ڕاپۆرتی عیراق

01:50 - 15/03/2021

پەیسەر نهێنی پشت ڕێكنەكەوتنی لایەنەكان ئاشكرا دەكات‌

پەیسەر

پرۆژەیاسای دادگای فیدڕاڵی عێراق، ناكۆكی دەخاتە نێوان لایەنەكان و پێكهاتەكانی کریستیان و سابیئەی مەندائی لە پەرلەمانی عێراق دژایەتیی خۆیان بۆ پرۆژەیاساکە دەربڕیوە و دەشڵێن، ناکرێت پرۆژەیاسای دادگەی فیدراڵی بەبێ رەچاوکردنی فرەیی عێراق دەربچێت، پێکهاتەکانی کوردستانیش هەمواركردنی یاسای فیدراڵی ڕەت دەکەنەوە و بەپێویستیشی دەزانن، یاساکە دووربێت لە ململانێی نەتەوەیی و مەزهەبی و ئایینی و بەیەکەوەژیان و ئەو داڕشتەیە بە خۆیەوە بگرێت.

لایەنەکان لەبارەی یاسای دادگای فیدڕاڵی لەیەك دوورن
بەهۆی ناکۆکی نێوان لایەنەکان لەسەر سێ مادەی ناو پرۆژەیاسای دادگای فیدڕاڵی، رێژەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمان ئامادەی کۆبونەوەکە نەبون و بەوهۆکارەش کۆبونەوەکەی ئەمڕۆ پەرلەمان دواخرا.

لەئێوارەی دوێنێوە سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆکی فراکسیۆنەکان و لیژنەی یاسایی کۆبونەوەی بەردەوام ئەنجام دەدەن بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لەسەر پڕۆژەیاسای دادگای فیدڕاڵی، بەڵام تائێستا ناکۆکییەکان چارەسەر نەکراون و کۆبونەوەکانیش لەوبارەیەوە بەردەوامن.

لەچەند رۆژی رابردودا کۆبونەوەیەک لەنێوان سەرۆکی فراکسیۆنەکان و لایەنەکان سیاسییەکاندا بەڕێوەچو لەبارەی بابەتی یاسای دادگای فیدڕاڵی، بەشێک لەلایەنەکان داوایانکردوە یاساکە بەتەواوی هەمواربکرێتەوە و هەموارەکەش بەزۆرینەی دەنگی ئەندامانی پەرلەمان پەسەندبکرێت.

عەبدولباری مەجید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق وەک نوێنەرانی فراکسیۆنە کوردستانییەکان بەشداری کۆبونەوەکە بون و داوایانکرد تێپەڕاندنی یاساکە یان هەموارەکە بە دەنگی دو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان بێت، چونکە ئەگەر ئەو دەرگایە بکرێتەوە و بە دەنگی دو لەسەر سێ نەبێت، ئەوا دەبێتە پێشینەیەک و لایەنەکان هەمو بەباتەکانی دیکەش بە دەنگی زۆرینە تێپدەپەڕێنن لەوانەش هەموارکردنەوەی دەستوری عێراق.

دەشڵێت، پێویستە پێداگری بکرێت لەسەر پابەندبون بەمادەی 92ی دەستور کە دیاریکردوە هەموارکردنەوەی یاسای دادگای فیدڕاڵی دەبێت بە دەنگی دو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان پەسەندبکرێت کە دەکاتە (220 دەنگ لەکۆی 329 دەنگی ئەندامانی پەرلەمان).

هاوكات، چوار پەرلەمانتاری کریستیان و پەرلەمانتارێکی سەر بە پێکهاتەی سابیئەی مەندائی لە پەرلەمانی عێراق بەیاننامەیەکی هاوبەشیان لەبارەی پرۆژەیاسای دادگەی باڵای فیدراڵی بڵاوکردەوە و تێیدا دژایەتیی خۆیان بۆ پرۆژەیاساکە دەربڕیوە و دەشڵێن، ناکرێت پرۆژەیاسای دادگەی فیدراڵی بەبێ رەچاوکردنی فرەیی عێراق دەربچێت.

پێکهاتەکانی کوردستان هەمواركردنی یاسای فیدراڵی ڕەت دەکەنەوە
پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی کوردستان، ئەو هەموارەی بۆ یاسای دادگای فیدڕاڵی ئامادەکراوە و لە پەرلەمانی عیراقی گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌ و لە بەیاننامەیەكیشدا ڕایدەگەیەنن، هەمواری یاسای دادگای فیدڕاڵی عیراقی پێداگیریی مەزهەبیی تێدایە و یاسای ژمارە 30ی دادگاکە مایەی مەترسییە.

داواش دەكەن، یاسای دادگای فیدڕاڵی لە کەش و هەوایەکی ئارامدا کاری لەسەر بکرێت و  یاساکە نەبێتە هۆکارێکی سیاسی و وابەستەی پڕۆژەی دیکە بکرێت، بەپێویستیشی دەزانن، یاساکە دووربێت لە ململانێی نەتەوەیی و مەزهەبی و ئایینی و بەیەکەوەژیان و ئەو داڕشتەیە بە خۆیەوە بگرێت.

