کوردستان

10:12 - 05/01/2022

چین و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست: گۆڕانکاری لە کوردستان؟‌

▪️عەبدوڵا حەوێز

- پێش سێ هەفتە، ئیمارات بڕیاری هەڵپەساردنی رێککەوتنێکی گرنگی چەندان ملیار دۆلاری دا لەگەڵ ئەمریکا بۆ کڕینی فرۆکەى جۆری ئێف٣٥ کە پێشکەوتووترین فرۆکەى ئەمریکایە - هۆکاری هەڵپەساردنەکە مەرجەکانى ئەمریکان کە بەشێکی مەرجەکان ئەوەن کە ئیمارات پەیوەندیەکانی لەگەڵ چین کەم بکاتەوە و پشت بە کۆمپانیای هیواوی چینی نەبەستێت لە بنیاتنانى ئینتەرنێتی جی٥.

- بەپێی راپۆرتێکی تر کە پێش دوو هەفتە لە میدیاکانى ئەمریکا بڵاوکرایەوە، چین یارمەتی سعودیه دەدات لە دروستکردنی موشەکی بالستی کیشوەربر کە یەکێکە لە گرنگترین چەکەکانى جیهان و ئێستا سعودیه خەریکی دروستکردنی ئەم جۆرە موشەکەیە.

- سەرباری ئابڵوقە خنکێنەرەکانى ئەمریکا، هەناردەى نەوتی ئێران بۆ چین لەماوەى سێ مانگی رابردوو بەرێژەى ٤٠٪ زیادی کردووە و چین قونسڵخانەیەکی لە شاری بەندەر عەباس کردۆتەوە و پێشتریش چین و ئێران چەندین رێککەوتنی ئابوریان واژوو کردبوو.

- جگە لەمانە لە ماوەى دوو هەفتەى رابردوو، چین دوو رێککەوتنامەى گرنگی لەگەڵ عێراق واژووکرد کە بەپێی رێککەوتنەکان کۆمپانیاکانى چین لەماوەى دوو ساڵ ١٠٠٠ قوتابخانە لە عێراق دروستدەکەن و عێراق لەرێی نەفت پارەکە دەدات، رێککەوتنێکی تریان واژووکرد بۆ دروستکردنی گەورەترین پاڵاوگە لە بەسرا و چەندین رۆژەى پیترۆکیمیاوی تر بە بڕی ١٩ ملیار دۆلار، جگە لەمە چین شارێکی ٥ ملیار دۆلاری لە هەولێر دروست دەکات.

- لە ساڵی ٢٠٢٠یش چین بووە گەورەترین هەناردەکەر بۆ تورکیا هەرچەندە دۆخی تورکیا لە هەموو وڵاتانى تری ناوچەکە لەم رووەوە باشترە چونکە پەیوەندی ئابوری تورکیا لەگەڵ چین هاوسەنگتەرە و کەمتر پشت بە چین دەبەستێت کە ئەمەش وای کردووە تورکیا دەستکراوەتر بێت لە رەخنە گرتن لە چین لە رەوشی موسڵمانەکانى ئۆیگور کە بە رەگەز تورکن لە بەرامبەر ئەمەشدا چین کێشەى کوردی یەک دوو جار زەقکردۆتەوە و رەخنەى لە تورکیا گرتووە.

- هەموو ئەمانەى نیشانەى فراوانبوونی نفوزی چینە لە ناوچەکە و نیشانەى کەمبوونەوەى نفوزی ئەمریکاشە - لەم سەردەمە نوێیە کە بەشێوەى تەدریجی جیهان بەرەو فرەجەمسەری هەنگاو دەنێت، لە خۆرهەڵاتی ناوەراست رۆڵی گەورە وڵاتانى ئیقلیمیش بەتایبەت تورکیا و ئێران زیاتر دەبێت و دەچێتەوە قەبارە مێژوویەکەى خۆى کە زیاتر لە هەزار ساڵە رۆڵی سەرەکی دەگێرن لە گۆڕانکاریەکانى خۆرهەڵاتی ناوەراِست و جیهانی ئیسلامی.


- ئەم گۆڕانکاریانە کاریگەری گەورە و راستەوخۆى لەسەر کوردستانیش دەبێت و دەکرێت لەلایەن ئەوانەى چاویان لە گۆڕانکاریە بە عاقڵانە بەکار بهێنرێت و وەبەرهێنان لە داهاتوو بکەن چونکە بەهۆى شێوازی دروستبوونی هەرێمی کوردستان و جیۆسیاسیەکەى، ئەوە رەنگە تەنها شێوازبێت کە بتوانرێت گۆڕانکاری لە کوردستان بکرێت; بێگومان ئەم پاشەگەردانی و گەندەڵیە لەراددە بەدەرەیش کە لە کوردستان هەیە ئاسانکاری دەکات و زیاتر رێ بۆ داروخانى ئەم رژێمەى ئێستا و رێخۆشکردن بۆ گوڕانکاری دەکات. بەبێ خوێندنەوەى وێنە گەورەکە و جیۆسیاسی ناوچەکە ناتوانرێت بەرچاوت روون بێت و ناتوانی خۆت بۆ قۆستنەوەى گۆڕانکاریکان لە بەرژەوەندی خۆت ئامادە بکەى.