست) ی ئەمەریكی لە راپۆرتێكیدا باس لە ململانێ و هەژموونی نێوان توركیا و ئێران لە عێراق دەكات، بەپێی ڕاپۆرتی ئەو گۆڤارە هۆكاری سەرەكی ئەو ململانێ هەرێمایەتییە پەیوەندی بە هاوكێشەی هەژموون و دەسەڵاتی هەردوولایە لەسەر عێراق و هەریەكەیان كار بۆ ئەوە دەكات هەژموونی لەوی دیكە زیاتربێت و ئەم كارەشیان لە ڕێگەی پەرەپێدان و دۆسیەی ئابوورییەوەیە لەو وڵاتەدا لەبەرژەوەندی خۆیان.

ڕاپۆرتی گۆڤارەكە باس لەوە دەكات تاران هەست بە نائارامی و نیگەرانی دەكات لەبەرامبەر ئەنكەرەدا بەتایبەتی لەبابەتی مانەوەی بەردەوامی توركیا لە ناوچەی شەنگال بە بیانووی هەبوونی هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان لە باشووری كوردستان و بۆ ئەو مەبەستەش چەندین سەربازگە و پێگەی ئەمنی و سیاسی هەمیشەیی هەیە، ئەم كارەی پێشتریش لە ناوچەكانی پارێزگای دهۆكی سنووری خۆی و لە رۆژئاوای كوردستانیش بە باشوری رۆژهەڵاتی سوریاش كردووە بە هەمان پاساو.

بەلەبەرچاو گرتنی پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و سوریا، لە ڕووی نەتەوەو زمان و پەیوەندییە هەمەلایەنەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە، دەكرێت بگوترێت كارئاسانی زۆری كردووە بۆ ئەوەی ئێرانیەكان لەو ڕێگەیەوە هەژموون و بوونی خۆیان بسەلمێنن، بۆ ئەو مەبەستەش بەردەوام ئێران كار لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە ئەو نەیار و لایەن نیە لەو دوو وڵاتەدا و نایەوێت هەژموونەكانی وەك نەیارو دوژمن وێنابكرێت، هەربۆیە بەردەوام خاڵە هاوبەشەكانی نێوان وڵاتەكەی و ئەو دوو وڵاتە وەبیر دێنێتەوەو دەیەوێت لەو ڕێگەیەوە شەرعیەت بە بوون و مانەوەی بدات.

لەبەرامبەر ئەوەشدا توركیا ڕكابەری سەرەكی ئابووری ئێرانە لە بازاڕەكانی عێراقدا و بەپێی ڕاپۆرتە رۆژنامەوانییەكە تەنها لە 2019 دا توركیا بە قەبارەی 10.2 ملیار دۆلار شمەكی جۆراوجۆری هەناردەی عێراق كردووە، بەڵام لە هەمان ساڵدا ئێران 9.6 ملیار دۆلار شمەكی ڕەوانە كردووە. بەمەش جیاوازی گەورەی بازرگانی ئەو دوو وڵاتەمان بۆ دەردەكەوێت.

كۆمپانیا توركیەكان 900 پرۆژەی بیناسازییان بە بڕی 25 ملیار دۆلار لە عێراق ئەنجام داوە، لە بوارەكانی ژێرخانی ئابووری، وزە، پیشەسازیی پترۆكیمیاویی و چەندین پرۆژەی تر.

لە لایەكی تریشەوە كێ بەركێی تری نێوان ئەو دوو وڵاتەدا لە عێراقدا پەیوەندی بە كارەباشەوە هەیە، لە پێشوودا ئێران دەستی بەسەر ئەو بوارەدا گرتبوو، بەڵام لەم دواییانەدا توركیا لەو بوارەشدا دەستی بەكار كردووەو كارەبای گەیاندووەتە سنوورەكانی خۆی لە ناوچەی پارێزگای دهۆك و هەموو سنوورە بازگانییەكانیشی خستوەتە خزمەتی ئەو كارەیەوە.

