ڕاپۆرتی عیراق

04:19 - 02/01/2022

ئایا یاسایی هەڵبژاردنی نوێ چی گۆڕی؟‌

پەیسەر

د. ئیبراهیم محەمەد

 

دوای ئەوەی یاسایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گۆردرا وهەڵبژاردنی پێش وەختەی ١٠/١٠/٢٠٢١ی لەسەر ئەنجامدرا بەو شێوازەی کە بینیمان، ئەم هەنگاوە لە شێوازی هەڵبژاردندالە ڕووی تیۆرییەوە زۆری لەسەر وتراو شیکاری زۆری بۆ کرا، لێرەدا لەڕووی پراکتیکیەوە دەمەێت بپرسم ئایا ئەم یاسا نوێ یە چ گۆرانکارییەکی لە پێگەو کورسی دا دروست کرد لەپرۆسەی هەڵبژاردندا؟


لەڕووی پراکتیکیەوە سەرنج دەخەینە سەر دوو ئاستی سەرەکی لەگۆرانکاری: یەکەم ئاستی پێکهاتەسەرەکیەکان شیعە، سوونە وکورد دووەم ئاستی پارت وهێزە سیاسیەکان بۆ ئەوەی بزانین گۆرانکاری لەچ ئاستێکدا هاتۆتە بوون :

١

لەسەر ئاستی پێکهاتە سەرەکیەکان : بەشێوەیەکی گشتی سەیری ئەنجامی هەڵبژاردنی ١٠/١٠/٢٠٢١ بکەین دەبینین شیعە بەهەموو پارت وهاوپەیمانێتیەکانیانەوە توانیویانە بەنزیکەیی (١٤٤) کورسی بەدەست بهێنن و سوونەش (٦٩) کورسی و کوردیش توانی (٦٣) بەدەست بهێنێت، ئەمانە لەچواچێوەی پارتی سیاسی وهاوپەیمانیدابوون هەروەها (٤٣) کەسی تریش کە بەسەربەخۆیی بەشداریان کردووە لەهەڵبژاردنەکەدا هەریەکەیان کورسیەکیان بەدەست هێناوە وئەوانیش زۆربەیان وەک پێکهاتە شیعەن و چەند دانەیەکیشیان سوونەن بەڵام لە هەرێمی کوردستان هیچ کەسێکی سەربەخۆ کورسی بەدەست نەهێناوە بۆیە کەسی کوردی تێدانیە. ئەم دابەش کردنە ئەگەر بەرواردی بکەین بە ئەنجامەکانی پێشوو گۆرانکاریی لە پێگەی سەرەکی پێکهاتەکان بەڕێژەیەکی گەورە دروست نەکردووە. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە دابەش کاری پێکهاتەکان لەڕووی جوگرافی و وەلائی نەتەوەیی و مەزهەبیەوە دابەش بووە وهەر پێکهاتەیەک ڕێژەیەکی دەنگی دەنگدەرانی خۆی بەدەست هێناوە.

 


