ڕاپۆرتی عیراق

09:27 - 12/12/2021

بۆچى وێنەى سەدام لە دواى دەستگیرکردنى بڵاوکرایەوە؟‌

پەیسەر

 

دواى (18)، ساڵ پۆل بریمەر حاکمى مەدەنى ئەمەریکا لە عێراق. لە نوێترین چاوپێکەوتنیدا چیرۆکى دەستگیرکردنى سەدام حسێنى دیکتاتۆرى فەرمانڕەواى عێراق دەگێڕێتەوە، گێرانەوەکەى بریمەر نهێنى و زانیارى نوێى تێدایە لەبارەى دەستگیرکردنى سەدام حسێن. 

لەمیانى بەشداریکردنى لە پرۆگرامى (سەترلئەوسەت) کە لە کەناڵى (mbc) پەخش دەکرێت، پۆل بریمەر حاکمى مەدەنى ئەمەریکا لە عێراق لە دواى روخانى رژێمى سەدام،  وردەکارى دەستگیرکردنى سەدامى حسێنى باس کرد و بەمشێوە دەستى بەگێرانەوە کرد، لە ژورى نوستنەکەم بووم لە کۆمەڵگەیەکى نیشتەجێبوون لە بەغدا کاتێک پەیوەندییەکى تەلەفۆنیم لە جێگرەکەمەوە پێگەیشتو داواى لێکردم بەپەلە بچم بۆ ئۆفیسەکەم بۆ ئەوەى پەیوەندییەکى تەلەفۆنى پارێزراوم پێ بگات، جێگرەکەم ئاگادارى نەکردمەوە لەوەى کێ پەیوەندیم پێوە دەکات، بەڵام پێى راگەیاندم کە نابێت ئەو بابەتە دوابکەوێت، بۆیە لە کاتژمێر دوو و (15) خولەکى بەرەبەیان گەڕامەوە بۆ ئۆفیسەکەم، ژەنەرال جۆن ئەبى زەید فەرماندەى فەرماندەیى ناوەندى ئەمەریکا لەسەر هێڵى تەلەفۆن بوو پێى راگەیاندم کەسێکیان دەستگیرکردوە، پێدەچێت سەدام حسێن بێت کە لەناو چاڵێکدابووە لە کێڵگەیەکدا لە نزیک شارى تکریت.


 زیاتر لە رێگایەک بۆناسینەوەى دەستگیرکراوەکە

 

سەبارەت بەچۆنیەتى دڵنیابونەوە لەوەى ئەو کەسەى کە دەستگیرکراوە سەدام حسێنە، پۆل بریمەر دەڵێت: پرسیارم لە ئەبوزەید کرد باشترین و خێراترین رێگە بۆ ناسینەوەى چیە؟ لەکاتێکدا سەدام بەوە ناسراوە کە هاوشێوەى هەیە، ئەبو زەید لە وەڵامدا وتى: ئێستا بە هێلێکۆپتەر دەیگوزاینەوە و پیشانى دەستگیرکراوەکانى دیکەى رژێمەکەى دەدرێت بۆ ناسینەوە لە نێویشیاندا تارق عەزیزى تێدایە، بۆ ئەوەى بزانین ئەوان دەیناسنەوە یاخود نا، ئەوە جگە لەوەى پشکنینى (دى، ئێن، ئەى) بۆ دەکرێت بۆ ئەوەى بە تەواوى بناسرێتەوە، بە کردەییش دواى چوار کاتژمێر ئەو کارەیان ئەنجامدا لە ناسنامەکەى دڵنیابونەوە، بەتایبەتى دواى ئەنجامدانى پشکینى ترشى ناوەکى.

