02:50 - 07/11/2021
چیرۆكی هه‌وڵی كوشتنى سه‌رۆكه‌كانى عێراق له پاشایه‌تییه‌وه تا كازمی
سۆران كه‌ریم
مسته‌فا كازمی، یه‌كه‌م سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق
نییه كه هه‌وڵى كوژرانى بدرێت، پێش ئه‌ویش چه‌ند سه‌رۆكێكی عێراق هه‌وڵى كوشتن‌یان
دراوه، له دروستبوونى ده‌وڵه‌تى نوێی عێراقییه‌وه له ساڵى 1921ـه‌وه ژماره‌یه‌ك
له‌سه‌رۆك وه‌زیره‌كانى سه‌رده‌مى پاشایه‌تى (له 1921 تا ته‌موزى 1958) و هه‌روه‌ها
سه‌رۆكه‌كانى سه‌رده‌مى كۆمارى رووبه‌ڕووی ئه‌و جۆره هه‌وڵانه بوونه‌ته‌وه، وه‌ك:
عه‌بد المحسن السعدون ( 1889-1929 )
له 10ى ئابى 1926، عبدالمحسن السعدون، سه‌رۆك
وه‌زیرانى عێراق له‌كاتێكدا له‌ناو بیناى سه‌رۆكایه‌تیدا بۆ نهۆمى سه‌ره‌وه سه‌رده‌كه‌وت،
له‌لایه‌ن كه‌سێكه‌وه به‌ناوى عبدالله حلمى، رووبه‌ڕووی هه‌وڵى كوژران بووه. تۆمه‌تباره‌كه
به مووسێك له سه‌رۆك وه‌زیرانى دا و بریندارى كرد، به‌په‌له سه‌رۆك وه‌زیران گه‌یندرایه
نه‌خۆشخانه و هێرشبه‌ره‌كه‌ش ده‌ستگیر كرا.
له لێكۆڵینه‌وه‌شدا وتبووى بێزار
بووه له رۆتینی پێشكه‌شكردنى داواكارى بۆ دامه‌زراندن، بۆیه ویستوویه‌تى به‌و شێوه‌یه
تۆڵه بكاته‌وه، دادگا به 30 مانگ زیندانیكردن سزاى دا، هه‌رچه‌نده عبدالمحسن
السعدون لێیخۆش بوو.
عبدالكریم قاسم ( 1914-1963)
ئێواره‌ى 7ى تشرینی یه‌كه‌مى 1959 له‌كاتێكدا
به جاده‌ى الرشید له شارى به‌غداد تێده‌په‌ڕی، ژماره‌یه‌ك كه‌س هێرشیان كرده سه‌ر
عبدالكریم قاسم و برینداریان كرد، هه‌روه‌ها
هاوه‌ڵێكی بریندار كرا، به‌ڵام شۆفێره‌كه‌ى به‌ناوى كاظم عارف، كوژرا.
هێرشه‌كه
حزبى به‌عس ئه‌نجامی دا كه یه‌كێك له ئه‌نجامده‌رانى صدام حسین بوو. هه‌ر له
ماوه‌ى ده‌سه‌ڵاتیدا، عبدالكریم رووبه‌ڕووی نزیكه‌ى 25 هه‌وڵى كوشتن و كوده‌تا
بووه‌وه، تا له رۆژى 9ى شوباتى 1963 له‌سه‌ر ده‌ستى ژماره‌یه‌ك له‌سه‌ركرده‌كانى
به‌عس و عبدالسلام عارف، كوژرا.
احمد حسن البكر ( 1914-1982)
له‌كاتى گه‌ڕانه‌وه‌یدا له سه‌ردانێكی فه‌رمى
بۆ یه‌كێتى سۆڤیات و بولگاریا له ئایارى 1973، پیلان بۆ كوشتنى احمد حسن البكر،
سه‌رۆكى عێراق دانرا. پیلانه‌كه له‌لایه‌ن ناظم الگزار، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ئه‌منى
عێراق و گروپێكه‌وه جێبه‌جێ كرا، كه چاوه‌ڕێ بوون له‌كاتى دابه‌زینی البكر له فڕۆكه،
ته‌قه‌ى لێبكه‌ن. هه‌ر له‌و هه‌وڵه‌دا، پێشتر له‌لایه‌ن ناظم الگزاره‌وه، هه‌ریه‌ك
له حمادی الشهاب، وه‌زیری به‌رگرى و سعدون غیدان وه‌زیری ناوخۆ و ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی
باڵاى تر ده‌ستگیر كرابوون، به‌ڵام موخابه‌راتى سۆڤیات به هه‌وڵه‌كه‌ی زانی، بۆیه
گه‌ڕانه‌وه‌ى سه‌رۆكی عێراقی له واده‌ى خۆى دواخست، ئه‌وه‌ش پیلانه‌كه‌ى پووچه‌ڵ
كرده‌وه و ئه‌نجامده‌رانى هه‌ڵاتن، له‌و كاته‌دا وه‌زیری به‌رگرییان كوشت و وه‌زیری
ناوخۆش بریندار كرا، سه‌رجه‌م پیلانداڕێژه‌ران له كاتى هه‌ڵاتنیان بۆ ئێران له
سنوورى پارێزگاى دیالى، ده‌ستگیر كران و كوژران.
صدام حسین ( 1938-2006 )
له 8ى ته‌مووزى 1982 صدام حسین سه‌ردانى ناوچه‌ى
الدجیلى كرد له پارێزگاى صلاح ا‌لدین، له‌كاتى پێشوازیكردندا چه‌ند سه‌ر ئاژه‌ڵێكى
بۆ سه‌ربڕدرا و له‌و كاتانه‌دا به‌ده‌ست خوێنى ئاژه‌ڵێك له ئۆتۆمبێله‌كه‌ى صدام
درا، كه دواتر ئه‌وه كرا به به‌ڵگه‌ى ئه‌وه‌ى ئاماژه بووه بۆ ئه‌وه‌ى ته‌قه
له‌و ئۆتۆمبێله بكرێت. له‌و سه‌ردانه‌دا كاروانى ئۆتۆمبێله‌كانى سه‌رۆكی ئه‌وكاتى
عێراق كه له قوتابخانه‌ى ئیبراهیمی نزیك بوونه‌وه، له ناو داره‌كانه‌وه
گولـله‌یه‌ك ئاربیجی به ئۆتۆمبێله دیاریكراوه‌كه‌دا نرا، به‌ڵام صدام حسینی تێدا
نه‌بوو.
به‌پێی گێڕانه‌وه‌كان، شه‌ڕه ته‌قه له نێوان پاسه‌وانه‌كانى صدام حسین
و هێرشبه‌ره‌كاندا دروست بوو كه 19 كه‌س بوون و سه‌ر به حزبى ده‌عوه بوون، ته‌قه‌كردنه‌كه‌ش
بۆ ماوه‌ى دوو رۆژ به‌رده‌وام بوو، كه تێیدا سوپای عێراق و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان و
هێزی ئاسمانى به‌شدارییان كرد. دواتر له كۆى نزیكه‌ى 4000 كه‌س له دانیشتووانى
ناوچه‌كه، 1450 كه‌س ده‌ستگیر كران و زیاتر له 250 كه‌سیان كوژران كه 143 كه‌سیان
به یه‌ك دادگا سزاى له‌سێداره‌دانیان بۆ ده‌ركرا. له دواى رووخانى ڕژێمی به‌عس،
له‌سه‌ر ئه‌و پرسه سزاى له‌سێداره‌دان بۆ صدام حسین ده‌ركرا.