لە‌هەڵبژاردنی (٣٠/٤/٢٠١٤) دەبێنین هەموو شیعە (١٨٤)کورسی وسوونەش (٧٢) کورسی وکوردیش (٦٢) کورسی هەبووە. هەروەها لە هەڵبژاردنی (١٢/٥/٢٠١٨) دا هەموو شیعە (١٨٥) سوونەش (٧٠) کورسی وکوردیش (٦٠) کورسی هەبووە . دەبینین کورسی پێکهاتە سەرەکیەکان بەشیوەیەکی گشتی لە هەڵبژاردنەکاندا بۆ هەریەکەیان ژمارەی کورسیەکانیان لەخولێکەوە بۆ خولیکی تر لەیەکەوە نزیەکە تەنها شیعەکان نەبێت کە لە دەرەوەی چوارچێوەی هاوپەیمانێتی وپارتی سیاسیدا کەسانی سەربەخۆی شیعە کورسی زۆریان بەدەست ‌هێناوە بۆیە ئەگەری زۆرە ئەو ٤٣ کەسایەتیە سەربەخۆیە زۆربەیان شیعەبن، بۆیە گۆرانکارییەکان لەسەر ئاستی پێکهاتەکان گۆڕانکاریەک نیە کە پێکهاتەیەک لەسەر حسابی پێکهاتەیەکی تر کورسی خۆی زیاتر کردبێت ، تەنها گۆڕانکارییەکی بچووکە لەوناوچانەی کە تێکەڵەیەک لە پێکهاتەکان بوونی هەیە دروست دەبێت کە چەند کورسیەکی کەم گۆرانی بەسەردا دێت. ئەوەی یارمەتی دەری ئەو دابەش بوونەی کورسی پێهاتەکانە بریتیە لەدابەش کردنی کورسیەکانی پەرلەمان بەسەر پارێزگاکانداو هەریەک لە شیعە وسوونە وکورد لەڕووی جوگرافیەوە بەسەر ئەو پارێزگایانەدا دابەش بوون، سوونە پارێزگاکانی ناوەراست و کورد پارێزگاکانی هەرێم وشیعەش پارێزگاکانی باشوور.

٢

لەسەر ئاستی هێزە سیاسیەکانی نێو پێکهاتە سەرەکیەکان: ئەگەر سەیری پێکهاتەی شیعە بکەین لەم هەڵبژاردنەدا دەبینین سەدر توانی پلەی یەکەم بەدەست بهێنێت لەسەر ئاستی عێراق و هێزە شیعیەکان بە٧٣ کورسی پەرلەمانی، لە بەرامبەردا هێزەشیعیەکانی خۆیان لە کورسیەکانی خۆیان رازی نەبوون بەگشتی وپێگەی خۆیان لەدەستدا وهەر یەک لە هادی عامری وحەیدەر عەبادی و عەمار حەکیم پاشەکشەیان کرد وهەر ئەم هۆکارەش بوو وای لێکردن لە چوار چێوەی هەماهەنگیدا دژایەتی بەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان بکەن بەڵام دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی لە ٢٧/١٢/٢٠٢١ ئەنجامەکانی پەسەند کرد ئەوانیش بەگشتی سەرەرای تێبینیان رازی بوونی خۆیان بۆ بڕیارەکەی دادگا دەربڕی.

 


لە هەڵبژاردنی (٣٠/٤/٢٠١٤)دا دەبینین (دەوڵەتی قانون مالکی ٩٢، ئەحراری سەدر ٣٤، مەواتنی عەمار حەکیم ٢٩ ، فەضیلە ٦ ، تەیاری ئیسلاحی جەعفەری ٦ ) کورسیان بەدەست ‌هێنابوو. دواتر لە هەڵبژاردنی (١٢/٥/٢٠١٨ ) بەرئەنجامی هێزە شیعیەکان بەم شێوازە بوون (سائیرونی سەدر ٥٤ ، فەتحی هادی عامری ٤٧ ، نصری حەیدەر عەبادی ٤٢ ، دەوڵەتی قانونی مالکی ٢٥، ڕەوتی حیکمە عەمار حەکیم ١٩ کورسیان هەبوو)، ئەگەر بەرواردێکی گۆرانکاری بکەین لە نێوخۆی هێزە شیعیەکاندا دەبینین سائیرونی سەدر پلەی یەکەمی بەدەسی هێناوە بە ٥٤ کورسی ودەولەتی قانونی مالکی کە یەکەم هێز بووە لە ٢٠١٤دا بە ٩٢ کورسی کورسیەکانی بۆ ٢٥ دابەزیوە لە ٢٠١٨دا و بوو بوو بە پێنجەم ‌هێزی ، هەرەوها گۆرانکاری لە ئەوانی تریشدا ڕوویدا بوو لە نیوان ئەو دوو هەڵبژاردنەدا. ئەگەر هەڵبژاردنی ٢٠١٨ بەروارد بکەین لە گەڵ ٢٠٢١دا دەبینین لە هەڵبژاردنی ١٠/١٠/٢٠٢١ دیاری ترین هێزی شیعە (دوای سەدر کە ٧٣ کورسی بردەوە) مالکیە کە ٣٣ کورسی وهادی عامریە ١٧ کورسی هێناوە. کەواتە دەتوانین بڵێن گۆرانکاری لەپێگە وکورسی هیزە شیعیەکان هاتۆتەبوون ، هێزگەلێک کە تادوێنی بە‌هێز بوون ئەمرۆ ئەو سەنگەیان لەدەستداوە. هەرچەندە ئەگەر سەیری مالکی بکەین لە ٢٠١٨ ٢٥ کورسی بردەوە بەڵام لە ٢٠٢١ دا ٣٣ کورسی بردەوە بەڵام هەر ناڕازییە ولە چوار چێوەی هەماهەنگی هێزە شیعیەکانە.


