ڕاپۆرتی عیراق

03:01 - 27/01/2022

سەبارەت بە نیسابی پێویست بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار‌

د.لەتیف مستەفا

مادەی٧٠ لەدەستوری عێراق دەڵێت :

١- ئەنجومەنی نوێنەران سەرۆکی کۆمار بەزۆرینەی دوو لەسەر سێی ژمارەی ئەندامەکانی ھەڵدەبژێردرێ «واتە ٢٢٠ ئەندام »
٢- ئەگەر ھیچ لە کاندیدەکان ئەو زۆرینەیەی نەھێنا دەنگدان لە نێوان ھەردوو ئەو کاندیدەی زۆرترین دەنگی پەرلەمانتارانیان بەدەست ھێناوە دوبارە دەکرێتەوە، ئەوەی زۆرترین دەنگی ھێنا دەبێت بەسەرۆک کۆمار.

ئەم دەقە جیاوازی رەئی دروست کردوە لە نێوان دوو بەرەدا و ھەر لایەو لەڕوانگەی بەرژەوەندی سیاسی خۆیەوە مادەکە شی دەکاتەوە، دیارە ھەر لایەو بیانو بەڵگەی خۆی ھەیە.


یەکەمیان : کە لایەنگرانی کەمینەی پەرلەمانین « واتە چوارچێوەی ھاو ئاھەنگی شیعەکان » بە رابەرایەتی مالکی، دەڵێن دەبێ لە دەنگدانی یەکەمدا دوو لەسەر سێ واتە ٢٢٠ ئەندام ئامادەببێ ئینجا دەست بەدەنگدان بکرێ، ھەر کاندیدێک زۆرینەی دوو لەسەر سێی ھێنا دەبێ بەسەرۆک کۆمار ، ئەگەر کەس نەیھێنا ئینجا دەنگدان لە سەر ئەو دوو کاندیدەی کە زۆرترین دەنگیان ھێناوە دوبارە دەکرێتەوە، بەرەئی ئەمان ئەگەر ئەو ژمارەیە ئامادەنەبێ ناکرێ پەرلەمان بڕوات بۆ جەولەی دوەمی دەنگدان، واتە دەلێن نیسابی دانیشتن بۆیەکەم دەنگدان ئامادەبوونی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمانە، بیانوی ئەمان ئەوەیە کە دەستوری عێراق لەسەربنەمای تەوافوقی بنیات نراوەو بۆیە پێویستی کردوە کە دوو لەسەرسێ ئامادەبن بۆ ئەوەی ھەموو لایەنە کاریگەرەکان سازان بکەن و ئیرادەی زۆرینە زاڵ نەبێت ، چونکە پێک ھاتەی عێراق وایە ناکرێ بەزۆرینە بەرێوە ببرێ، دوەم بیانوش دەڵێن، کە لە چوار خولی پێشوی ھەلبژاردنی سەرۆک کۆماردا بەو شێوەیە بوەو وەک عورفێکی دەستوری لێھاتوە کە ئەو عورفەش پشتی بەو بنەما سازانیەی دەستور بەستوە.


ھەروەھا دەشڵێن ئەگەر پەرلەمان بتوانێ بچێت بۆ دەنگدانی دوەم بێ ئەوەی دوو لەسەر سێ ئامادەبێ، کەواتە حیکمەت لەبڕگەی یەکەمی مادەکە چیە؟


دووەمیان: لایەنگرانی زۆرینەی پەرلەمانین بەرابەرایەتی موقتەدا سەدرو ھاوپەیمانەکانی و پێیان وایە کە نیسابی دانیشتنی پەرلەمان بەگوێرەی مادەی ٥٩ لەدەستور بریتیە لە ئامادەبوونی نیو زائید یەکی پەرلەمانتاران ، واتە ١٦٥ ئەندام ،لەو کاتە ئیتر دەرگای دەنگدان دەکرێتەوە، ئەگەر لەدەنگدانی یەکەم ھیچ کاندیدێک ئەو زۆرینەیەی نەھێنا واتە دوو لەسەرسێ ئەوە پێویستە پەرلەمان بچێت بۆ دەنگدانی دوەم لەنێوان دوو لەو کاندیدانەی زۆرترین دەنگیان ھێناوە.


لەراستیدا ئەوەی وای کردوە کە لایەنگرانی زۆرینە وابلێن دوو ھۆکارە:

یەکەم/ دەقەکە نەیوتوە نیسابی دانیشتن دوو لەسەر سێیە ئینجا دەبێ دەست بەدەنگدان بکرێ ئەگەر وای بوتایە دەبوایە لانی کەم دوو لەسەر سێ ئامادەبێ ئینجا دەست بەدەنگدان بکرێ .

دوەمیش برگەی دوەمی مادەکەیە کە دەلێ ئەگەر ھیچ کاندیدێک لە جەولەی یەکەمی دەنگدان ئەو رێژەیەی بەدەست نەھێنا پەرلەمان دەنگدان لە دوو کاندیدی زۆرترین دەنگ دوبارە دەکاتەوە، ئەگەر ئەم برگەیە نەبوایە پێویست بوو دوو لەسەر سێ ئامادەبێت و ئەو رێژەیەش بەدەس بێت بۆ بون بەسەرۆک کۆمار، ئەگەر دەستور بیویستایە بە دوو لەسەرسێ بێت وەک مادەی ١٣٨ ی ئینیقالی کە باسی لە ھەلبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی کۆمار دەکرد وەک ئەو مادەیە یەک خیار واتە یەک بژاردەی دەدا کە ئەویش دوو لەسەر سێیە.


جگە لەوە دەشڵێن کە دەستوری عێراق لە ھەڵبژاردنی سێ سەرۆکایەتیەکە سازانی نەکردوە بەبنەما بەڵكو زۆرینە، دەستەی سەرۆکایه‌تی پەرلەمان بەزۆرینەی رەھا ھەڵده‌بژێردرێت، حکومەتیش بەزۆرینەی رەھا متمانە وەردەگرێ، سەرۆکایەتی کۆماریش ھەر لەسەر ئەو بنەمایە دەبێ بە زۆرینەبێ بۆیە مادەکە برگەی دوەمی ھەیە.


دواجار ئەمانە ھەردوکیان رەئین، بریار بەدەست سەرۆکایەتی پەرلەمان و پەرلەمانە، دەشێ بەھەرکامیان وەربگرێت و بڕیاری کۆتاییش لای دادگای فیدرالیە، ئەگەر پەرلەمان بەھەر کام لەو دوو رەئیەی وەرگرت و بڕیاری لێدا لایەنەکەی تر کە نارازیە یان زەرەر مەندە دەتوانێ تانەی لێبدات لای دادگای فیدرالی و بریاری یەکلا کەرەوەش بۆ ئەو دەبێ.