کوردستان

11:51 - 17/10/2021

کێشەی مامۆستایانی وانەبێژ چارەسەر دەكرێت‌

پەیسەر

وەزارەتەكانی دارایی و پەروەردە و سەرۆكایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران رێككەوتن لەسەر چارەسەركردنی كێشەی مامۆستایان وانەبێژ كە ژمارەیان 32 هەزارە.


سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، لە دیوانی وەزارەتی دارایی و ئابوری، وەزیری دارایی و ئابوری بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی مامۆستایانی وانەبێژ لەگەڵ هەریەک لە وەزیری پەروەردە و سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران کۆبۆوە.


لە کۆبوونەوەکەدا، هەر سێ لایەن لەسەر ئەوە ڕێککەوتن،  کێشەی مامۆستایانی وانەبێژ چارەسەری کۆتایی بۆ بدۆزنەوە، سووربوون لەسەر ئەوەی کێشەی مامۆستایانی وانەبێژ بە میکانیزمێکی نوێ چارەسەر بکرێت. 


لە کۆتایی کۆبوونەوەکە، بڕیاردرا چارەسەری کۆتایی بۆ مامۆستایانی وانەبێژی بدرێت، کێشەکانیان لە ماوەکی نزیکدا چارەسەری بکرێت. ئەوەش بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی.


لە هەرێمی كوردستان 32 هەزار مامۆستای وانەبێژ هەن، چەند رۆژێكە مانیانگرتووەو ناچنە ناوەندەكانی خوێندن و داوای دامەزراندن دەكەن.