پلانى گواستنەوەى سەدام بۆکەنداو

 

بریمەر سەبارەت بە ئاگادارکردنەوەى بەرپرسانى باڵاى ئەمەریکا لە دەستگیرکردنى سەدام دەڵێت، راستەخۆ پەیوەندیم بە کۆندا لیزا رایس ( راوێژکارى ئاساییى نەتەوەیى ئەوکاتى ئەمەریکا) ەوە کرد و پێمراگەیاند، کە سەدام حسێن مان دەستگیرکردوە، لە کاتێکدا فەرماندە سەربازییەکانى ئەمەریکا پلانیان دانابوو بۆ ئەوەى سەدام حسێن لەناو کەشتیەیەکى جەنگى ئەمەریکا کە لە ئاوەکانى کەنداو لەنگەرى گرتبوو دابنرێت، جۆن ئەبوزەید ئاگادارى کردمەوە کە ئەوە کارێکى مەحاڵە چونکە سەدام بەندکراوێکى عێراقییە و ناتوانین بیگوێزینەوە بۆ دەرەوەى عێراق، ئەگەر ئەوکارە بکەین کەس باوەڕمان پێناکات کە دەستگیرمانکردوە، پێویستە پیشانى جیهان بدرێت.

بەشێوەیەکى ترسناک لەسێدارەدرا

 

لە وەڵامى ئەو پرسیارەى کەچۆن سەدام حسێن یان رادەستى عێراقییەکان کرد، ئایا ئەمەریکا پابەندى بنەماکانى مرۆڤ و مامەڵەکردنێکى دادوەرانە بوو لەگەڵ سەدام و بەندکراوەکانى دیکە؟ بریمەر بەمشێوەیە وەڵامى داوەتەوە، کارێکى قورس بوو لەکاتەدا هاوپەیمانێک بدۆزینەوە بۆئەوەى سەرپەرشتى دەستبەسەرکردنى سەدام حسێن بکات، لەبەرئەوە رادەستى حکومەتى عێراقمان کرد کە سەربەخۆ و خاوەن سەروەرى بوو، بە بڕواى من حکومەتى عێراق دادگاییەکى دادپەروەرانەى کرد، بەڵام بەشێوەیەکى ترسناک لەسێدارەدرا، لە پرۆسەى لە سێدارەدانیدا رێگەدرا مۆبایل و کامێرا بۆ وێنەگرتنى لەسێدارەدانەکەى بەکاربهێنرێت، ئەوەش پێشێلکردنى بنەماکانى مافى مرۆڤ بوو.

بۆچى وێنەى سەدام لە دواى دەستگیرکردنى بڵاوکرایەوە؟

سەبارەت بە پیشاندانى سەدام حسێن لە میدیاکانەوە لە دواى دەستگیرکردنى لە کاتێکدا ئەو کارە پێچەوانە رێککەوتننامەى ژنێفى تایبەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ دیلى جەنگە، حاکمى مەدەنى ئەمەریکا لە عێراق رونیکردەوە، گفتوگۆمان کرد لەبارەى چۆنیەتى قەناعەت پێهێنانى گەلى عێراق لە بارەى ئەوەى ئەو کەسەى دەستگیرمان کردوە سەدام حسێنە، گەیشتینە چەند گریمانەیەک یەکەمیان ئەوەبو وێنەى بڵاوبکەینەوە بەڵام ئەوە بەس نەبوو، گریمانەى دووەمیش ئەوەبوو کە کەسایەتیە سیاسیەکانى عێراق لە بەردەم گەلى عێراقدا شایەتى بدەن کە سەدامیان بە بەندکراوى بینیوە و قسەیان لەگەڵد کردوە، بڕیارماندا ئەو دوو رێگایە بەکاربهێنین، چونکە بەئاسانى دەتوانێت قەناعەت بە گەلى عێراق بکات کە سەدام لەژێردەستى ئێمەدایە، هەتا ئەگەر پێشێلکردنى رێککەوتننامەى ژنێفیش بێت.

 

دیکتاتۆرە دەستگیرکراوەکە لەگەرماودا


لەو چاوپێکەوتنەدا پۆل بریمەر چۆنیەتى یەکەم چاوپێکەوتنى لەگەڵ سەدام حسێن لە دواى دەستگیرکردنى بەم جۆرە دەگێرێتەوە، پەیوەندیم کرد بە (عەدنان پاچەچى) یەوە، کە ئەوکاتە سەرۆکى ئەنجومەنى حوکم بوو، لێم پرسى دەتوانێت چەند ئەندامێکى ئەنجومەنەکە کۆبکاتەوە، بەتایبەتى ئەوانەى دەیانەوێت سەدام حسێن ببینن کە لەوکاتەدا لە فڕۆکەخانەى بەغدا دەستبەسەر بوو، بەخێرایى ئەو کارەى ئەنجامدا و چوار ئەندامى ئەنجومەنى حوکمى دیارى کرد، ئێمە بە پەرۆش بووین لەو رۆژەدا هەواڵەکە رابگەیەنین هەموومان چوین بۆ فڕۆکەخانەى بەغدا، سەربازێکى ئەمەریکى پرسیارى کرد ئایا دەمانەوێت لە دورەوە سەدام ببین بۆ ناسینەوەى، یاخود بەجیا لەنزیکەوە بیبینن، ئەوان بژاردەى دووەمیان هەڵبژارد.

