ڕاپۆرتی عیراق

10:21 - 28/04/2021

میلیشیاکانی سەر بە ئێران چۆن دەستیان بەسەر عێرقدا گرت؟‌

پەیسەر

پێگەی ئیندیپێندێنت راپۆرتێکی لویزا لەڤلەکی بڵاوکردووەتەوە کە باس لەوە دەکات، میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە ئێران، چۆن هاتنە ناو کایەی سیاسی، هەواڵگری، سەربازی و کۆمەڵایەتی عێراقەوە و بوون بەو هێزەی کە دەست بەسەر زۆر بوار و کەرتی عێراقیدا بگرن. ئەم گروپانە چۆن تاکو قوڵایی کۆمەڵگای عێراقیی رۆچوون؟

بانگی رووبەڕووبوونەوە
لەڤلەک لە سەرەتای وتارەکەیدا دەڵێت، ئەو کاتەی بانگی رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوی داعش درا، ریزی خۆبەخشان لە شاری ناسریە چەند کیلۆمەترێک درێژ بووەوە، خەڵک پارەیان کۆدەکردەوە تاکو بچنە شوێنەکانی ناونووسین و ببن بە ئەندامی گروپە میلیشیاکان، گەنجان سەرەڕای ناکۆکییەکانیان، پێکەوە بەرەو بەرەکانی جەنگی دژ بە داعش ملی رێگایان گرتەبەر.

داڕوخانی سوپای عێراق بەهۆی هاتنی داعشەوە، هەلێکی گەورەی خستە بەردەم میلیشیا شیعەکانی پێشتر و ئەوانەشی دواتر دروستبوون، تاکو روو لە ناوچە سوننە نشینەکان بکەن و هەژموونی خۆیان بسەپێنن.

ئەمە ئایندەمانە
میلیشیاکان پێیان وابوو ئەمە جەنگە لەپێناو عێراق و ئایندەکەیدا. (ثامر الصافي) کە یەکێک بوو لە کەسە دیارەکانی ناو میلیشیاکانی نزیک ئێران و دوو برای لە جەنگی داعشدا کوژرا دەیوت، " لەم کاتەدا  کارەکە لەسەر یەک شتە؛ ئەمە ئایندەمانە و بۆ ئایندەی عێراقە."

هەر ئەم میلیشیا چەکدارانە کە دەیانوت بۆ ئایندەی عێراق تێدەکۆشن، دواتر رووی هێرشەکانیان بۆ هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا وەرچەرخاند، دەستیان کرد بە بۆردومانکردنی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچە جیاوازەکانی عێراقدا، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، بەتایبەت دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، چونکە ئەم گروپە چەکدارانەی سەر بە ئێران پێیان وایە دەبێت عێراق لە دەستی بیانییەکان رزگار بکرێت.

بە کۆمەڵگای عێراقیدا رۆچوون
لەگەڵ ئەوەی وەها دەبینرێت ئەم میلیشیایانە تەنها دەستی تارانن بۆ بەهێزکردنی هەژموونی ئێران لە عێراقدا، بەڵام روانین لەم میلیشیایانە و هێزەکانیان، دەریدەخات چۆن بە ناو کۆمەڵگای عێراقیدا رۆچوون.

ئەم میلیشیا چەکدارانە ریشەدارن، بەڵام بانگەوازی عەلی سیستانی بۆ جەنگ دژی داعش و ئامادەیی دەیان هەزار کەسی دانیشتووی باشوری عێراق بۆ جەنگ لەژێر چەتری هێزەکانی حەشدی شەعبیدا، سەرەتای بە فەرمیبوون و دەرکەوتنی تەواوەتی ئەم هێزانە بوو.

کوشتنی خۆپیشاندەران
لە ئێستادا میلیشیاکان تەنها بریتی نین لە سەدان گەنج بە چەکەکانی شانیانەوە، بەڵکو بوون بە هێزێکی خاوەن ئابووری و هەژموون، چوونەتە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە، ئەم راستییەش کاتێک دەرکەوت، لە تشرینی یەکەم میلیشیا چەکدارەکان وەک هێزی دەوڵەت پەلاماری خۆپیشاندەرانی بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراقیان دا.

رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە راپۆرتەکانیاندا، بەردەوام میلیشیا چەکدارەکانیان بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و کوشتنی خۆپیشاندەران و خەڵکی مەدەنی تۆمەتبار کردووە.

هەست بە پەشیمانی دەکەم
عەبدوڵا تەمەنی ٥٨ ساڵە، بەمەرجێک قسەی کردووە ناوی راستیی ئاشکرا نەکرێت، چونکە دەترسێت ژیانی بکەوێتە مەترسییەوە؛ " هەست بە پەشیمانی دەکەم، چونکە رێگام بە براکەم دا بچێت بۆ شەڕی داعش و لەوێ بە گولەی داعش کوژرا، ئێستا دەمەوێت تەمەن درێژتر بێت تاکو ئاگام لە برازاکانم بێت." لەو کاتەدا یەکێک لە برازاکانی لە سوچێکی ژوورەکەدا بە نیگەرانییەکی قوڵەوە سەیری زەوییەکەی دەکرد و گوێی بۆ قسەکانی مامی دەکرد کە باسی باوکە کوژراوەکەی دەکرد.

وێنەی کوژراوانی داعش لە شەقامەکانی ناسریە، چیرۆکی ئەو قوربانییە گەورەیە دەگێڕنەوە کە سەدان گەنجی ئەم شارە کۆتایی بە ژیانیان هات، ئەوان رۆیشتن و جگە لە نزیکەکانیان کەس بیریان لێناکاتەوە.
خۆزگە مناڵەکەم نەناردایە تاکو شەهید ببێت
میلیشیا چەکدارەکان و حکومەت بەردەوام بەڵێنیان بە کەسوکاری کوژراوەکان داوە کە زەوی و پێداویستییەکانیان بۆ دابین بکەن، بەڵام ئەمانە تەنها بەڵێن بوون. سیتاری تەمەن ٥٩ ساڵ دەڵێت، " بەڵێنی زەوی و قەرەبوویان پێداین، دواین جار کە چوومە نووسینگەکانیان، هەموو بەڵگەنامەکانم برد و پێم وتن، خۆزگە مناڵەکەم نەناردایە تاکو شەهید ببێت."

ئەم جەرگ سوتاوەی ناسریە باس لەوە دەکات، تاکو مانگی رابردوو ٩٠٠ هەزاریان وەک شەهیدانەی کوڕە ١٨ ساڵەکەی پێداوە، بەڵام دواتر رێکخراوی بەدری سەر بە ئێران کە کوڕەکەی لەگەڵ ئەوان کوژراوە پێیان وتووە موچەکەتان راگیراوە.

سەدان ملیۆن دۆلار
گروپە چەکدارەکان بوون بە گەورەترین هەڕەشەی سەر هێزە بیانییەکان بەتایبەتی ئەمریکا، ئەم گروپانە کە هەژموونی تاران لە عێراقدا بەهێز دەکەن رۆژ بەرۆژ هێزیان گەورەتر و ژمارەیان زیاتر دەبێت و دیاترینیان بریتین لە «كتائب حزب الله»، «عصائب أهل الحق»، «حركة حزب الله»، «النجباء» و «بدر».

ئەم گروپە چەکدارانە و بەتایبەت حەشدی شەعبی بە سەدان ملیۆن دۆلار لە داهاتی دەوڵەت دەبەن و بەناوی دابینکردنی زەوی و موچە بۆ کەسوکاری کوژراوەکان خەرجی دەکەن.