ڕاپۆرتی عیراق

06:48 - 21/11/2021

چاتام هاوس: سیستەمی سیاسی نوخبەیەکی گەندەڵی کردووە بە ماڵ بەسەر خەڵکەوە‌

پەیسەر

هەر چەندە دەرئەنجامەکان ئەوە نیشان دەدەن کە گۆڕانکاری ڕووی داوە لە پاڵپشتیی سیاسیدا، بەڵام جیاوازییەکی ڕوون هەیە لەنێوان دەنگەکان و دابەشبوونی دەسەڵاتدا.

چەندین چیرۆکی گەورە لە هەڵبژاردنەکەی عێراقەوە دەرکەوتن کە شەشەمین جارە ئەنجام دەدرێت لەدوای داگیرکردنی عێراقەوە لەلایەن ئەمەریکاوە لە ٢٠٠٣. بەفەرمی ٪٣٦-ی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە؛ بەشداریی هەڵبژاردنەکەیان کردووە، کە ئەمەش کەمترینە لە مێژووی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وڵاتەکەدا لەدوای ٢٠٠٣-ەوە. سیستمێکی سیاسی کە نوخبەیەکی سیاسیی گەندەڵی کردووە بە ماڵ بەسەر خەڵکەوە، زۆرینەی عێراقییەکانی نائومێد کردووە و ئەم بەشدارییە کەمەش چاوەڕوانکراو بوو کە لە هەر هەڵبژاردنێکدا ژمارەیەکی کەمتری خەڵکی دەنگ دەدەن.


سەرکەوتنە ڕێژەییەکەی موقتەدا سەدریش سەرسوڕهێنەرە کە ژمارەی کورسییەکانی لە (٥٤)ەوە لە هەڵبژاردنی پێشوودا بەرز کردەوە بۆ (٧٣) بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەکان، ئەویش لە کاتێکدا ڕکابەرە سەرەکییەکەی لە هەڵبژاردنەکەی پێشوودا کە فەتحە و نوێنەرایەتیی حەشدی شەعبی دەکات، کورسییەکانی لە (٤٨)ەوە کەم بووەتەوە بۆ تەنها (١٦).


ئەم دەرئەنجامە نیشانی دەدات کە جەماوەری سەدرییەکان زیادی کردووە لە کاتێکدا پاڵپشتیی فەتح کەمی کردووە، بەڵام کۆی دەنگەکان چیرۆکێ ترمان پێ دەڵێت. هەر چەندە سەدرییەکان ڕکابەرەکەیان لە ژمارەی کورسیدا تێپەڕاندووە، بەڵام هەردوو لا هەمان ژمارەی دەنگیان هێناوە. لە ڕاستیدا بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەکان فەتح و هاوپەیمانەکانی دەنگی زیاتریان ‌هێناوە لە سەدرییەکان، بەڵام کورسیی کەمتریان بەدەست هێناوە. فەتح بەمەزەندەکراوی ٦٧٠ هەزار دەنگی بەدەست هێناوە، لە کاتێکدا سەدرییەکان ٦٥٠ هەزاریان هێناوە.


ئەم دژیەکییە لایەنێکی گرنگی یاسا نوێیەکەی هەڵبژاردن کە لە ٢٠١٩ دەرکراوە؛ دەردەخات. هەروەکوو وەرەقەی دەسپێشخەریی عێراقی چاتام هاوس بەم دواییە نیشانی دەدات یاسا نوێیە کارپێکراوەکە بە مەبەستی ئەوە دانراوە کە پڕۆسەیەکی هەڵبژاردنی ڕوونتر دروست بکات، بەوەی کە چیتر پێویست نەکات بە ئالگۆریتمە ئاڵۆزەکانی تەرخانکردنی کورسی و پەیوەندییەکی نزیکتریش دروست بکات لەنێوان دەنگدەر و نوێنەرەکەیدا، ئەم یاسا نوێیە کە دەنگی تاکی نەگوازراوەیە، بە سیستمی “FPTP” کار دەکات و ئەمیش سیستمێکە دەنگدەر تێیدا تەنها دەنگ بە یەک کاندید دەدات.


ستراتیژیەتێکی هەڵبژاردن کە بەوریاییەوە دانراوە


وەکوو ئەم هەڵبژاردنە نیشانی دا، یاسا نوێیەکە دوو لایەنی هەیە؛ دەنگی بەفیڕۆچوو لەگەڵ پێویستیی حیزبەکانیش بەوەی بەوریاییەوە ستراتیژەکانیان دابڕێژن بۆ سەرکەوتن لە سندووقەکانی دەنگدان.