 

بریمەر درێژەى بەباسى چۆنیەتى یەکەم بینینى سەدام حسێن لە دواى دەستگیرکردنى داوە و رایگەیاندوە، بە رێڕەوێکى درێژدا رۆیشتین کە بەرەنگى سپى و سەوز نەخشێنرابوو، شوێنێکى تاریک و ناخۆش بوو، لە کۆتایى رارەوەکەدا ژورێکى روناک هەبوو، رەنگە تەوالێت و یان گەرماو بوبێت، گەیشتینە ئەوێ تەختێکى نوستنى بچوک دانرابوو سەدام حسێن لەسەرى دانیشتبوو، قژێکى درێژ و ریشێکى زۆرى هەبوو، دیاربوو کە چەند مانگێک بوو نەتاشیبوو، هێلەکێکى ئەمەریکى لەبەردابوو.

پۆل بریمەر لەبارەى دەستپێکى دیدارەکەیان لەگەڵ دیکتاتۆرى پێشوى عێراق دەڵێت، پێنج لە ئەندامانى ئەنجومەنى حوکم لە بەرامبەر سەدام دانیشتبوون دەستیان بە قسەکردن کرد لەگەڵیدا، بەئاسانى دەتتوانى هەست بە توڕەبونیان بکەیت، هەر یەکێک لەوان ئازارى زۆرى بەدەست رژێمەکەى سەدام حسێنەوە چەشتبوو، هەر یەکێک لەو پێنج کەسە کەسێکى نزیکیان یان ئەندامێکى خێزانەکەیان لەلایەن سەدام و رژێمەکەیەوە لەناوبرابون یاخود ئەشکەنجەى زۆر درابوون.

بریمەر ئاماژەى بە بەشێکى دیکەى چاوپێکەوتنەکەیان لەگەڵ سەدام حسێن کردوە" سەدام بەهیچ شێوەیەک تەماشاى نەکردم، لە تەنیشت دەرگاى ژوەرکەوە راوەستابووم کە شوێنێکى بەرزبوو، لە تەنیشتم ژەنەراڵ سانشێز راوەستابوو، وەرگێڕەکە لە دەمەقاڵێى نێوان سەدام و ئەندامەکانى ئەنجومەنى حوکم ئاگادارى دەکردمەوە".

 

لە زیندانیشدا دەستبەردارى پۆستەکەى نەبوو 

 

پۆل بریمەر بەمشێوە یەکۆتایى بە چیرۆکى دەستگیرکردنى سەدام حسێن هێناوە، دیمەنەکە پڕبوو لە دەنگەدەنگ، ئەندامەکانى ئەنجومەنى حوکم لە سەدام توڕە دەبون ئەویش بەهەمان شێوەى ئەوان توڕە دەبوو، وەک کەسێکى تێکشکاو دەرنەدەکەوت، بەپێچەوانەوە وەک کەسێکى شەرانگێز و دڕەندە دەردەکەوت کاتێک لەلایەن ئەندامەکانى ئەنجومەنى حوکمەوە هێرشى دەکرایە سەر، بە وردى وەڵامى دەدانەوە، ئەوانى بەخیانەتکار لەقەڵەم دەدا بەڵام بەشێوەیەکى راستەوخۆ ئەوەى دەرنەبڕى، بەڵام نیگا و تێڕوانینەکانى ئەوەیان دەردەخست کە ئەو هێشتا وەک سەرۆک کۆمار مامەڵە لەگەڵ هەموان دەکات.

سەرچاوە ... بەرنامەى (سطر الاوسط) لەکەناڵى (mbc)
وەرگێڕان و داڕشتنەوەى - نەبەز محەمەد

KNN