کوردستان

10:22 - 05/02/2022

بارزانی پیرۆزبایی سەلاحەدین بەهادین دەكات‌

پەیسەر

بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەكگرتووی ئیسلامیەوە، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی پیرۆزبایی لە سەلاحەدین بەهادین دەكات.

28 ساڵ لەمەوبەر یەكگرتووی ئیسلامی راگەیەندرا، بەو بۆنەیەوە مەسعود بارزانی پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی ئەمینداری ئەو حزبە كردووە و رایگەیاندووە، "بەبۆنەی بیست و هەشتەمین ساڵیادی راگەیاندنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاڕاستەی ئێوەی بەڕێز و سەركردایەتی و سەرجەم كادیر و ئەندام و لایەنگرانی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان دەكەم و هیوای سەركەوتن و بەردەوامیتان بۆ دەخوازم."
 

مەسعود بارزانی، دەڵێت "بە پێزانینەوە یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بە درێژایی تەمەنی سیاسیی خۆی خاوەنی هەڵوێستی میانڕەو و بەرپرسانە بووە و لە زۆر وێستگەدا یارمەتیدەری تەبایی سیاسیی بووە".


هیوادارە "لە سایەی فرەیی و پڕۆسەی دیموكراسیی كوردستاندا برایەتی و تەبایی نێوان لایەنە سیاسییەكان قووڵتر ببێت و هەموو لایەك لە خزمەت بەرژەوەندیی باڵاكانی گەلەكەماندا بین".


شەشی دووی 1994 یەكگرتووی ئیسلامی راگەیەندرا، لەو كاتەوە تا ئەمڕۆ، جگە لە چوار ساڵ، سەلاحەدین بەهادین ئەمینداری ئەو حزبە بووە.

یەكگرتوو لەم خولەی پەرلەمانی كوردستاندا پێنج كورسی هەیە و ئۆپۆزسیۆنە، لە دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا چوار كورسی بە دەستهێنا.