ئایا ململانێكە سەر دەكێشێت بۆ سەربازیی؟
بە پێی ڕاپۆرتی ئەو گۆڤارە ئەمەریكییە، هەرچەندە توركیا خۆی لەوە لادەدات و نایەوێت لە ڕووی سەربازییەوە لە عێراقدا بچێتە بەرامبەر ئێران، بەڵام بەردەوام كار لە سەر فراوانبوونی هەژموونەكانی دەكات لە سەر هەردوو دراوسێی باشووری خۆی، كە هەردوكیان دەكەونە باشوورو رۆژئاوای كوردستان.

بەڵام سروشتی ململانێكان لە ئێستادا ئەوەندە گەرم بووە، كە چاودێران بەدووری نازانن لە بواری ئابووریی و هەژموونەوە بگوازرێتەوە بۆ بواری سەربازیش، لەبەر ئەوەی ناوچەی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دوو وڵاتە ئەوەندە بەرتەسك بووەتەوە كە ئەگەری سەربازیی و هێزیش بەناچاری پەلكێشی ململانێكان ببێت و بە ئاسانیش بەریەكتری بكەون، بەتایبەتی ئەگەر لایەكیان هەست بە مەترسی ڕاستەوخۆ بكات بە دوور نازانرێت ببێتە دەستپێشخەری ئەو شەڕە چاوەڕوانكراوە.

ساڵیك لەمەوبەر و لە مانگی شوباتی 2020 دا خەریك بوو ئێران وتوركیا لە پارێزگای ئیدلیبی سوریا بەریەك بكەون و شەڕلە نێوانیاندا هەڵبگیرسێت، بەتایبەتی ئەو كاتەی كە بۆیەكەم جار میلشیاكانی سەر بە ئێران لەو ناوچەیە بڵاوەیان كردو شەڕی ئەو گروپانەیان كرد كە لەلایەن توركیاوە پشتیوانی دەكران و ئەجێندای ئەو وڵاتەیان پەیرەو دەكرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گۆڤارە ئەمەریكیەكە، ئەگەر توركیا بیەوێت هێرشی سەربازیی بكاتە سەر شەنگال و شەری حەشدی شەعبی –نزیك لە ئێران – بكات، ئەستەمە ئێران دەستەو ئەژنۆ دابنیشێت و سەیركەری ڕووداوەكان بێت، لێبگەڕێت توركەكان پێگەی خۆیان لەو ناوچەیەدا پتەوبكەن و هەرچییان بووێت بیكەن.

هەرچەندە ئێران و توركیا پێكەوە مەترسی ئەو كوردانەی باكووری كوردستانیان هەیە كە باكووری عێراقدا نیشتەجێن، هەر ئەوەش پاڵی بە توركەكانەوە ناوە كە بچنە ئەو ناوچانە و هەژموونی خۆیان بسەپێنن، بەڵام لەبارەی شەنگالەوە ناكۆكن و هەریەكەیان دەیەوێت بەو شێوەیە بشكێتەوە كە خۆیان دەیانەوێت.

هەر لەو پێوەندییەدا بوو كە ئەردۆگان هەڕەشەی داگیركردنی سەربازیی شەنگالی كردووە، دوای ئەوەش حەشدی شەعبی هەزاران چەكداری خۆی بردە ناوچەكە و ڕایانگەیاند كە ڕیگە نادەن ئەنكەرە بەشێك لە وڵاتەكەیان بخاتە ژێردەسەڵاتی خۆیەوە و داگیری بكات.

میدیاكانی توركیاش ئەم هەنگاوەی حەشدی شەعبییان وەك بەرگری و دەربازكردنی پارتی كرێكارانی كوردستانی –نەیاری توركیا-لێكدایەوە، ڕایانگەیاند كە لەپشتی ئەوانەوە ئێران پشتیوانی لە بوون و مانەوەی پەكەكە دەكات.

لە مانگی شوباتی ڕابوردوودا ئەنكەرە ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی لە چیای گارا ئەنجامدا لە پارێزگای دهۆك گوایە بۆ ئەوەیە كە ژمارەیەك گیراوی توركی لای پەكەكەن و دەیانەوێت ئازادیان بكەن، داوی ئەوەی پرۆسەكە شكستی هێنا و 13 كەسە بەدیلگیراوەكە كوژران، ئەردۆگان هەڕەشەی فراوانبوونی هێرشەكانی بۆ سەر پارتی كرێكارانی كوردستان كرد لەناوچەی شەنگال، گۆڤارەكە باسی لەوەش كردووە ئەو ناوچەیە كاریگەری زۆری هەیە بۆ سەر پێگەی جوگرافی رۆژئاوای كوردستان و سنووری نێوان عێراق و سوریا.

