کوردستان

11:06 - 10/01/2022

وانەکانی زارا‌

حسین ئەحمەد پوور


وانەی یەکەم: ڕانەکردن لە چارەنووس و گەڕاندنەوە شکۆ بۆ باوەڕ


لە مێژووی زیاتر لە ٧٠ ساڵی رابردوودا بە هەزاران تێکۆشەری کورد گیانیان لەپێناوی بیروباوەڕەکانی خۆیان بەخت کرد. هەموو بەشەکانی کوردستان پڕە لە چیرۆکی ئەو زیندانیانەی ئازایانە بە گژ جەلاددا چوونەوە و پەتی سێدارەیان کردەمل بەڵام ئامادەنەبوون سەر کز بکەن و ژیانی هاوڕێیەکی خۆیان بخەنە مەترسییەوە. مێژوومان پڕە لە سەرکردەی ئازا و هەندێکیشیان گیانیان بەخت کردووە.


بەڵام هەر لەو مێژووەدا باوەڕ ناکەم هیچ سەرکردەیەک هەبێت وەک قازی محەمەد لەناو بیروباوەڕی خەڵکدا پێگەیەکی بەرزی هەبێت. هەر کام لەو سەرکردانە لەلایەن بەشێک لە کۆمەڵگاوە رەتدەکرێنەوە و یان بەهۆی جیاوازی حیزبایەتی و بیروباوەڕەوە تێبینیان لەسەرە، کەچی کاتێک باسی قازی محەمەد دەکرێت لەگەڵ ئەوەی هەندێکمان ڕەخنەشمان لێی هەیە کەچی زۆرینەمان بە ڕێز و شکۆوە یادی دەکەینەوە. قازی محەمەدیش وەک هەر سیاسییەکی دیکە هەڵە و کەموکوڕی هەبووە، بەڵام تەنها یەک هۆکار هەیە کە هەمووان بە ڕێزەوە ناوی دەهێنین، ئەویش دواین هەڵوێستیەتی، دەیتوانی لە چارەنووسی رابکات و نەیکرد. خۆ لەوانەیە لە ساتەوەختی بڕیارداندا قازی محەمەد هیوایەکی بەوە هەبووبێت کە بەرلێبوردن بکەوێت، بەڵام ئەوەشی لەبەرچاوبووە کە لەوانەیە بە توندترین شێوەش سزا بدرێت. گرنگ ئەوەیە راینەکرد و ئازایانە رووبەڕووی چارەنووسی خۆی بووەوە و بەمەش لەلایەکەوە حەقانییەتی بەخشی بە بیروباوەڕەکەی و لەلایەکی دیکەشەوە نەمریی بەخشی بە خۆی. ڕێک وەک سوقڕات کە دەیتوانی ڕابکات و ڕاینەکرد، عیساش دەیتوانی لە مەرگ ڕابکات و نەیکرد. خاڵی هاوبەشی هەموویان ئەوەیە کە رانەکردنی وشیارانە لە چارەنووس شکۆمەندی داوە بە ژیان و بیروباوەڕەکانیان.