دەتوانرێت خوێندنەوەی جیاواز بۆ داتای هەڵبژاردنەکان بکرێت وبەشێوەی جیاواز شیکار بکرێت ، بۆنموونە بەرئەنجامەکان ئەوەمان پیدەڵێن کە هێزە شیعیەکان بەیاسا کۆنەکە و لە نێوان هەڵبژاردنی ٢٠١٤ و ٢٠١٨ دا گۆرانکاری لەکورسی و پێگەی هێزە شیعیەکان دروست بووە، هەروەها سەدر بە یاسا کۆنەکەش لە هەڵبژاردنی ٢٠١٨دا هەر یەکەمی نێو هێزە شیعیەکان بووە بە ٥٤ کورسی لە ٢٠٢١ یشدا هەریەکەم بووە بەڵام به‌ ٧٣ کورسی.

 


هەرچی هێزە سوونەکانە لە نیوان دوو هاوپەیمانێتیدا خۆیان ڕێكخستووە بەسەرۆکایەتی خەمیس خنجەر ومحمد حەلبوسی کە لەپێشووتردا سەرکردایەتی سوونە لەلای کەسانی تر بوو وەک لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٤ و ٢٠١٨دا دەبینرا. بەگشتی گۆرانکاری بوونی هەبووە لە پێگەی هێزە سوونەییەکاندا لەدوای ٢٠٠٣وە وبەردەوامیشە بۆیە دەبینین سەرکردەکانیان گۆرانکاریان تێدا هاتۆتە بوون ، هەر لە غازی یاوەرەوە تاوەکو هاشمی وصالح موتڵەگ ونوجێفی و ئێستاش خەنجەر وحەلبوسی. بۆیە دەتوانین بڵێین سوونەکان لەدوای هەڵبژاردنەکانەوە هێزەکاریگەرەکانیان گۆراون، واتە ئەگەر ئەم یاسا نوێ یەش نەبوایە گریمانەی سوونەکان ئەوەبووە کە گۆرانکاری لەپێگەی سەرکردەوە وهێزەکانیاندا دێتە بوون وەک لەڕابردوو ڕوویداوە.

 