ماددەکانی 2 و 3 و 12ی پرۆژەیاساكە ناکۆکییان لەسەرە
ماددەی 2:
ئەم ماددەیە چەند بابەتێك لە خۆدەگرێت، وەکو، ئایا دادگەی فیدراڵی لە کێ پێکدێت، لە چەند دادوەر و شارەزای شەرعی پێکدێت، لە چەند شارەزای یاسایی پێکدێت، ئایا لە کوێ دەنگدەدەن، دەنگدەدەن یان تەنیا راوێژ دەکەن، لە چ کات و بابەتێک قسە دەکەن، شارەزایانی شەرعیی ئیسلامی ئایا مافی راوێژیان هەیە یان دەتوانن دەنگیش بدەن، ئەگەر مافی دەنگدانیان هەیە لە کوێ مافی دەنگیان هەیە.

بۆچوونی لایەنە شیعەکان ئەوەیە، دەبێت شارەزایانی شەرعی ئیسلامی لەگەڵ دادوەرەکان دەنگ بدەن و هەندێکی دیکەش دەڵێن، با ئەوانە تەنیا لەو بابەتانە دەنگبدەن کە پەیوەستن بە ماددەی 2ـی دەستوور کە تایبەتە بە بنەما چەسپاوەکانی ئیسلام. هەندێکی دیکەش پێیان وایە لە هەموو بابەتێکدا دەنگ بدەن.

ماددەی 3: پەیوەستە بەوەی کێ مافی دیاریکردنی ئەندامانی دادگەکەی هەیە، کێ دایاندەمەزرێنێت، هەندێک پێیان وایە ناوەکان لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان پێشنیاز دەکرێن و سەرۆککۆمار بۆچوون و دەنگیان لەسەر دەدات، هەندێکی دیکەش دەڵێن، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان پێشنیازیان دەکات و پەرلەمان دەنگیان لەسەر دەدات، پاشان سەرۆککۆمار مەرسوومی کۆماریی بۆ دەردەکات.

ماددەی 12: تایبەتە بە میکانیزمی بڕیاردان، بە چ شێوەیەک دادگەی فیدراڵی بڕیاردەدات، ئایا لە هەموو بابەتەکاندا بە زۆرینەی دوو لەسەر سێ دەبێت یان زۆرینەی سادە، لایەنی کوردی بۆچوونی وایە لە هەموو کێشەکاندا پێویستە بە زۆرینەی دوو لەسەر سێ بێت، لە بەرامبەردا لایەنە شیعەکان دەیانەوێت بە زۆرینەی سادە بێت، هەروەها لەبارەی ئەو کێشانەی کە هەرێمی کوردستان و پارێزگاکان بەشێکن لە ناکۆکییەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، کورد داوای کۆدەنگی دەکات و شیعەکانیش پێیان باشە لەو کێشانە دوو لەسەر سێ بێت.

یاسای دادگای فیدراڵی چییە؟
پرۆژەیاسای دادگەی باڵای فیدراڵی لە 24 ماددە پێکهاتووە و 21 ماددە پەسندکراون. ماددەکانی 2 و 3 و 12 پەسندنەکران و ناکۆکیان لەسەرە.

پەرلەمان پەنای بۆ بابەتی دیاریکردنی دادگای فیدراڵی بردووە بە پێکهێنان و پێکهاتە، ئەوەش لەپێناو تێپەڕاندنی کێشە دەستوریەکان، بەتایبەتی پێکهێنانی دادگاکە بەپێی مادەی 93. 
بەپێی ئەو مادەیە دادگا دەبێت تەنها لە دادوەر پێکبێت کە 9 یاخود 10 ئەندامن، ئەوەش بەپێی ئەو گۆڕانکاریەی لە پەرلەمان پێشکەش کراوە، ئەو ڕەشنوسەی یاساکە کە لە حکومەتەوە هاتووە سەرپێچی دەستوریی تێدایە. 

پەرلەمان دەنگی لەسەر 21 مادەی یاساکە داوە کە 15 مادەیان لەلایەن لیژنەی یاساییەوە گۆڕانکاریان تێدا کراوە، ئەوەی تائێستا لە پەرلەمان ڕێکەوتنی لەسەر کراوە ئەوەیە کە دادگا لە 7 دادوەر و 4 شارەزای فیقهی ئیسلامی پێکبێن. 

محەمەد غزی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق وردەكاری ڕەشنوسی یاسای دادگای فیدراڵی ئاشکرا دەکات و دەشڵێت، یاساییەکان سەیری بابەتە دەستوریەکان دەکەن و  ئەنجامی هەڵبژاردن پەسەند دەکەن و دژی هەندێک یاسا دەوەستنەوە  بەبێ دەستوردانی شارەزایانی فیقهی ئیسلامی.

ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، یاساییەکان سەیری بابەتە دەستوریەکان دەکەن و  ئەنجامی هەڵبژاردن پەسەند دەکەن و دژی هەندێک یاسا دەوەستنەوە  بەبێ دەستوردانی شارەزایانی فیقهی ئیسلامی، ئەوەش بە نزیکەی 90%ی کارەکانی دادگای فیدراڵییە، فیقهیەکانیش کاتێک دەستوەردان دەکەن کە یاسایەک کە لە پەرلەمان دەردەچێت دژی بەها جێگیرەکانی ئایینی ئیسلامی بێت.