لە سایەی یاسا کۆنەکەی نوێنەرایەتیی لیستی کراوە یان داخراودا، ئەو دەنگانەی بۆ کاندیدێک دەهاتن دابەش دەکران بەسەر کاندیدەکانی تر لە هەمان حیزب. واتە ئەگەر ٥٠٠٠ دەنگ پێویست بن بۆ بردنەوەی کورسییەک و کاندیدێک ١٠٠٠٠ دەنگ بهێنێت، ئەوکات ٥٠٠٠ دەنگە زیادەکە دابەش دەکرێتەوە بۆ ئەوەی “کاندیدی B” هەڵبژێردرێت.


بەپێی یاسا نوێیەکە، هەموو (١٠٠٠٠) دەنگەکە لای “کاندیدی A” دەمێنێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی بەفیڕۆچوونی ژمارەیەکی زۆری دەنگ، هەر ئەمەش بوو کە بەسەر فەتح هات. شکستی فەتح لەوەی بەدروستی هەڵسەنگاندن بۆ ئەو چوارچێوە بکات یاسای نوێی هەڵبژاردن سەپاندبووی، هۆکاری ئەوە بوو کە فەتح کورسیی کەمتری هێنا لە سەدرییەکانی ڕکابەریان، هەر چەندە هەمان ڕێژەی دەنگیان هەبوو.


سەدرییەکان کاریگەرانە یارییان لەگەڵ یاسا نوێیەکەی هەڵبژاردن کرد، بەدروستی پێشبینیی پاڵپشتیی دەنگدەرانی خۆیان لە هەر بازنەیەکدا کرد و ژمارەیەکی دروستی کاندیدیان بەربژێر کرد بۆ ئەوەی خۆیان هەڵبژێرن، پاشان دەنگدەری خۆیان قەناعەت پێ کرد کە دەنگەکانیان بە یەکسانی بەسەر کاندیدەکاندا دابەش بکەن.


سەدرییەکان هەروەها تۆڕێکی وردیان بە ئۆنلاین و لەسەر شەقامیش هەبوو، وەکوو بەرنامەی مۆبایل کە شوێن و زانیاریی وردی هەر ناوچەیەکی تێدا بوو، گرووپی سۆشیالمیدیا بۆ هەر بازنەیەک و دابینکردنی خەڵکی بۆ بەدەستهێنانی کورسی نەک تەنها زیادکردنی دەنگ.


بەپێی یاسا کۆنەکانی هەڵبژاردن، لەو ناوچانەی حیزبەکان پێیان وا بوو ئاستی پشتیوانییان زۆر بەرزە، ستراتیژە ڕوونەکە ئەوە بوو کە کاندیدی زۆر بەربژێر بکەن و بەم شێوە کورسیی زۆر ببەنەوە. بەڵام بەپێی یاسا نوێیەکە، ئەم ستراتیژە بەپێچەوانەوە خراپ دەشکێتەوە، چونکە کاتێک چەند کاندیدێک لە هەمان هاوپەیمانی کێبڕکێ دەکەن بۆ دەنگ لە ناوچەیەک، مەترسیی ئەوە هەیە هیچیان دەنگی پێویست بەدەست نەهێنن بۆ دەرچوون و ببێتە هۆی بەفیڕۆچوونێکی گشتی بۆ هەموو هاوپەیمانییەکە.



ئەمە ئەوەیە کە لە بازنەی یەکی قادسیە ڕووی دا کە سەدرییەکان یەک کاندیدی پیاویان دانا و زۆرترین ژمارەی دەنگی هێنا. سەدرییەکان بە هەمان شێوە یەک کاندیدی ژنیشیان دانا کە کورسیی کۆتای ژنانیشی مسۆگەر کرد. حیزبەکانی تر کاندیدی زۆریان بەربژێر کرد و هیچیان دەنگی پێویستی بەدەست نەهێنا بۆ بردنەوەی کورسییەک.


ئەو حیزبانەی کە جەخت دەکەنەوە لەسەر یەک کاندید، لە هەر بازنەیەکەدا ئەگەری بەفیڕۆچوونی دەنگ کەم دەکەنەوە، بەڵام ئەمەش دیسان بە مانای ئەوە دێت کە شکست دێنن لەوەی کورسیی زیاتر مسۆگەر بکەن لەو ناوچانەی پشتیوانییان زۆرە. بۆ نموونە: لە بازنەی یازدەی کەرخی بەغدا، عەلی نوسەیفی کاندیدی دەوڵەتی یاسا زیاتر لە ٢٠٠٠٠ دەنگی ‌‌هێناوە، بە ٨٠٠٠ دەنگ پێش دووەم کاندیدی سەرکەوتووی هەمان بازنە کەوتووە، لە کاتێکدا ئەم دەنگە زیادانە دەیتوانی کورسیی دووەم بۆ دەوڵەتی یاسا مسۆگەر بکات ئەگەر ستراتیژیانە بەکار بهێنرایە.


