کوردستان

10:34 - 24/03/2022

رێبەر ئەحمەد: بەڵێندەدەم کار بکەم لەپێناو چەسپاندنی بناغەی دەوڵەتێکی مۆدێرن‌

پەیسەر

زەمەن

رێبەر ئەحمەد کاندیدی هاوپەیمانی رزگارکردنی نیشتمان بۆ پۆستی سەرکۆماری عێراق، رایگەیاند، شانازی دەکات کە بووە بە کاندیدی هاوپەیمانی رزگارکردنی نیشتمان و بەڵێنی ئەوەی دا کە کار بکات بۆ چەسپاندنی بناغەی دەوڵەتی دامەزراوەیی مۆدێرن.


رێبەر ئەحمەد دوای راگەیاندنی کاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرکۆماری عێراق لەلایەن هاوپەیمانی رزگارکردنی نیشتمانەوە، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە.

کاندیدی هاوپەیمانی رزگارکردنی نیشتمان بۆ پۆستی سەرکۆماری عێراق، رێبەر ئەحمەد نووسیوویەتی "شانازی دەکەم کە متمانەی هاوپەیمانی رزگارکردنی نیشتمانم بەدەستهێنا بۆ کاندیدکردنم بۆ پۆستی سەرکۆمار".

رێبەر ئەحمەد راشیگەیاندووە "بەڵێن دەدەم کار بکەم لەپێناو چەسپاندنی بناغەی دەوڵەتێکی دامەزراوەیی مۆدێرن کە خواستی هاووڵاتییان دەیبهێنێت".
کاندیدی هاوپەیمانی رزگارکردنی نیشتمان بۆ پۆستی سەرکۆماری عێراق لە کۆتایی پەیامەکەیدا نووسیوویەتی: "سەرکەوتن لە خوداوەیە".

ئێوارەی دوێنێ‌ چوارشەممە 23ی ئازاری 2022، هاوپەیمانی سەروەریی سوننەکان و پارتی دیموکراتی کوردستان و فراکسیۆنی سەدر پێکهێنانی "هاوپەیمانی رزگارکردنی نیشتمان"یان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق راگەیاند.

حەسەن عەزاری سەرۆکی فراکسیۆنی سەدر لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیی هاوبەش لەگەڵ نوێنەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوپەیمانی سەروەریی، راگەیەندراوی پێکهێنانی هاوپەیمانییەکەی خوێندەوە و رایگەیاند، رێبەر ئەحمەد کاندیدی هاوپەیمانییەکەیە بۆ پۆستی سەرکۆمار و محەمەد جەعفەر سەدر کاندیدە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران.

بڕیارە رۆژی شەممە ٢٦ی ئادار، دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرکۆماری نوێی وڵاتەکە بەڕێوەبچێت.