زاراش هەمان هەڵوێستی دووبارە کردەوە. ئەیتوانی ڕابکات لە چارەنووسی زیندان وەک زۆر خەڵکی دیکە. وشیاری و باوەڕێکی زۆر پتەوی دەوێت بۆ ئەوەی کەسێک وەها هەڵوێستێک بنوێنێت. کێ هەیە بزانێت کە دەتوانێت بڕواتە دەرەوەی وڵات و ژیانێکی ئاسودەتری هەبێت کەچی کونجی زیندان هەڵبژێرێت. لە سەردەمێک کە هەمووان بە رواڵەت خاوەن بیروباوەڕی تایبەت بە خۆمانین کەچی زۆربەشمان دڵەڕاوکێی پاشەڕۆژی خۆمانمان هەیە و هەموو خەممان ژیانێکی گەرەنتی کراوە و لەم پێناوەشدا کۆچ دەکەین و وڵات جێ دەهێڵین، کەچی زارا رێک پێچەوانەی هەموومان دەجوڵێتەوە. زارا بە ڕانەکردنی پەیامی ژیانی شکۆمەندانەی دا بە گوێی هەمووماندا. زارا بە ڕانەکردنی شکۆی بۆ بیروباوەڕ گەڕاندەوە. هەروەها بە رانەکردنی و بە تەسلیم نەبوونی بە ئیرادەی دەسەڵاتی ستەمکار ئەو پەیامەشی دا بە گوێی دەسەڵاتدا کە هێشتا ماون ئەو کەسانەی تەسلیمی ئیرادەی ستەمکار نابن. زارا سوقڕات ئاسا وتی من لەسەر حەقم و هەر منیش خاوەن ئەم وڵات و ئاو و خاکەم، ئەوەی کە دەبێت ئەم وڵاتە جێ بهێڵێت ئەوانەن کە دەیانەوێت من بڕۆم. هەر ئەمەشە نهێنی خۆشەویست بوونی زارا لەناو دڵی میللەتەکەیدا. هیوادارم زارا بەردەوام بێت لەسەر ئەو پەیامەی بۆ ئەوەی ببێتە زارای سەرکردە، بۆ ئەوەی لە هەناوی ئەم پەیامەوە سەرکردەی نوێ لە دایک بێت.


وانەی دووەم: بۆشایی سەرکردە


چەند رۆژێکە کە چاودێری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەڵوێستی خەڵک چ لە باشور و چ لە رۆژهەڵات دەکەم وا تێ دەگەم کە زۆرینە هەست بە بۆشایی جۆرێک لە سەرکردەی ئەخلاقی دەکەن کە بیروباوەڕ و متمانەیان بۆ بگەڕێنێتەوە. کاتێک خەڵکێکی زۆر دەڵێن زارا سەرکردەمانە بە تایبەتیش رۆژهەڵاتییەکان ئەو پەیامە دەدەن کە ئەوانەی ئێستا بانگەشەی سەرکردایەتی خەڵک دەکەن خاوەنی هیچ پەیامێک نیین. راستیش دەکەن، چونکە بە درێژایی چەند دەیەی رابردوودا بە هەموو سەرکردە و حیزبەکانەوە نەیانتوانیوە پەیامێک بە خەڵک بدەن کە نیو ئەوەندەی پەیامەکەی زارا هەست و سۆز و باوەڕی خەڵک بجوڵێنێت.


وانەی سێیەم: نۆژەنکردنەوەی پردی پەیوەندی نێوان رۆژهەڵات و باشور


حیزبە سیاسییەکانی ئەو دوو بەشەی کوردستان بەهۆی حیزبایەتی و کۆمەڵێک هۆکاری دیکە کە لێرەدا جێی باس نییە، لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا بوونەتە هۆکاری دوورکەوتنەوەی خەڵکی ئەو دوو بەشەی کوردستان لە یەکتر. لەم ساڵانەدا بە تەواوی هەست بەوە دەکرا نە باشوورییەکان بە تەواوی لە ئازار و سۆز و کێشەکانی رۆژهەڵات تێ دەگەن و نە رۆژهەڵاتییەکانیش لە کێشەی خەڵکی باشور تێدەگەن. بەڵام دۆسیەی زارا ئەم سنووری لێک تێنەگەیشتنەی کە سیاسەتی هەڵە دروستی کردبوو بە تەواوی کاڵ کردەوە. لەم رۆژانە دۆسیەی زارا و کاردانەوەکان بە یادکردنەوەی قاسم سلێمانی لە باشور وەها هەست و سۆز و باوەڕی خەڵکی باشوری جوڵاند کە هەموو ریسەکەی کۆماری ئیسلامی کردەوە بە خوری. هەربۆیە وانەیەکی دیکەی دۆسیەی زارا ئەوەبوو کە چ سیاسییەکان و چ خەڵکی هەر دوو بەشی کوردستان جارێکیتر بیر بکەنەوە و هاوچارەنووسیان زۆر گەورترە نەک تەنها لە سنورە دەستکردەکانی نێوان داگیرکەران، بەڵکو زۆر گەورەتریشە لەو سنوورانەی حیزبەکان دروستیان کردووە، ئەو حیزبانەی کە لەگەڵ خێڵەکانی رابردوو جیاوازییەکی ئەوتۆیان نییە.