بەم شێوەیە هەر چەندە وەها دیارە کە سەدرییەکان و فەتح پشیتوانیی جەماوەریی جیاوازیان هەیە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەنجامەکان وردی و لێزانیی مەکینەی هەڵبژاردنی سەدرییەکان و ئاڵنگارییەکانی یاسا نوێیەکەی هەڵبژاردن نیشان دەدەن.


ئەو لیستانەی یەکگرتوون وەکوو دەوڵەتی یاسای مالیکی و پارتی دیموکراتی کوردستان، باشتر دەتوانن یاری لەگەڵ ئەم ستراتیژە نوێیەدا بکەن. بەڵام فەتح لە حیزبی ڕکابەری وەکوو بەدر، سادیقوون و سەنەد پێک هاتووە. هەر حیزبێک دەیویست لەژێر لیستی فەتحدا کار بۆ کاندیدەکەی خۆی بکات و ئەمەش بوو بە هۆی بەفیڕۆچوونی دەنگەکان.


کاتی دانوستانە بۆ هاوپەیمانییەکی تر


هەروەکو وەرەقەی دەستپێشخەریی ئەم دواییەی عێراق نیشانی دەدات ئەنجامەکانی هەڵبژاردن تاکە فاکتەر نین کە کاریگەرییان هەیە لەسەر پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو، چونکە ڕاستە سەدرییەکان زۆرترین کورسییان بردووەتەوە، بەڵام ئێستا پێویستە دانوستان بکەن بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەک.

لە هەڵبژاردنەکانی پێشتردا ئەم پڕۆسەیە بووەتە هۆی حکومەتی تەوافوقی کە هەمان حیزبەکانی ئێستای بەشدار لە حکومەتدا بەشداری دەکەنەوە بەبێ گوێدان بە سەرکەوتن لە سندووقەکانی دەنگداندا. لە کاتێکدا فەتح هەندێ دەسەڵاتی سیاسیی لەدەست داوە، بەڵام هێشتا دەسەڵاتی خۆسەپاندنیان ماوە و لەوە دەچێت کاریگەرییان لە دروستکردنی حکومەتدا لەوە زیاتر بێت کە ژمارەی کورسییەکانیان ئاماژەی پێ دەکات.


بەڵام ئەم ڕێژە زۆرەی دەنگی بەفیڕۆچوو کاریگەریی لەسەر دەنگدەران نابێت. لە سیاقێکدا کە بەشداربوون لە هەڵبژاردندا کەمە، ئەو حیزبە دامەزراوانەی کە بنکەیەکی جەماوەری و سەرکردایەتییەکی ئەقڵانییان هەیە؛ کورسیی زیاتریش دەبەنەوە، بەڵام ئایا ئەمە بەو مانایە دێت کە لە حکومەتدا کاریگەریی زیاتریان هەبێت؟ ئەمە دەبێ چاوەڕوان بین و بیبینین.


عێراق کۆمەڵێ یاسای هەڵبژاردنی گۆڕیوە و هەر چەندە ئەمە گۆڕانکاریی لە شێوازی دابەشبوونی کورسییەکاندا کردووە، بەڵام لە کۆتاییدا هەمان کۆمەڵە حیزب کۆ دەبنەوە بۆ بەشکردنی کێکی دەسەڵات و حکومەت، بەبێ گوێدان بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن. هەر بۆیە شتێکی سەیر نییە کە زۆرینەی عێراقییەکان پێیان وایە هەڵبژاردن زیاتر ڕێگایەکە بۆ ئەوەی نوخبەکان لێوەی دووبارە دانوستان لەسەر پەیمانی دەسەڵاتی خۆیان بکەنەوە، نەک بۆ ئەوەی دەنگدەری عێراقی تووڕەیی خۆی تێدا دەربڕێت یان فشارێک بکات بۆ چاکسازی.

#نووسەران:
ڕیناد مەنسوور: توێژەرە لە بەرنامەی باکووری ئەفەریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەڕێوەبەری پڕۆژەی دەسپێشخەریی عێراقە.

ڤیکتۆریا ستیوارت-جۆڵی: بەڕێوەبەری پەیمانگای پەروەردەی بەردەوامە لە زانکۆی کامبریج.
وەرگێڕانی: پەرۆش محەمەد
سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی ئاینده‌یی
سەرچاوە: چاتام هاوس

پەیمانگایەکی سیاسیی سەربەخۆیە و دیدار و كۆبوونەوە بۆ دیبەت و گفتوگۆ رێك دەخات. بنکەی سەرەکیی لە لەندەنە و بە پەیمانگای شاهانە ناسراوە بۆ سیاسەتی نێودەوڵەتی. ئامانجی ئەوەیە لێدوان و شیکردنەوە بۆ ڕووداوە گرنگەکانی جیهان بکات.

https://www.chathamhouse.org/2021/10/explaining-iraqs-election-results