کوردستان

04:39 - 12/03/2022

پێنج خاڵ بۆ چارەسەری "كێشەی كورد" لەلایەن ئۆپۆسیۆنی توركیاوە‌

پەیسەر

کەمال کڵچدار ئۆغڵو، سەرۆکی گشتی پارتی گەلی کۆماری "جەهەپە" كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە، دانبەوەدا دەنێت كە کێشەی کورد لە وڵاتەكەیدا هەیە و دەڵێت چارەسەری دەکەین.


کەمال کڵچدارئۆغڵو، لە كۆبونەوەیەكدا لەگەڵ نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و سەندیکا پیشەیەكانی ئامەد وتارێكی پێشكەش كرد و وتی "کێشەی کورد چارەسەر دەکەین، بۆ چارەسەرەکەش پێنج خاڵی خستەڕوو.

خاڵەكان:


یەكەم:دانپێدانان بە بوونی کێشە، چونکە دانپێدانەنان هیچ کاتێک نابێتە هۆکارێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد. 


دووەم: دیاریکردنی سەرچاوە و شوێنی چارەسەرکردنەکەو پەرلەمانی تورکیا تاکە شوێنە بۆ ئەوەی کێشەی کورد چارەسەر بکات.


سێیەم: ئەو کەسەی بەرپرسیارێتیی چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە ئەستۆ دەگرێت، دەبێ راستگۆ و دروست بێت، کە مەرجی هەرە گرنگی چارەسەرکردنی پرسی کوردە.
 

چوارەم: ئەو کەسەی کار لە پرسی کورد دەکات، نابێت ئەجێندای شاراوەی هەبێت یان مەرامێکی نادیاری هەبێت. بۆ نموونە تەنیا بۆ کۆکردنەوەی دەنگ و بەهێزکردنی پێگەی خۆی ئەم کارە بکات و دوای گەیشتنی بە مەرامەکانی، دەستبەرداری ئەم بابەتە بێت.
 

پێنجەم: کەسی بەرپرسیار بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد دەبێ راشکاو و شەفاف بێت لە لێدوان و بڕیارەکانیدا. دەبێت قۆناخ بە قۆناخ رای گشتیی لە پێشهاتەکان ئاگادار بکاتەوە.

 
ئەمە جاری یەكەم نیە كڵچدار ئۆغلۆ دان بە بونی كێشەی كورددا دەنێـ، ساڵی رابردووش بە هەمانشێوەی باسیلەوەكردبوو، لەگەڵ هەدەپە كێشەی كورد چارەسەر دەكەن.


لەبەرامبەردا دەوڵەتی باخچەلی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی پارتی بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی (مەهەپە)، هاوپەیمانی ئەردۆغان ، پێشتر رایگەیاندبوو، "شتێك نییە بەناوی كێشەی كورد، ئەوەی بڵێت كێشەی كورد هەیە، نامەردە".
 

ساڵانی 2004 و 2005 ئەردۆغان دەستەواژەی كێشەی كوردی بەكارهێنا، بەڵام دواتر لەمە پەشیمانبوەوەو لەلای پارتی دادوگەشەپێدانی فەرمانڕەوا لە توركیا كێشەی كورد نیە بەڵكو "كێشەی تیرۆر" هەیە.


ساڵی رابردو، ئەردۆغان، لە ئەمریكا و لە دیمانەیەكی تەلەفزیۆنیدا باسیلەوەكرد "لە توركیا شتێك نییە بەناوی كێشەی كورد، ئێمە دەمێكە ئەو كێشەیەمان چارەسەر كردووە".