وانەی چوارەم: جارێکیتر هاوچارەنووسی کورد و کورد


ئەم رۆژانە کە هەم سەرنجی میدیا و سۆشیالمیدیای کوردی و هەم سەرنجی میدیا و سۆشیال میدیای فارسیم دەدا، بەڕوونی دیاربوو لە دۆسیەی زارا ئەو پشتگیرییەی لە هەولێر و سلێمانی بۆ زارا هەبوو هەزار قات زیاترە لەو پشتگیرییەی لە تاران و تەورێز و ئیسفەهان بۆ زارا، ئەمە جگە لەو هەموو دژایەتییەی کە لەناو میدیا و سۆشیال میدیای فارسیدا هەبوو. ئەو وتەیەی موژگان کاوسی کە ژەنە مامۆستایەکی دیکەی زمانی کوردییە و لەم دوایانەدا و دوای چەند ساڵێک لە زیندان ئازاد کرا زۆر حاشا هەڵنەگرە کە وتی ئەو ماوەی لە زینداندا بووم ئەوەندەی زیندانییە سیاسییەکان بەهۆی پێداگریم لەسەر زمانی کوردی و شوناسی کوردبوونەوە ئازاریان دام نیو ئەوەندە جەلادەکان و پاسەوانانی زیندان ئازاریان نەدام. ئەویش ئەو زیندانییە سیاسییانەی کە بڕیارە لە دوای نەمانی کۆماری ئیسلامی سیستمێک بە دڵی خۆیان دروست بکەن. ئەوەی کە دەبێت جارێکیتر تێیڕامێنینەوە ئەوەیە کوردبوون و شوناسی کوردبوونمان لە داهاتوودا زیاتر لە ئێستا لە مەترسیدایە. بۆ کوردی هەر بەشێکی کوردستانیش لە هەموو ناوچەکەدا تەنها پشتیوان کوردی پارچەکانی دیکەیە و هەربۆیە چ لە ڕووی سیاسی و چ لە رووی کۆمەڵایەتییەوە کوردانی هەر بەشێک کاتێک قسە دەکەن و کاتێک دەنووسن و کاتێک سیاسەت دەکەن و هەر چالاکییەکیتر دەکەن دەبێت ئاگاداری هەست و شعور و ئازار و کێشەکانی کورد پارچەکانی دیکە بن و کارێک نەکەن کەلێن بکەوێتە ناو ئەو هەستی هاوپەیوەندییە، کە لەم ساڵانەی دواییدا خەڵکێکی زۆر بە ئانقەست و بە پلان ئەو کارەیان کردووە و هەندێکیش نەزانانە و لەڕووی کاردانەوەوە کردوویانە.


وانەی پێنجەم: ژنان داینەمۆی گۆڕانکارییەکانی داهاتوون


لەم چەند ساڵەی دواییدا کۆمەڵێک لە ژنان لە رۆژهەڵاتی کوردستان هاتوونەتە مەیدان کە کاتێک قسە دەکەن ژیرانەتر قسە دەکەن، بە هەڵوێستترن، کاتێکیش دەنووسن مەنتقی بەهێزیان هەیە. زۆر ژیرانە و بە مەنتقێکی بەهێزەوە دوو شوناسی ژنبوون و کوردبوونی خۆیان ئاوێتەی یەکتر کردووە و ئێستا نەک پاشکۆی گوتاری پیاوانەی ناو بزووتنەوەی کوردنین بەڵکو خۆیان گوتارسازی دەکەن. هاتنە مەیدانی ژنان بەم شێوەیە هیوا بە داهاتوو زیاتر دەکات.