سەبارەت بە پێگەی هێزە کوردیەکان ئەگەر سەیری ئەنجامەکانی رابردوو بکەین دەبینین گۆرانکاری لەنێوان دوو هەڵبژاردنی (٢٠١٤) و (٢٠١٨) بەیاسا کۆنەکە هاتۆتە بوون بۆ نموونە ٢٠١٤(پارتی ٢٥ ، یەکێتی ٢١ ، گۆران٩ ، یەکگرتوو ٤، کۆمەڵ ٣) لە ٢٠١٨دا (پارتی ٢٥، یەکێتی ١٨، گۆران ٥ ،نەوەی نوێ ٤ ، یەکگرتوو ٢ ، کۆمەڵ ٢، هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی ٢) ئەوەی بەڕوونی دەبینرێت ئەوەیە کەگۆرانکاری لە کورسی لایەنەکان هاتۆتە بوون تەنها پارتی نەبێت کە لە هەردوو هەڵبژاردندا ٢٥ کورسی هەبووە.کورسی هێزە سیاسیەکان بەدرێژایی هەڵبژاردنەکان بەردەوام لەگۆڕاندا بووە ولە هەڵبژاردنی ٢٠٢١ دا گۆرانکاری لەکورسیەکاندا دەبینرێت (پارتی ٣١ ویەکێتی ١٨ و نەوەی نوێ ٩ کورسی ویەکگرتوو ٤ وکۆمەڵ ١ وگۆران هیچ کورسی بەدەست نەهێنا) ، ئەوەی وای کرد ئەم بەرئەنجامە بەم شێوازە بێت بەپلەی یەکەم یاسا نوێ یەکەبوو -هەرچەند هۆکاری تر هەبوون بەڵام کرۆکی ئەم بابەتە نیە ودەکرێت لەنوسینێکی تردا بخرێتە ڕوو- کە لەڕووی تەکنیکیەوە کاریگەری لەسەر کورسی لایەنەکان دروست کرد.

٣

لەکۆتاییدا دەتوانین بڵێین جێ بەچی کردنی یاسای نوێی هەڵبژاردن نەبۆتە هۆی دروست کردنی گۆرانکاری لە پێگەی پێکهاتە سەرەکیەکانی شیعەو سوونەو کورد، بەگشتی پێگەکەیان تاڕادەیەک نەگۆرە و وەک باسمان کرد ئەوەش دەگەرێتەوە بۆ سروشتی دابەش کاری جوگرافی پێکهاتەکان ودابەش کردنی کورسیەکانی پەرلەمان بەسەر پارێزگاکاندا ئەمەش وای کردووە تاوەکو ئێستا هیچ ‌هێزیکی سیاسی نەتوانێت ئەو سنوورە تێپەڕێنێت وببێتە هێزێکی کۆکەرەوەی پێکهاتە جیاوازەکان. لەهەمان کاتدا ئەم یاسا نوێ یە گۆرانکاری لە پێگە وکورسی هێزو لایەن سیاسیەکاندا هێناوەتە بوون ، ئەم گۆرانکارییەش لەپێکهاتەیەک بۆ پێکهاتەیەکی تر جیاوازە و لێکەوتەکانیشی ئاستی جیاوازی وەرگرتووە. هەرچەندە یاسای نوێی هەڵبژاردنەکان گۆرانکاری هێناوەتە بوون لە پێگەی لایەنەکاندا بەڵام یاساکە بەتەنها ئەو گۆرانکاریانەی نەهێناوەتە بوون بەڵکو هۆکار گەلێکی تر هەبوون کەوای کردووە ئەو گۆرانکاریانە بێتە بوون. سروشتی هەڵىژاردن ئەگەر پاک وبێگەرد بێت گۆرانکاری لە کورسی لایەنەکاندا دروست دەکات، هەرچەندە هەڵبژاردن لەعێراقدا تا ئێستا پاک وبێگەرد نەبووە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەهەڵبژاردنێک بۆ هەڵبژاردنێکی تر بەگشتی گۆرانکاری لە کورسی لایەنەکان هاتۆتە بوون وبەردەوامیش دەبێت. یەکێک لەوخاڵانەی کە لەجێ بەجێ کردنی ئەم یاسایەدا بەدی کرا هەڵبژاردنی تاکەکەسی بوو کە هەندێک ‌کەسی سەربەخۆی سیاسی توانیان لەدەرەوەی پارت وهاوپەیمانێتی سیاسی دەنگی پێویست بەدەست بهێننن وکورسی پەرلەمانی مسۆگەر بکەن کە ژمارەیان ٤٣ کەسە کەبەسەر بەخۆیی کاندید وبوون و سەرکەوتووبوون بەڵام هیچیان کورد نەبوو.