ڕاپۆرتی عیراق

11:48 - 13/10/2021

ئایا ساختەكاری كراوە یان دەكرێت؟‌

پەیسەر


هەرچەندە عێراق لەلایەن بەشێك لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە ئۆكەی وەرگرت بۆ هەڵبژاردنەكان، بەڵام لەناوخۆدا پێشهاتی نوێ هاتوونەتە ئاراوە كە ئاماژەن بۆ ئەوەی ئەمجارەش عێراق لە پرۆسەكەدا سەركەوتوو نەبووە و ئەگەری "ساختەكاری بە بەرنامە و گۆڕینی دەنگەكان" لە ئارادایە.

ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بۆ بەرەی ئێران لە عێراق جێی رەزامەندی نەبوو، فەتح كە نوێنەرایەتی یەكەمی حەشد دەكات هەر زوو ئەنجامە بەراییەكانی رەتكردەوە، هادی عامری و نوری مالیکی، دوای ئەوەی بەڵگە و دەنگی دزەپێکراوی ساختەكاریان دەستخست بەهەڕەشە لە کۆمسیۆن و کازمی و هێز ناردنە چوار دەوری بارەگای کۆمسیۆن، كۆمسیۆنیان ناچاركرد ئەنجامە بەراییەكان بشارێتەوە دەست بە ژماردنەوەی دەستی دەنگەكان بكات.

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق رایگەیاند، جیاکردنەوە و ژماردنەوەی دەستیی بۆ دەنگی زیاتر لە سێ هەزار وێستگەی هەڵبژاردن کە دەکاتە نزیکەی لەسەدا شەشی کۆی دەنگی دەنگدەران ئەنجام دەدات، ئەمەش بەهۆی لەکارکەوتنی ئامێرە ئەلیکترۆنییه‌كان لەکاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگداندا.

دوای ژماردنەوەی دەستی هەندێك لە سندوقەكان ئەنجامەكان گۆڕانكارییان بەسەردا هات، بەشێوەیەك كورسییەكانی فەتح  لە 14-ەوە بوو بە 20 كورسی، دەوڵەتی یاسا لە 37 –ەوە بوو بە  40 كورسی، سەدر لە 73 كورسییەوە دابەزی بۆ 70 كورسی ئیمتیداد كە لە كازمییەوە نزیكن لە نۆ كورسییەوە بوو بە 12 كورسی ،هاوپەیمانێتییەكەی عەبادی و حەكیم پێنج كورسی 

ململانێی نێوان سەدر و هێزە شیعەکان لەکاتێکدایە، هەردوولایان خاوەنی هێزی سەربازین و لە ڕێگەی ڕاگەیەنراوەکانیانەوە هۆشداریش بەیەکتری دەدەن، ئەمەش مەترسی سەرهەڵدانی ئاڵۆزی دروستکردووە.

لەنێو حزبە كوردییەكانیش ئەگەری گۆڕینی كورسیەكان هەیە، میدیای پارتی بڵاویكردەوە كە كاندیدێكیان لە دهۆك و یەكێكی دیكە لە سلێمانی دەرچوون، بەڵام دەزگای هەڵبژاردنی یەكگرتوو لەگەڵ ئەوەی هەواڵەكە رەتدەكاتەوە و ئەگەری گۆڕین و دەستكاریكركردنی ئەنجامەكانیش رەتدەكاتەوە.

بەشێك لە چاودێرانیش پێیانوایە ئەگەر ژماردنەوەی دەستی دەنگەكان گۆڕانكاری گەورە دروست بكات ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە پێشتر پیلانی بۆ ساختەكاری دانراوە، هەر خودی ژماردنەوەكەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە پرۆسەكە شەفاف نیە و نیشانەی پرسیاری لەسەرە.

ئەم پێشهاتە نوێیە پێناچێت بەدوور بێت لە دەستتێوەردانی دەرەكی، ئێستا كە بەخواستی بەرەی ئێران ژماردنەوەی دەستی دەنگەكان بووەتە ئەمری واقیع، لەبەرامبەریشدا بەرەی نزیك لە توركیا و ئەمریكا و وڵاتانی عەرەبی هەن، بەسەرۆكایەتی موقتەدا سەدر لە شیعەكان و محەمەد حەلبوسی براوەی یەكەمی ناو سوننەكان و پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەرێمی كوردستانەوە كە براوەی یەكەمە.

دڵشاد مەجید رۆژنامەنوس یەكێكە لەو كەسانەی گومانی لەسەر كۆی پرۆسەی هەڵبژاردن لە عێراق هەیە، ئەو دەنگێکی دزە پێکراوی، موھەند نەعیم، ڕاوێژکاری مستەفا کازمی بۆ ئاسایشی ھەڵبژاردن بڵاوكردوەوە كە دەڵێت من ڕاسپێردراوم کەھێزە تەقلیدیەکان لەناوبەرم، ھێزی ئاسایی و نوێیەکان بێنمە پێشەوە.


گومانێكی دیكەی دڵشاد لەسەر وڵاتی ئیماراتە، مانگی دەستکردی پورەیا، خاوەنداریەتی بۆ ئیمارات دەگەڕێتەوە. داتاکانی بنەکەکان دەچێتەوە ئیمارات و دواتر دەگەڕێتەوە بۆ عێراق.  دڵشاد مەجید دەڵێت "ئیمارات پەیوەندی بەھێزی لەگەڵ سەدرو پارتی و حەلبوسی و کازمی ھەیە. بۆیە زۆربەی ھێزەکانی دەنگیان کەمکردووە، ئەم تۆمەتە دەخەنە ڕوو کە داتاکان لە ئیمارات دەستکاری کراوە".


ئەو رۆژنامەنوسە سەردانەكانی نێچیرڤان بارزانی وەك بەڵگەیەك بۆ قسەكانی دەهێنێتەوە، "لەم ساڵدا دووجار دیداری لەگەل جێنیشینی ئەبوو زەبی شێخ محمد بن زاید ، لە ئیمارات و لەندەن سازداوە. دیداری یەکەم لە ئیمارات لە ٦/١٢ ی ئەمساڵ بووە. دیداری دووەم لەدوا سەفەری نێچیرڤان بارزانی بوو بۆ بەریتانیا لە لەندەن لە ٩/١٩ ی ئەمساڵ شێخ محمد بن زایدی بینیوە".


ئەوەی گومانەكان لەسەر شەفافیەتی هەڵبژاردنەكان تۆختر دەكاتەوە، لێدوانەكەی كۆمسیۆنە بەوەی كە دوای 20 رۆژی دیكە ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكان رادەگەیەنرێت.