گۆڤارە ئەمەركییەكە باسی لەوەش كردووە، پەیوەندییەكانی نێوان ئەنكەرەو تاران تازە نییە، بە ڵكو لە مانگی حوزەیرانی ڕابوردوو 2020 توركیا هێرشی ئاسمانی و مووشەكی كردە سەر پەكەكە لە باكووری رۆژهەڵاتی عێراق وو دواتریش دەركەوت كە چالاكییەكە بە ئاگاداریی و ڕەزامەندی هەردوولا بووە.

لەم داوییانەشدا ئێران هەستی بەوە كردبوو كە هەژموونی خۆی لە عێراقدا بەرەو كزبوون و گەمارۆدان دەڕوات و دەنگە ناڕازییەكانی ئێران لەو وڵاتەدا پەرەدەگرن و ئەو كەسانەی لە دژی ئێرانن بەرەو پێشەوە دەچن و دەسەڵات دەگرنە دەست، خۆپیشاندانەكانی 2019 بەئاشكراو بێ پەردە لە دژی دەستوەردانەكانی ئێران بوو لە عێراق، تەنانەت كۆنسوڵخانەكانی ئێران لە نەجەف و كەربەلا كرانە ئامانج و سوتێنران. ئەوە سەرەڕای ئەوەی گەورەترین سەركردەی سەربازیی ئەو وڵاتە –قاسمی سولەیمانی – لە ناو فرۆكەخانەی بەغداد دا كوژرا. كە چاودێران پێیان وایە ئەوە گەورەترین زیانی ئێران بووە لە عێراقدا.
هەر لە مانگی ئایاری 2020 دا گەورەترین لایەنگری ئێران –عادل عەبدولمەهدی- لە سەرۆك وەزیرانی دوور خرایەوە و مستەفا كازمی نزیك لە ئەمەریكیەكان بووە سەرۆك وەزیرانی نوێ، هەرچەندە ڕاپۆرتەكە نوسیویەتی كە توانیویەتی بێ لایەنی خۆی بپارێزێت و بە هاوسەنگی لەگەڵ دراوسێكانیدا كارەكانی بكات، بەتایبەتی لەگەڵ عەرەبستانی سعودیەو توركیا و وڵاتانی كەنداوی عەرەبی كە هەموویان دۆستی ئەمەریكا و نەیاری ئێرانن.

لە 27 شوباتی ئەمساڵیشدا، ئیرەجی مەسجیدی باڵیۆزی ئێران لە عێراق، ڕەخنەی لە دەستێوەرادنی سەربازیی توركیا لە عێراق گرت و داوای كرد هێزەكانی بكشێنێتەوە، مەسجیدی ئەو كات لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتوویەتی: ئێران دەستێوەردانی سەربازیی لە عێراق قبوڵ ناكات ئیتر لە لایەن توركیا یان هەروڵاتێكی ترەوە بێت، لە هەمان كاتدا فاتح یەلدز، باڵیۆزی توركیا لە عێراق لەوەڵامدا لە توێتێكدا گوتبووی: هاوتا ئێرانیەكەی كۆتا كەس دەبێت كە بیەوێت ئامۆژگاری توركیا بكات لە بارەی ڕیزگرتن لە سنوورەكانی عێراق.

هەربۆیە وەك شارەزایان باسی دەكەن، هەموو ئەو ئەو ئاماژانە باس لەوە دەكەن چارەسەری كێشەیی شەنگال بووەتە خاڵی بەریەك كەوتنی بەرژەوەندیی و هەژموونەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە و یەكلایی كردنەوەی لەبەرژەوەندی هەر لایەكیان بە بێ باج ناچێتە بواری جێبەجێكردنەوەو عێراقیش هەڵوێستێكی ئەو تۆی نییە كە بزانرێت ڕووی لە كوێیە، ئەوە لە كاتێكدا كێشەو ململانێكانی ئەو دوو وڵاتە لە سەر خاكی وڵاتەكەیەتی و بابێت یان باران زیانەكە هەر لەو دەكەوێت.