کوردستان

10:44 - 11/11/2021

قه‌یرانی په‌نابه‌رانی كورد به‌ نێوده‌وڵه‌تی ده‌بێت‌

پەیسەر

قه‌یران ‌و دۆخی مرۆیی په‌نابه‌رانی سنوره‌كانی بیلاروسیا و پۆڵه‌ندا كه‌ زۆربه‌یان كوردن، له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی ده‌بێته‌ جێگه‌ی مشتومڕ، بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ پێنجشەممە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دانیشتنێکی بەپەلە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئه‌و قەیرانه‌ بكات.

شاندی هەریەک لە فەرەنسا، ئیسپانیا و ئیرلەندا لە نەتەوەیەکگرتووەکان داوای کۆبوونەوەکەیان کردووە، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێشهاتەکانی ئەم دواییەی سنووری نێوان بیلاڕوسیا و پۆڵەندا.

بەوتەی ئەو سەرچاوە دیپلۆماتییانە، دانیشتنەکە کاتژمێر ٣ی پاش نیوەڕۆی پێنجشەممە بەکاتی ناوخۆی نیویۆرک ئەنجام دەدرێت.

تاوەکو ئێستا هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکی فەرمی بۆ کۆبوونەوەکە لەلایەن نێردەی مەکسیک بۆ نەتەوەیەکگرتووەکان کە سەرۆکایەتی خولی ئەم مانگەی کارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش دەکات، نەکراوە.

لای خۆیەوە، ستیڤان دوجاریک وتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیویۆرک بە پەیامنێرانی وت سكرتێری گشتیی رێكخراوه‌كه‌، ئه‌نتۆنیۆ گوتێرێس لە نزیکەوە چاودێری پێشهاتەکانی سنووری نێوان بیلاروسیا و پۆڵەندا دەکات.

ستیڤان دوجاریک راشیگەیاند، ئەنتۆنیۆ گوتێرێس پێیوایە گرنگە کە بە گوێرەی پرەنسیپە مرۆییەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکان مامەڵە لەگەڵ کێشەی کۆچبەران و پەنابەراندا بکرێت.

وتیشی: "ئەوەی لە ئێستادا لەسەر سنوورەکانی بیلاروسیا و پۆڵەندا روودەدات نابێت بۆ مەبەستی سیاسیی بەکاربهێنرێت یان ببێتە هۆکاری گرژی نێوان وڵاتان".

رۆژی سێشەممەی رابردوو، متەیوش مۆرڤیاتسکی سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا، هۆشدارییدا شەپۆلی بێوێنەی کۆچبەران کە لە بیلاڕوسیاوە بەشێوەیەکی نایاسایی هەوڵی چوونە ناو وڵاتەکەی دەدەن "هەڕەشە لە ئاسایشی تەواوی یەکێتی ئەورووپا دەکات".


ئاژانسی هەواڵی پۆڵەندا بڵاوی کردەوە، رۆژی دووشەممە ژمارەیەک پەناخواز هەوڵیان داوه‌ سنوور ببەزێنن بۆ چوونە ناو پۆڵەندا لە بیلاڕوسیاوە، کە لە ئێستادا نزیکەی چوار هەزار پەناخواز لەسەر سنوورەکانی ئەو دوو وڵاتەدا هەن.